شۆڕشی فەڕەنسا، گەورەترین ڕوداوی سیاسی


شۆڕشی فەڕەنسا لە ١٤ی تەموزی ساڵی ١٧٨٩زاینی، بەیەکێک لەگەورەترین لەڕوداوەکانی مێژوی مرۆڤایەتی دادەنرێت کە چەرخێکی نوێی لە ئازادی و برایەتی هێنایە گۆڕ، کودەتایەکی ڕامیاری و شۆڕشێکی جەماوەری بوو كەتەواوی كۆمەڵگای فەڕەنسی گرتەوە، شۆڕشەكە کاریکردە سەر ھەموو جیھان و بە جارێک ھەموو جیھانی گۆڕی، شۆڕشی گەل لەماوەی حوکمی لویسی شانزەهەم دا هەڵگیرسا کەڕەگ و ڕیشەی لەناڕەزایێکی جەماوەریەوە لەدژی چەوسانەوە و دڕندەی چینی ئۆرستۆکڕاتی و حاکمەکەوە سەرچاوەی گرتبوو.

لەڕۆژی ١٤ی تەمووزدا جەماوەر گەمارۆی زیندانی باستیلیاندا کە گەورەترین زیندانی حوکومەت بوو دوای چوار کاتژمێر لە گەمارۆدان بەزۆر دەرگای زیندانیان شکاند و هەرچی زیندانی بوو ئازادکران، ڕوخانی ”باستیل” نیشانەیەکە بۆ كۆتایی هێنان بەزوڵم و زۆری تائەمڕۆش ڕۆژی ڕوخانی باستیل پشوی ڕەسمی ئەو وڵاتەیە و بەوبۆنەیەوە ئەمڕۆژە وەکو ڕۆژی نیشتیمانی فەڕەنسا دیارکراوە.

ئازادی، برایەتی و یەکسانی، ئەمانە ئەو سێ دروشمە بوون کە لەشۆڕشی فەڕەنسیدا بەرزکرابوونەوەو شۆڕشگێڕەکان ھەڵگری ئەم دروشمانە بوون و لەو کاتەدائەم دروشمانە چەند پرەنسیپێکی جوان بوون کە گوێی گەلانی دنیای کەڕکردبوو ببوو بەھۆکارێک بۆ ھۆشیارکردنەوەی گەلانی دنیا بەرامبەر داگیرکەران، ھەروەھا ئەم دروشمانە نەک بەتەنھا بۆ فەڕەنسا، بەڵکو بۆ سەرجەم ئەوروپا بوو بەمیراتێکی گەورە.

ئەم شۆڕشە ھەربەڕاستی خاڵی وەرچەرخانی بنەڕەتیی بوو لەسیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەوروپا بەھۆی ئەوەی سنووری بۆ سیستمی پادشایەتی کۆن دانا، کە لەسەر چەوساندنەوە بنیاتنرابوو لەدەسەڵاتدا پشتی بەمافی خودایی بەستبوو، هەروەها دەرگای سیستمی ئازادیی و کۆماریی بەڕووی جەماوەرداکردەوە، کە لەبنەمای ئازادی گەلان و یەکسانی نێوان تاکەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو، چونكە دەستەواژەی دیموکراسی تا شۆڕشی فەڕەنسا دەستەواژەیەکی ئەدەبی بوو، بەڵام پاش شۆڕشی فەڕەنسی دیموکراسی بوو بە دەستەواژەیەکی سیاسی.

دوای ئەوەی شۆڕشگێران توانیان بەندیخانەی باستیل بڕوخێنن، هێزی شۆڕشگێڕان زیادی کرد تائەوەی توانیان دەستورێکی نوێ دەربکەن لەڕێساکانی ئازادی برایەتی و یەکسانی، پاشان ڕاگەیاندنی کۆماری و کۆتای هێنان بە پاشایەتی.

فاکتەرە بنەڕەتیەکانی ھەڵگیرسانی ئەو شۆرشە زۆربەی دەگەڕینەوە بۆ بارایی نادپەروەری كۆمەڵایەتی خەڵكەكە، بۆنمونە لە فەرەنسا سیستەمەكە پادشایی بوو، لەسەروبەندی شۆرشەكەدا رژێم پشتی بەو بەندو بڕگانە دەبەست کەلویسی چواردەھەم دایانڕشتبوو، بەم پێوەرە پابەندی ئەوە نییە كە کارەکانی نمایشی ھیچ کەسیک بکات، هەروەها ئازادیە سیاسی و  ئاینی و ئازادیەکانی تاک بونیان نەبوو.

هەروەها چینایەتی باڵی كێشابوو بوسەر كۆی كۆمەڵگای فەرەنسا، تەنیاچەند کەسیک سودمەندبون و بەری ڕەنجی خەڵکیان دەخوارد، كۆمەڵگای فەرەنسی دابەشكرابوو بۆسەر سێ چین، چینی ”پیاوانی ئاینی و شكۆدارەكان‌” ئەم دوو چینە نزیك لەپادشا بوون، هەروەها بەشێكی زۆری زەوی فەرەنسا لەلان ئەم دوو چینە دەستی بەسەردا گیرابوو، كەبەیەك لەسەر پێنجی كۆی زەوی فەرەنسا مەزەندە دەكرا، بەشێكی تری كۆمەڵگای فەرەنسا لەیەک چینی گشتیدا ریکخرابوون كە بەچینی ”سێ یەم‌” ناودەبران، ئەمانە بەرگەی ھەموو نەھامەتیەکانی وڵاتیان لەباجی قورس و خزمەتی سەربازی و خزمەتی کەلیسا و شکۆدارەکانیشیان لەسەرشان بوو.

لەكۆتایی شۆڕشەكەدا چەمكەكانی ئازادی و دادگەری كۆمەڵایەتی چەسپان، هەروەها دەسەڵات و فراوانخوازی خانەدان و پیاوانی ئاینی كۆتایی پێهات، فەڕەنسییەكان تائەمڕۆش لەهەموو ١٤ی تەموزێكدا ئاهەنگ دەگێڕن گرنگی و گەورەیی شۆڕشەكەیان بیری گەلانی دنیا دێننەوە، وە یادەوەری ئەم شۆڕشە بەجەژنی نیشیمان بۆ فەڕەنسیەكان ناسێنرا.

1736 جار خوێندراوەتەوە