خیانەتی (3)ی ئاب و جینۆسایدی شەنگال


لە رۆژی 3ـی ئابی  2014 دا كە چەتەكانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش بە رێككەوتنێكی ژێر بە ژێری لەگەڵ چەند لایەنێکى ناوخۆیى و دەوڵەتانی ئیقلیمی ناوچەكە، هێرشیان كردە سەر شەنگال و لەگەڵ ئەوەشدا كە هێزێكی زۆری پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شەنگال هەبو لە ماوەی چەند سەعاتێکى كەمدا شەنگالیان رادەستی داعش كرد، بەڵام لەلایەن گەریلاكانی هەپەگەوە بەرگری كرا، بە جۆرێك بە تاكتیكێكی سەربازی پارتیزانی سەركەوتو توانرا بەشێكی خەڵكی شەنگال لە خوشك و برا ئێزیدیەكان رزگار بكەن، دواتر شەنگال بە تەواوی رادەستی داعش كرا، بەڵام بە هەزاران ئێزیدی بۆ رزگاربون لێیان و نەكەونە ژێردەستی داعش پەنایان بردە بەر چیای شەنگال كە نزیكەی (140) هەزاریان بۆ ماوەی زیاتر لە (10) رۆژ  بێ نان و بێ ئاو، لە چیای شەنگال گیریان خوارد.

ئێزیدیەكان لە چیای شەنگال لەلایەن داعشەوە گەمارۆ درابون، بەڵام دواتر لەلایەن گروپێكی پارتیزانی گەریلاوە توانرا رێگری لە پێشڕەویەكانی داعش بكرێ‌ بۆ سەر ئێزیدیەكان لە چیای شەنگال، پاشان هێزێكی دیکەى گەریلا هاتنە پشتیوانی و توانیان ریگەیەك بكەنەوە و هاوڵاتیانی ئێزیدی دەربازی رۆژئاوای كوردستان بكەن، لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شەنگالیشدا گەریلاكان رۆڵى سەرەكیان هەبو.

چەقی ئاینی ئێزیدییەكان لە عێراق لە روی ئاینیەوە پەیوەستن بە خاكی (لالش)، كە وای ئەژماردەكەن پێش هەمو كەسێك بۆ ئەوان و تەواوی ئێزیدیەكانی جیهانە، سەرژمێریەكانی ئێزیدی لە عێراق زیاتر لە (500) هەزار كەسن و لە سەرەتای كەوتنی شەنگال (6417) كەس كەوتنە دەستی داعش، لە ماوەی سێ‌ ساڵی رابردودا (3092) ئێزیدی لە دەستی داعش ڕزگاریان بوەو تا ئێستا (3325) كەسیان لە دەستی چەكدارانی داعش ماونەتەوە و چارەنوسیان نادیارە.

ئاماری هاوڵاتیانی ئێزیدی لە عێراق؛ ژمارەیان (550) هەزار كەس بوە ، بەڵام ئێستاو دوای هێرشەكانی داعش زیاتر لە (360) هەزار كەس ئاوارە بون و (1293) كەس كوژراون و (1759) منداڵ بێ‌ باوك بون و (407) منداڵ بێ‌ دایك ماونەتەوە، هاوکات (359) منداڵ بێ‌ دایك و باوك بون، لەگەڵ ئەوەی (220) منداڵی ئێزیدی لە ژێر دەستی داعشدا ماون و تا ئێستا رزگار نەكراون ، كە بەشێكیان لەلایەن ئەو گروپەوە مەشق و راهێنانیان پێدەكرێت دەیانەوێت لە کردەوەکانیان بەکاریان بهێنن.

ئەو هاوڵاتیە ئێزیدییانەی بەهۆی داعش و بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە ئاوارە بون ژمارەیان گەیشتوەتە (90) هەزار كەس كە وڵاتیان جێهێشتوە و چونەتە دەرەوەی وڵات.

