بەپێی هەموو لۆژیکێک و لێکدانەوەیەک بەرواری (٢٥/٧/٢٠٠٩) گەورەترین حەدەسی سیاسییە لەمێژووی سیاسی نەتەوەکەماندا، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان لەمڕۆژەدا دەنگی "نا" ی بەجۆرێک بەرزکردەوە چووە گوێچکەی هەموو تاکێکی ئەم هەرێمەوە، شولی "نا"ی بەهێزێکی واتوند وەشاند کەدەریخست چیتر ئەم كۆمەڵگایە مەنزڵگای تاکڕەوی پەرستن نییە.
هەرلەسەرەتاوە ڕێڕەوەکانی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بریتی بوون لە چەسپاندنی بنەماکانی دێموکراسی و چەسپاندنی یاسا و قبوڵکردنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و بەسیستەماتیک کردنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگا، هەروەها دژی پاوانکردنی دەسەڵات و هەموو حوکمێکی عائیلی بوو.
بەدروست بوونی ئەم بزوتنەوەیە ئاوە پەنگخواردووەکانی کارلێکی سیاسی شڵەقان و گۆڕان بووە هەوێنی ئیرادە بۆ لایەنەكانی تر، بەوهۆیەش بزوتنەوەیەكە توانی ڕابەرایەتی گەورەترین دەنگی ناڕازی بکات، هۆکاری لێزانانەی ڕابەرانی بزوتنەوەکە و خۆنەوستییان، دوهێندە ئومێدێکی بڵند بوو بۆهەر تاکێک و بۆهەر هەڵسوڕاوێک کە بەدەنگە دلێر و زوڵاڵەکەی ئێستاش لەم سەنگەرە پڕ شکۆیەدا وانەی ئازادی و خۆشەویستییان بۆ گەل و نیشتیمان دوپات بکەنەوە.
لەهەموو ئەمانە گرنگتر کە بووهتە جێگا سەرسوڕمانی گەندەڵكاران، ئەوەیە کە هەموو هەڵسوڕاوێک و لایەنگرێک بەبێ ماندوو بوون و شەونخونی کردن بۆ سەرخستنی پرنسیبە باڵاکانی ئەم بزوتنەوەیە مەدەنییەی وەک "ئەرکێکی دینی و نیشتیمانی" وەرگرتووە.
گەنج لەناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان هیوایەکی جوانی هەڵچنی و توانی خۆی لەبڕیارە گرنگ و یەکلایی کەرەوەکاندا ڕۆڵ ببینێت، وایکرد چیتر گەنج لەم هەرێمە خۆی بەمیوان نەزانێت و چیتر تواناکانی لێ قەتیس نەکرێن ، دواتر گەنج ڕاهێنرا لەسەر کۆڵنەدان و مردن لەڕێگای بەدیهێنانی نانێکی شەڕەفمەندانە و بنیادنانی عناصرەکانی ئازادی و دەستاو دەستکردنی کورسی دەسەڵات.
لە هەمان سات و بەشێوازێکی زۆر کارا کەناڵێکی ئاسمانی بەناوی "knn" دەستی بە پەخش کرد، بزوتنەوەی گۆڕان ئەم سەکۆیەی کرد بەناوەندێکی گرنگ و دروست بۆگەیاندنی دەنگە ناڕازیەکان، ئیتر نوێگەری "knn" بەجۆرێکی وا پڕمتمانە و هیوا بەرەو پێش چوو کەئێستاشی لەگەل بێت بووە گەورەترین ڕێچکەی کەناڵی ڕەخنەیی لە هەرێمی کوردستان_عراق.
بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی بەرنامە و پڕۆژەکان و دید و بۆچونەکانیەوە، بەرنامە و پلانی لەبوارەکانی نشتیمانی کۆمەڵاتی و ئابوری و سیاسی و... دەخستە بەردەم لایەنەكان و حزب و حکومەت، کەدەکرا سود و قازانجێکی زۆری لێوەربگیرێت، بەڵام هەمیشە هەموو ئەمانە ڕەت دەکرانەوە چونکە دەبون بەمەترسی بۆسەرپێگەی گەندەڵکار و ناشایستەکان.
بزوتنەوەی گۆڕان بەهۆی ئەو متمانە زۆرەی کە خەڵک پێی بەخشیوە لەسەرجەم شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی ئەم کوردستانە هەڵسوڕاوی كارا و خۆنەویست و چاونەترسی بنیادناوە، کە شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەریەک بەبێ ماندوو بوون کار بۆ سەرخستنی سیستەمێکی نوێ لەكاری سیاسی و ئابووری دەکەن.
لەکۆتایدا، ئەمە سەلمێنرا كەدەرکەوتی بزوتنەوەی گۆران پاڵنەرێکی بەهێز بوو کەچیر تاک سڵ لەدەسەڵات نەکاتەوە، هاوشێوەی ئەو وتە جوانەی " تۆماس جێڤەر سۆن" کەدەڵێت:
لە هەرشوێنێک "خەڵک لە دەسەڵات ترسا" لەو شوێنە زوڵم حوکم ئەکات، لە هەرشوێنێکیش "دەسەڵات لە خەڵک ترسا" لەو شوێنە ئازادی حوکم ئەکات"!
2668 جار خوێندراوەتەوە