بەپێی بەرنامەی کاری بەشداری لە حکومەت، هەر پارت و لایەنێکی سیاسی بۆی هەیە بەشداربێت لە حکومەت، عادەتەنیش لەنێو هەر پارتێکی سیاسیدا کۆمەڵێک ڕاو بۆچونی جیاواز دێنە بەرباس وگفتوگۆ لەبەشداریکردنی حکومەت یانیش بەشداری نەکردنی، هەرچۆنێکیش بێت وەک چۆن مەخرەجێک لەنێو تەواوی ئەو پارت و لایەنە سیاسیانە دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بەرنامە و کاری سیاسی حیزبەکانیان بۆ حکومڕانی لەو کابینە تازەیە پێشکەش بکەن، بەهەمان شێوە بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەومافەی هەیە.
بە گشتیش هەم حکومەت بەرنامەی خۆی هەیە، هەمیش حیزبەکە کۆمەڵێک پێوەری دیار دەکاتە مەرج بۆکەسانێک کە دەیانەوەێ بەشدار بن لە پڕۆسەی سیاسی وحوکمڕانی هەرێم، لەدیارترینیشیان لانی کەم پێوەری بڕوانامەی کەسانێکە کاتێک CV پڕدەکەنەوە بۆئەوەی بەشداری بکەن لەم کابینەیە تازەیە، لەگەڵ ئەوەشا پسپۆڕی وخیبرە و لێهاتویی و شیاویەتیش ئەکرێتە مەرجی لە پێشینەی بەربژێرەکان.
بەدەر لەوە هەم بۆ حکومەت هەم بۆ حیزبەکانیش کاتێک دەیانەوێت بەشداری بکەن لەو حکومەتە، ئەزمونی پێشوتری ئیدارەی حکومەت و کەسێتی ئەوانەشی کە رۆژانێک بەرپرسیارێتیان وەرگرتووە ئەکرێت دیسان ببێتە دەرس و عیبرەت بۆحیزب، وەک چۆن هەندێ جار بەریەک کەوتنی سیاسیش لەنێوان پارت و لایەنە سیاسیەکان دروست دەبێت کار دەگاتە حاڵەتێک هەوڵدەدرێت هەندێک لەو حیزبانە ناچار بەوە بکرێن بەشداری پێکردنیان لە حکومەت ئەستەم بێت، بەهەمان شێوەش لەنێو خودی یەک حیزبیشا لەوانەبێت شتی وا ڕوبدات.
بە هەرحاڵ مەعلومە، کە حکومەت لێژنەیەکی هونەری پێکدەهێنێت بۆ بەشداری پێکردنی کەسانێک کە دەیانەوەی نموزەجێک لە بەرپرسیارێتی بۆ حکومڕانیەتێکی تەندروست پێشکەش بکەن بە وڵاتەکەیان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و هاونیشتمانیانی خۆی، هەروەها لێژنەیەکی تری تایبەت بەدابەشکاری موحاسەسەی حیزب وەک پشک و ڕێژەی بەشداریان لە حکومەتەکە دروست دەکرێت، جگە لەوەش جوگرافیای ناوچەکانیش بەپێی ڕێژەی دەنگدەرەکان لەو ناوچانە لەبەرچاو دەگیرێت، هەموو ئەمانە شتی شکڵین، واتا بەگشتی هەوڵ دەدرێت ئەندازەی دابەشکاریەکە بۆ تەواوی پۆستە وزاری ومحەلیەکان ئەوپەڕی دادپەروەری تێدا جێبکرێتەوە.