لە سەنتەری كۆكردنەوەی بەڵگەكان لە دهۆك زیاتر لە (2000) بەڵگە كۆكراوەتەوە و بە ڕونی دیاریدەكات كە ئەو تاوانانەی كراوە جینۆسایدە، ئامارێكی ئەو تاوانانەی خستەڕو كە دژی كوردانی ئێزیدی كراوە:-
- 793 حاڵەتی دەستدرێژی جنسی.
- 447 تجنیدكردنی منداڵان.
- 508 گۆڕینی ئاین كراوە.
- 67 تێكدانی مەزاری ئێزیدیەكان.
- 6000 رفێندراو لەوانە تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزاریان رزگار كراون.
-  لەگەڵ 1300 شەهید.

نزیكەی لە (25%) دانیشتوانی شەنگال توانیان لە شەنگال دەربچن، لە كاتێكدا كە نزیكەی (75%)ی كە دەكاتە نزیكەی (200) هەزار كەس لەناو قەزای شەنگال مابون، رویان لە چیای شەنگال كرد ، بۆ ئەوەی لە چەتەكانی داعش رزگاربن، كە زۆرینەیان لە دانیشتوانی قەزای شەنگال و سەنون و چەند گوندێكی سەربە قەزای شەنگال بون ، ئەوانەی لەسەر چیای شەنگال بون لە (95%)ی لە ئاینی ئێزیدی بون و (5%)ی شیعە و كریستیان و لە (40%)ی مناڵ و لە (2%)ی لەتەمەنی سەروی (60) ساڵەوە بون.

قۆناغەكانی جینۆسایدەكە
یەكەم: بێسەروشوێن كۆی گشتی ئەو كەسانەی كە بێ‌ سەرو شوێنن دەگاتە نزیكەی (5000)
پێنج هەزار كەس لە "مناڵ، پیاو، ئافرەت، لە هەمو تەمەنەكان" ، تا ئێستا نزیكەی " 600" كەس لەوانە رزگار كراون ، كە نزیكەی "350" یان ئافرەتن و تەمەنیان لە چەند مانگییەوە تا (1922)ی تێدایە و زۆرینەیان لەدایك بوی (1980 و 1990 و 2000)كانن، پیاوەكانیش لە دایكبوی (1953)ی تێدایە تا دەگاتە منداڵى کوڕى تەمەن خوار یەك ساڵ.

ئاوارە بونی زیاتر لە (430) هەزار كوردی ئێزیدی، نزیكەی (290)یان ئاوارەی هەرێمی كوردستان و توركیاو سوریا بون.

دوەم: كوشتن  لە سەرەتای پرۆسەی پەلامار و شاڵاوی داگیركاریەكەدا، زیاتر لە (1800) کەس دوچاری كوشتنی بە كۆمەڵ بونەوە، كە تەنها لە گوندی كۆجۆ (400) پیاوی ئەم گوندە لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ نێژراون.

سێیەم: رفاندنی زیاتر لە (3000) كچ و ژن و مناڵ، كە ناوی (1661)یان پشتڕاست كراوەتەوە. جیاكردنەوەی رەگەزی مێیینە لە پیاوان و بە زۆر دەستدرێژی سێكسی كردنە سەریان و بە زۆر ناردنیان بۆ شوێنانی دیکەى ژێر دەسەڵاتیان و گۆڕینی ئاینیان بەزۆر و لەژێر فشاردا.
چوارەم: ونبونی زیاتر لە (500) كەس ، كە ناو ناونیشانی (254)یان لە لایەن كەس و كارەكانیان پشتڕاست كراوەتەوە كە تائێستا بێسەروشوێنن.

پێنجەم: مردوان لە ئەنجامی برسێتی و تینوێتی و ماندوبون لە ڕێگا زیاتر لە (600) كەس لە پیرو مناڵ و ژن گیانیان لەدەست داوە.

شەشەم: وخاندنی زیاتر لە (14) پەرستگا و شوێنی ئایینی كوردانی ئێزیدی كە مێژوەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەها ساڵ پێش ئێستا.

