حاڵی سوڵتان قابووسی کوڕی سەعیدی کوڕی تەیمووری ئال سەعیدی (حەفتاونۆساڵە)ی عوممان، باش نییە و نەخۆشی سەرەتان لە کۆتایی نزیک کردۆتەوە.
پەککەوتن و مردنی ئەو، لە نائارامی دیکە بۆ دۆخی کەنداو و ئێران و عێراق و ناوچەکە زیاتر دەکات.
دبلۆماسییەتی نهێنی و دانووستاندنی ژێرەکی لاواز دەبێت و کێشەسازتر دەبێت... ئەو دوور لەمیدیا هەمیشە لەبری هەڵوێستی بەرز، هێزی بە میانجیگەری دەدایە وڵاتەکەی، نێوانیی نەیارەکانی وەک "ئیسرائیل٭عەرەبەکان ئەمریکا٭ئێران، قەتەر٭سعودیە، عێراق٭کەنداو ...تاد" دەکرد و کۆیدەکردنەوە...
فریادڕەسێکی باشی ئێران و ئیسرائیل بووە لە سەخترین دۆخەکاندا تاڵە مووی مەعاویە و ئاوی کوژێنەرەوە ئەم بوو. تەنانەت نەتەنیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بانگهێشت کردە مەسقەت.
ئێستا نەخۆشە و دیاریکردنی جێنشینیش هەروا ئاسان نییە، چونکە؛
یەکەم: ژنەکەی کە کچەخاڵیشی بوو، هیچ کوڕێکی پێنەبەخشی.
دووەم: متمانەی بە کەس نەبوو، لە یەک کاتدا هەم سوڵتان، سەرۆکی وەزیران و وەزیری خەزێنەش بوو.
سێیەم: خۆی هەمەکارە بوو سەرجەم پەیوەندییەکانیشی لەسەر سەلیقەی خۆی ساز دەدا، ئەمە کێشەساز دەبێت بۆ جێنشین و بەڕێوەبردنی ئایندەی عومان.
دەوترێت، دوای خۆی سندوقێکی نهێنی جێهێشتووە و نامەیەكی مۆرکراوی تێدایە و ناوی جێنشیی دیاریکردووە و هێشتا نەکراوەتەوە.
ئێستا هەموو عوممان سەرانی عەرەب و بەتایبەتر ئێران(چونکە بەهاوڕێی فریادڕەسی دبلۆماسیییەتی ئێران ناوی دەبەن) چاوەڕێن کێ جێنشینی سوڵتانە ئاڵۆزەکە بێت.
گومانەکان بۆ ئامۆزاکەی (ئەسەد بن تاریق) دەچن کە جێگری سەرۆکوەزیرانە، ببێتە جێگرەوەی سوڵتان، پاش ئەویش ناوی ئامۆزایەکی تر و ئامۆزازایەکی دیکەی دێن.
سیستمی سیاسیی عوممان، پادشایەتی موتڵەقە و ڕوبەرەکەی 309,500کم۲یە، مەسقەت پێتەختییەتی، ژمارەی دانیشتووانی 4600000 و قوسورێکە.
دینی خەڵک ئیسلامە نزیکەی حەفتا لە سەدی لەسەر مەزهەبی ئەبازیین و دووایین میراتگری خەواریجەکانن و بە نزیک لە ئەهلی سوننە دادەنرێن. لەڕووی نەژادەوە زۆرینەی عەرەب پاشان بەلوچ و کەنارییەکانن.
درووشمی وڵاتەکە: خوا، نیشتمان و سوڵتانە.
1263 جار خوێندراوەتەوە