ئەوەی گرنگە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان چەندێک لەو ڕووبەرە گەورەیە وەک پانتایی چاکسازی لە گۆڕەپانی سیاسی و بەشداریکردنی لەو حکومەتە بۆ جێ دەکرێتەوە؟
سەرکردایەتی حیزب لە ڕێی وەفدی دانوسانکاری ڕاسپێردراو هەڵبژێردراو بۆ بەشداریکردن لەو حکومەتە لەلایەن دەسەڵاتەوە یانیش براوەی یەکەمی هەڵبژاردن بەپێی دەرەنجامی گفتوگۆ و دانیشتنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەت وسیناریۆی دابەشکاری پۆستە سیادی و وزاریەکان لەنێو هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم کەخۆی دەبینێتەوە لەسیادەی سەرۆکایەتی هەرێم وسەرۆکایەتی حکومەت وسەرۆکایەتی پەرلەمان، جگە لەوەش ئەکرێت پۆستی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشیش بخرێتە سەرمێزی گفتوگۆ و نێو پوستە سیادیەکانەوە، وەک هەر موئەسسەیەکی تری باڵای ئەو وڵاتە سەیر بکرێت، لەسەروو هەموو شتێکیشەوە شۆربونەوەی بەشکداریکردنتە لەو حكومەتە و چۆنیەتی جێکردنەوەو ڕەنگدانەوەی بەرنامە و پڕۆژەی کاری لە پێشینەت لە بانگەشەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەو بنەمایانەی، کە بزوتنەوەکەت لەسەری دامەزراوە، هەروەها ئەزمونی حکومڕانی جاری پێشوترت، وەک چۆن ئەولەویەتی کاری بەشداری کردنت لەو حکومەتە چاکسازی و خزمەتکردنە بە هاونیشتمانیان، بەهەمان شێوە ئەشێت تۆ جیاواز بیت لە هەموان، پێوەر و فلتەری کەفائەو دڵسۆزی لەسەروی هەموو شتێکەوە بێت.
گۆڕان بەچ میکانیزمێک؟
بەچەند پاکێچ پڕۆژەکانی بەشداریکردنی لە حکومەت پێشکەش دەکات؟
هەندێک جاریش لەوانەبێت بەدانانی سەرۆکی وەفدی دانوسانکاری لایەنە سیاسیە براوەکانی دەسەڵات هەندێک شت ڕونبێتەوە کەئاخۆ نیەتی ئەوان چیە لەبەشداریکردنی تۆ.
گۆڕان کێ دەنێریتە حکومەتەوە؟
هەموو چاوەکان لەسەر هەڵوێست و بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانن لە چۆنیەتی بەشداری کردنی لە حکومەت، هەر ئەوەشە گەورەیی ئەو بزوتنەیە دیاریدەکات، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی پڕۆژەیەکی گەورە ودورمەودای سیاسی و حکومڕانیە بۆداهاتووی هەرێم لە چاکسازی و ڕاستەڕێکردنەوەی سیستمی حکومڕانی هەرێم، دەسەڵات بەدرێژایی 10 ساڵی تەمەنی دامەزراندنی هەموو شتێکی بەرانبەر بەو بزوتنەوەیە تاقیکردۆتەوە، بەڵام خۆشبەختانە بزوتنەوەکە لەسەرپێی خۆی وەستاوە و بە بچوکترین خاڵیش سازشی نەکردوە لەسەر بەرنامە سیاسیەکەی و ئەو سەوابتە نەگۆڕانەی باوەڕی پێیەتی و لەسەری دامەزراوە، ئەشێ لەمەودوا ئاڵنگاری گەورەتری بۆ دروست بکرێت، دەستگرتن بەتەواوی بەرنامە وئەو مەبادیئانەی کەبزوتنەکە لەسەری دامەزراوە، هەمیش ئەو خەباتە مەدەنیەی، کە رەونشاد نەوشێروان مستەفا بۆی تێدەکۆشاوە ئەبێت کاری لە پێشینەی هەڵسوراوان بێت.
ئەوانەی کە باسیان ناکەین
حەقیقەتێک هەیەو حاشای لێناکرێت لە هەموو دنیادا لەنێو تەواوی پارت و لایەنە سیاسیەکان کەسی هەڵپەرست و پۆست پەرست هەن، کەسانێکیش هەن لەوانەبێت وەک مینێک تەوقیت کرابێتن، لەهەر کاتێکیشدا ئەگەر هەیە پەنجە بخرێت بەسەر دوگمەی ئەو لوغمە چێنراوانە و لە کۆتایشدا کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی پڕۆسە سیاسیەکەی حیزب جێدێڵێت، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕانیش بەدەرنیە لە وجودی ئەم جۆرە کەسانە لەناویدا، بەڵام لەبەر ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرە و جەمارەکەشی پێکهاتووە لەکۆمەڵێک کەسی خەمخۆر و خاوەن موعاناتی زۆر وکەسانێک هەن تێیدا شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەریەک بۆ سەرخستنی ئەو لیستە وکارو بەرنامە و پڕۆژەکانی ئەوحیزبە، ناشکرێت ڕودانی حاڵەتی لەم شێوەیە و دوبارەبونەوەی جارێکی تریش هەروا بەئاسانی تێپەڕێت، لەئەگەری یەکلابونەوە و بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەو حکومەتە هیچ نەبێت لانی کەم CVی کەسەکان با بەچەند فلتەرێکدا تێپەڕێت.
986 جار خوێندراوەتەوە