جینۆساید و مامەڵەی بازرگانی كردن بە مرۆڤەوە:
یەكەم: ژنێكی پێگەیشتو تەمەنی لەنێوان "30 بۆ 40" ساڵ بێت "ئێزیدی و مەسیحی"  بە (75) هەزار فرۆشراوە.
دوەم: ژنێكی پێگەیشتو تەمەنی لەنێوان "20 بۆ 30" ساڵ "ئێزیدی و مەسیحی" بە (200) هەزار فرۆشراوە.
سێیەم: بۆ مێیینەیەكی پێگەیشتو تەمەنی لەنێوان "10 بۆ 20 " ساڵا بێت "ئێزیدی و مەسیحی" بە (150) هەزار فرۆشراوە.
چوارەم: ژنێكی پێگەیشتوی تەمەن "40 بۆ 50 " ساڵا "ئێزیدی و مەسیحی" بە (50) هەزار فرۆشراوە.
پێنجەم: منداڵێكی تەمەن یەك ساڵ بۆ نۆ ساڵ، "ئێزیدی و مەسیحی" بە (200) هەزار فرۆشراوە.

ئێستاش ناوچەی بادینان و شەنگال، چونكە پردی بەیەكبەستنەوەی دو پارچەی باشوری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانە بوە بە چەقی ململانێیەكی گەورەی دوژمنانی كورد، شەنگال شوێنێكی ستراتیژی و گەلێكی مەزڵومی لێ‌ ئەژین بە درێژایی مێژو بونە قوربانی زیاد لە هەفتا جارە هەوڵی سڕینەوەیان دەدرێت، بادینان بە گشتی وەك عفرین و كۆبانێ‌ و قەندیل گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، وەك ماوەی ساڵانێكی زۆرە توركیا چەندین بنكەو بارەگای سەربازی و میتی لە تەواوی بادینان جێگیر كردوە.

لە كاتێكدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەشتی تەمموزدا وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆماری توركیا و دواتر سەردانی كردنی ئەو وڵاتە بە مەبەستی ئامادەبونی سوێند خواردنەكە، رەوایەتى دایە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەوپاساوەى "پەكەكە بەشێكی زۆری خاكی باشوری كوردستانی داگیركردوە"، بەڵام تا ئێستا بەهیچ شێوەیەك باسی بونی پەلكێشی بنكە و بارەگا سەربازیەكانی میتی دەوڵەتی تورك ناكات ، زۆر بێباكانەش خۆی لێدەدزێتەوە .

بنكەو بارەگا سەربازیەكان و  بارەگای میت لە بادینان
1- بنكەی سەربازی باتوفە.
2- بنكەی سەربازی كانی ماسی (گرێ‌ باروخێ‌).
3- بنكەی سەربازی و لۆجستی بامەڕنی كە لە هەمان كاتدا فڕۆكەخانەشە .
4- بنكەی سەربازی سینكی .
5- بنكەی سەربازی كۆمەڵگەی بێگوڤا (گرێ‌ بیێ‌) .
6- بنكەی سەربازی گەلی زاخۆ .
7- بنكەی سەربازی سیریی (شیلادزێ‌) .
8- بنكەی سەربازی سیریی (شیرتی) .
9- بنكەی سەربازی (كوپكێ‌) .
10- بنكەی سەربازی (قمریێ‌) بەرواری .
11- بنكەی سەربازی (كوخێ‌ سپی) .
12- بنكەی سەربازی (دەریی دواتیا) .
13- بنكەی سەربازی چیای سەرزێڕی .
14- بنكەی سەربازی  ناحیەی (زێلكان) لە بناری چیای مەقلوب .
15- بارەگای دەزگای (میت - هەواڵگری) لە ناوەندی قەزای ئامێدی.
16- بارەگای دەزگای (میت) لە ناوەندی ناحیەی باتوفە .
17- بارەگای دەزگای (میت) لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری .
18- بارەگای دەزگای (میت) لە ناوەندی شاری دهۆك لە گەڕەكی گرێ‌ باسیە .

