بۆچی شوتیی پێنجوێن بێبایخدەکەن؟

(بەدەواجینهێشتنەوەی کوردستان لە سوککردن و بێبایەخکردنی بەرهەمی ناوخۆوە دەستپێدەکات)

لە ئێستادا هەرێمی کوردساتن بە دۆخێکی باشدا ناڕوات، هەر هاوینمان لێدێت، ئێران ناوچە سنورییەکان و پوش و پاوەنەکانی سنوور دەسوتێنێت، تورکیا، بەناوی پەکەکەوە، ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەسوتێنێت و دەیەوێت سەوزاییبڕی بکات، بەنداو لەسەر ئاوەکانی هەرێم و ئێراقیش دروستدەکەن و دەیانەوێت ئاوبڕیشی بکەن، ئاوبڕ بۆ؟ چونکە کورد دەمێکە وتویەتی(ئاوەدانی)، ئاو+ە+دان← ئاوەدان. واتە کورد دەمێکە پێی وایە لە هەر شوێنێک ئاو هەبێت، دان(دانەوێڵە)یش دەبێت، کە ئەم دوانەش هەبوون؛ ئەوا (ئاوەدانی) و ژیانی مرۆڤیش لەوێیە. وشککردنی ئاوەکان، لەهەمان کاتدا، وشککردنی ژیان و ئاوەدانیشە، دراوسێکانمان(وەک دەسەڵات) خوا هەڵناگرێت وەک موسڵمانێک دراوسێیەتی دەپارێزن!!

ئەمە زۆر خەتەر نییە و لەناو سیاسەتێکدا کە ئەخلاق جێی نەبێتەوە، ڕەفتاری دراوسێکان زیاد لەوە چاوەڕوانکراویشە، پرسه‌کە ئێستا درێژبۆتەوە بۆ سوتاندن و لەناوبردنی بەشەکانی تری کوردستان، ئەم ماوە گرتە ڤیدیۆییەکمان بینی کە چۆن کوردانی ڕۆژهەڵات چەند کەسێک دەگرن و کوردنین، پوش و پاوانی ئەو ناوچەیەی کوردستانیان سوتاندوە، دەست و چاوی کوردە دەڵسۆزەکان خۆش، پێیان دەکوژێننەوە!!

لە ئێستادا ئەم دوو وڵاتە دەیانەوێت ئەوەی بەرهەمی ناوخۆی ئەم وڵاتەیە شکستی پێبهێنن و هەموو کاڵا ئێکسپایەر و بەسەرچووەکانی خۆیان لێرە ساخبکەنەوە، ئاخر ماقووڵە هەولێر باشترین ماستی هەبوو، ئێستا ماستە بۆگەنی تورکیا و ئێران بازاڕی هەرێمی داگیرکردووە؟! ماقووڵە ئێمە خاوەنی هەناری ساڵەخان بین و لە تورکیاوە هەنارێکی ناسروشتیمان بۆ بێت کە دەڵێی شروبە؟! ماقووڵە ئێمە خاوەنی گوێزی هەورامان بین گوێز لە شیللی و ئۆکرانیاوە بێت و هی هەورامانیش هیچ؟! ماقووڵە ئێمە شاهەنجیرمان هەبێت و هەنجیری نائۆرگانیی تورکیا ئێستا بازاڕی پڕکردوە؟! ماقووڵە ئێمە خاوەنی باشترین زەویی کشتوکاڵیین و بەرهەمی میوە و سەوزەی ئێران و تورکیای کیمیایی و نائۆرگانیی دەخۆین؟

لە ئێستادا کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان؛ خۆیان و خۆڕسکانە؛ بزوتنەوەیەکی کشتوکاڵییان دەستپێکردووە و حکومەتی هەرێم کەمترین هاریکاری کردوون، ئەم بزوتنەوە کشتوکاڵییە، ئەگەر پەرەی پێبدرێت، هەرێم دەبێتە هەرێمێکی بەرهەمهێن و لەو بەکاربەرە نەرێنییەوە دەپەڕێتەوە بۆ هەرێمێکی بەرهەمهێن. بەڵام لە ئێستادا هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ لەباربردنی بەرهەمی ناوخۆ، کێشەکە هەر ئەوە نییە، لەناوەوە هاریکاریی دەرەوە دەکەن بۆ ئەوەی هەرێم هیچ نەبێت جگە لە دەواجینێک، دەواجینێک کە خەڵکەکەی وەک پەلەوەرێک لەدەرەوەی دەواجینەکە خواردنیان بۆ بێت، ئیتر هەرکات ویستیان ئەم دەواجینە بفرۆشن، هەرساتێ ویستیان باڵندەکانی ئەم دەواجینە سەرببڕن، سەریان ببڕن، هەر کات ویستیان قەڵەویان دەکەن وهەر کات ویستیشیان لەڕولاوازیان دەکەن!!

هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا خاوەنی کۆمەڵێک سیاسیی فاشلن، کۆمەڵێک بازرگانی فاشل لە سایەیاندا هەڵتۆقیون، ڕاستەوخۆ ئاو ده‌كه‌ن به‌ ئاشی بەدەواجینهێشتنەوەی هەرێم و لەباربردنی هەر هەوڵێک بۆ خۆژێنی و بەپێوەڕاوەستانی هەرێمی کوردستان.

خەتەرەکە لە ناوەوەیە، هەندێک لە سیاسی و بازرگانە چاوچنۆکە ناوخۆییەکان، بەهەموو توانایانەوە خەریکی شکاندنی هەر بەرهەمێکی ناوخۆیین، کە خەڵکی زەحمەتکێش و خێرلەخۆنەدیوی ئەم وڵاتە؛ بە ئارەقی ناوچاوانی خۆیان و بەخوێنی خۆیان بەرهەمی دێنن.

بۆ چەند ساڵێک دەچێت خەڵکی پێنجوێن، لێبڕاوانە بزوتنەوەیەکی کشتوکاڵیی خۆڕسکیان بەرهەمهێناوە، باشترین و بەتامترین جۆری تەماتە، شووتی، کوولەکە، لۆبیا، کاڵەک، خەیار، ترۆزی، بیبەر.... بەرهەمدێنن، بەروبومی پێنجوێن ئەوەندە بەناوبانگبووە خەڵک وەک ڕیکلام بەکاری دێنن. وەک نوکتەیەکی خۆش؛ هاوڕێیەکم لە گەرمیانەوە وێنەی نوسراوی خورمای دوکانێکی بۆ ناردبوم نوسراوبوو(خورمای پێنجوێن!)، ئەم ناوچەیە بەڕادەیەک زەویی بەپیت و ئاوی سازگاری هەیە، کە لە وەرزی پێگەینی بەرهەمەکاندا؛ ڕاستایی هەرێم و زۆر لە ئێراقیش دەکات. بەڵام ماوەیەکە لەناوەوە کۆمەڵێک فاشل و چاوچنۆکی بێبەرهەم، کە بێگومان چەند بەرپرس و بازرگانێک ئەمە دەکەن، خەریکی شکاندن و لەباربردنی ئەم بەرهەمە خۆڕسکەن و دەیانەوێت بڵێن ئەم بەرهەمانە ناسروشتین و نائۆرگانیکن، تا لە ئێران و تورکیاوە خۆیان خەریکی بازرگانییە بێسەربەرەکەی خۆیان بن، وەک بازرگانە سیاسییەکانمان ئەوەی لە ئێران و تورکیاوە دەیهێنن فرە ئۆرگانیک و سروشتیبن!!

حکومەتی هەرێم، جگە لەو هەموو ئەرکە جۆربجۆرانەی کە دەبوا بیکردنایە، ئەرکێکی قووڵی ئەخلاقییشی لەسەرە، دەبێت ڕێ لەم دزو چەتانەی ناوخۆ بگرێت و نەهێڵێت بەسەر لاشە و ماندوبونی جوتیاری هەرێمدا؛ بەرهەمە گەنیوی دەرەوە ڕەواجی پێبدرێت و هەرێم هەر بە دەواجینی بمێنێتەوە، ئەگەر هەرێمێکتان دەوێت سەرکەوتوو و خۆژێن، ئەوا هیچ مەکەن، ڕێ لە چەتە و مافیاکانی ناوخۆ و بازرگانە-سیاسییەکان بگرن، با چێژ لە بەرهەمە ناوخۆییەکانمان وەربگرین، خودا گوێیەک بدەیت بەم حکومەت و دامودەزگایانەی هەرێم شتێکی باش کە دەیبیستن، بۆ میللەتە بەدبەختەکەیان جێبەجێی بکەن، مەدەد خودا!!

 

 

225 جار خوێندراوەتەوە