پێویستە قوباد تاڵەبانیی وەڵام بداتەوە


لە سیڤیی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانیی لە ماڵپەڕی رەسمیی رەسمیی حکومەتدا، گەورەترین دەستکەوتی تاڵەبانیی لە چوار ساڵی کارکردنی لە کابینەی پێشودا، تەئکید دەکاتەوە کە "بەشی گەورەی پرۆژەی قوباد تاڵەبانیی،" بەرنامەی بایۆمێتریی بوە. هەروەها بانگەشەی ئەوەش دەکات کە بە هۆی بایۆمێترییشەوە "50 هەزار پلەی وەزیفیی وەهمی سڕایەوە و ملیۆنەها دۆلاری مانگانەی بۆ حكومەت گێڕایەوە." هەرچەندە کابینەی رابردو ماڵوێرانکەرترین کابینە بو، بەڵام ئەگەر ئەو بانگەشەیەی تاڵەبانیی راست بێت، دەکرێت تاڵەبانیی بۆ خۆی وەک دەستکەوتێک تەماشای بکات لەناو کابینە ماڵوێرانکەرەکەدا.

بەڵام ئەوە پێناچێت تەواوی چیڕۆکەکە بێت. بانگەشەیەکی وا پێویستی بە رونکردنەوەی ورد هەیە. من واز لەوە دێنم ئەگەر پەنجا هەزار پلەی وەزیفیی وەهمیی سڕاوەتەوە، ئەی بۆچی کەسێک لەسەر ئەو گەندەڵییە گەورەیە دادگایی ناکرێت، بەڵام دو سێ لێدوان لە رابردودا ئەوە دەهێنێت تاڵەبانیی بخەیتە بەردەم بەرپرسیارێتیی بڵاوکردنەوەی رونکردنەوەی زیاتر لەو بارەیەوە.

ئەندامێکی پارلەمان لە فراکسیۆنی پارتیی -هەڵە نەبم هێڤیدار ئەحمەد بو- رەتیکردەوە بایۆمێتریی پڕۆژەیەکی سەرکەوتو بوبێت یان پلەی وەزیفیی وەهمیی وای سڕیبێتەوە. ئەو چەند رۆژەی رابردوش هەفتەنامەی زەمەن رایگەیاند کە حکومەتی هەرێم کار بە بایۆمێتریی ناکات.

پرسیارەکان لە تاڵەبانیی ئەمانەن:
- بۆچی ئەو لیستە بڵاوناکەنەوە کە دەیسەلمێنێت پەنجا هەزار پلەی وەزیفیی وەهمیی سڕاوەتەوە؟
- بۆچی دەنوسن ملیۆنەها دۆلار بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە، بۆچی بە داتا نانوسن، ئەرکێکی قوڕس نییە و ئەوپەڕی ئیشی رۆژێکە فەرمانبەرێک لەسەر کۆمپیوتەرێک دابنیشێت.
ئینجا، ئایا بە ڕاستیی حکومەتی هەرێم بەتەمایە ئەو بەرنامەیە هەڵبوەشێنێتەوە؟ ئەگەر بەڵێ، دەبێت هۆکارەکانی بزانین. ئایا هۆکارەکان ئەوەن مەسڕوڕ بارزانیی دەیەوێت ئەوە نیشانبدات هەمو "چاکسازیی"یەک لەوە دەستپێدەکات، یان بەڕاستی
پڕۆژەیەکی فاشیل بوە.

ئەم بانگەشەیەی هەفتەنامەی زەمەن تاڵەبانیی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەک کە پێویستە شەفافانە ئەو ناو و پلە وەزیفیی و موچانە ئاشکرا بکات کە دەڵێت پەنجا هەزار پلەی وەزیفیی وەهمیی سڕاوەتەوە. هەر بەڕاست بۆچی "پەنجا هەزار"ی خشت بۆچی "چل و نۆ هەزار و پێنجسەد و پەنجا و دو" نا، چونکە ماڵپەڕی حکومەت نەینوسیوە بەنزیکەیی.

ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی بایۆمێتریی راست بێت، من هیچ توشی گومان نابم، زۆر لە بەرپرسانی دونیا هەن کە دێن بۆ لێدان لە حکومەتی پێشو و کەسایەتییەکان هەمو شتەکان رادەماڵن، وەک سەرۆکی ئەمریکا تڕامپ کە جیهانی توشی قەیرانێکی گەورە کرد بە هۆی کشانەوەی لە رێککەوتننامەی چەکی ناوەکیی لەگەڵ ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا، مەسڕوڕ بارزانییش دەبێت بۆمان رونبکاتەوە بۆچی تاکە دەستکەوتی حکومەتی پێشو هەڵدەوەشێنێتەوە، ئایا بەڕاستیی بەرنامەیەکی فاشیل بو یان هەر ئەوەیە دەیەوێت وای نیشانبدات هەر خۆی پیاوی دەوڵەتە و ئەوەی رابردو کراوە تەنها ماڵوێرانکاریی بو.

2018 جار خوێندراوەتەوە