دوای ساڵێك لە ئازادكردنی شەنگال لە بەرواری 13 - 11 - 2015 مسعود بارزانی لە وتارێكدا بە بۆنەی ئازادكردنی شەنگالەوە پێشكەشی كرد و پیرۆزبایی ئازادكردنی  شەنگالی راگەیاند لە لایەن هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانانەوە، بەبێ‌ ئەوەی ناوی پەكەكە بهێنێت، تەنانەت دوپاتى كردەوە كە هیچ هێزێك بەشداری شەڕی ئازادكردنی نەكردوە جگە لە پێشمەرگە، لە بەرامبەردا میدیا جیهانیەكان بە بایەخەوە باسیان لە ڕۆڵی بەشداری هێزەكانی گەریلا دەكرد.

گرنگترینی لاپەڕەی میدیا بەناوبانگەكانی جیهان لە باسكرنی رۆڵی گەریلا لە پرۆسەی ئازادكرنەوەی شەنگال:-

یەكەم: رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە مەیدانی شەڕەكەوە لێدوانی لە گەریلایەك بەناوی "شیار شیخۆ" وەرگرتوە و نوسیویەتی: شیخۆ ماوەی چوار مانگە لە چیای شەنگال لەگەڵ گەریلاكانی هەپەگە و شەڕڤانانی یەپەگە دەژی و چوار هەڤاڵی لە شەڕی شەنگالدا برینداربون و دەڵێت :"بە بڕیاری و ئیدارەمانەوە هەتا ئازادی تەواوی كوردستان لەگەڵ داعش شەڕ دەكەین" .
دوەم: سایتى بی بی سی نوسیویەتی؛ "7500 پێشمەرگەی كوردستانی عێراق بە هاوكاری هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پێكەوە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شەنگالیان ئەنجامدا".

سێیەم: رۆژنامە ئیندیپێندتی بەریتانیش لەسەر شەنگال نوسیویەتی : "ساڵێك لەمەوبەر هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان هەڵاتن و داعش شەنگالی داگیركرد . ئەوكات جەنگاوەرانی (پەكەكە) ڕێڕەوێكی ئەمنیان بۆ پاراستنی یەزیدیەكان لە چیاكان كردەوە ، فەرماندەیەكی سەربازیی پارتی كرێكارانی كوردستان پێی ڕاگەیاندین كە پێشمەرگە داوایان لێكردوین لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شەنگال بەشدارنەبین . بەڵام هەرچۆنێك بێت ئێمە بەشدار دەبین" .

چوارەم: رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی ڤیدیۆی گەریلاكانی بڵاوكردوەتەوە كەلە ئازادكردنی شەنگالدا بەشدار بون و دەنوسێت." كۆمەڵێك هێزی جیاواز لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شەنگال بەشدارییان كردوە لە نێویاندا هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ، هەروەها هێزی تایبەتی یەزیدیەكان (یەبەشە) . لەگەڵا ئەوانیشدا هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان كە لە دەرەوەی شارەكە جێگیركرابون " .

پێنجەم: رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكیش دەنوسێت؛ "رۆژی هەینی هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوكاری هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) چونە نێو شاری شەنگالەوە".

شەشەم: تەلەفزیۆنی حكومەتی روسیا لەگەڵ بڵاوكردنەوەی دیمەنەكاندا دەڵێت: " ئەو هێزانەی ئەمڕۆ پەلاماری شەنگالیاندا چەند جۆرێك هێزی جیاواز بون  لەنێویاندا هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ،  یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ، یەكینەكانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) هەروەها هێزی پێشمەرگە لە عێراق " .

حەوتەم: بەشی ئینگلیزی كەناڵی ئەلجەزیرەش دەڵێت:"كۆمەڵێك هێزی جۆراوجۆری كوردی لە شەڕێكی پارتیزانیدان بەرامبەر هێزەكانی داعش لە شەنگال . لە نێویاندا هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ،  یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ، یەكینەكانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) هەیە . هاوكات هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش لە دەرەوەی شارەكە جێگیركراون".
هەشتەم: ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرس لەسەر پرۆسەی ئازادی شەنگال بەم شێوەیە دەنوسێت : "رۆژی هەینی هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوكاری هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)  و یەكینەكانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) چونە نێو شاری شەنگالەوە.

2926 جار خوێندراوەتەوە