نوسەرو موفەکیرو
بیرمەندی گەورە ڤۆڵتێر لەسەردەمی چەرخی تازە و رۆشنگەریدا سەبارەت بە چەمکی دەسەڵات
و حکومەت وهاونیشتمانیان و پردى پەیوەندی نێوانیان دەڵێت؛ من الخطير أن تكون على
حق عندما تكون الحكومة على خطأ. مەترسیەکە لێرەوە دەست پێدەکات، کاتێک هاوڵاتی لەسەر
حەق بێت و حکومەتیش هەڵەبێت. هەڵبەت رۆژەڤی ئەمڕۆی هەموومان بابەتێکە زۆر قسە هەڵدەگرێت،
چونکە پەیوەستە بەژیانی چەندەها نەخۆشی بێلانە وبێ نوا و بێهیوا لەم ژیانە، ئەویش
دەنگۆی داخستنی نەخۆشخانەیەکی بەناوبانگە لەشاری سلێمانی، بەناوی "نەخۆشخانەی هیوا".
کاتێک حکومەت و دەسەڵات
ساڵانێکی زۆرە بە بەرنامە کۆمەڵگەی دابەشکردووە بەسەر دوو چینی زەنگین و دەوڵەمەند
و بەرپرس و پایەداری ئەم وڵاتە وچینێکیش لە کولەمەرگی ژیان بەڕێدەکات، تەنانەت چینی
یەکەم کە چینی زەنگینەکانە بازار و نەخۆشخانە و شار و مۆڵەکانیشیان جیاوازە، نمونەى
زۆرمان لەبەر دەستە، نەک بۆ نەخۆشی درێژخایەن بەڵکو بۆ پەسیو وهەڵامەتێک و سەرئێشە
و بەسەربردنی مانگی هەنگوینی و ددان ئێشەیەک لەڕێگەی فڕۆکەی (ڤی ئای پی)و پاسپۆرت
و ڤیزای تایبەتەوە هەرکاتێک ویستبێتیان چونەتە ئەوپەری دونیا و خۆشترین وڵاتانی جیهانەوە،
هەرچی چینی هەژارەکانیشە لەم وڵاتە، هەیانە رۆژێک نەڕوات بۆ کرێکاریەکەی راستەوخۆ
کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر رێچکەی ژیانی و خراپ بەسەریدا دەشکێتەوە، هەژارەکان لەحاڵەتی
دووچار بوون و توشبونیان بەنەخۆشیە درێژ خایەنەکان، تاکە شوێنێک وەک لانەیەک لەسەر
هەسارەی زەوی شک ببەن و هانای بۆ بەرن، تەنها نەخۆشخانەی هیوا بووە، لانی کەم توانیویانە
لەڕوی دەرونیەوە ئاسودەببن، کە بەڵێ دەرزی و دەرمانی وا هەبووە، بەچەند دەفتەرێک دۆلار
تەنها لەتورکیاوە بە ساردکەرەوەی تایبەتیش ناگاتەوە دەستی، لەکاتێکدا لەوێ بۆ نەخۆش
هەموو شتێک بێبەرانبەر بووە، من بەبەڵگەوە دەیڵێم نەخۆشی وا دەزانم، هەموو بەیانیانێک
بەئەندازەی (50) دۆلار عیلاجەکانیەتی، بەڵام هەمووی لەسەر ئەرکی نەخۆشخانەکە بووە.
مەرج نیە، هەموو
راستیەکانیش لای ئێمە بن، وەک چۆن ئیمامی شافیعی دەڵێت: رأي صواب يحتمل الخطأ، ورأي
غيري خطأ يحتمل الصواب. دەکرێت ئێمە خۆمان پێڕاست بێت، بەرانبەریشمان هەڵە، لەڕاستیشدا
دەکرێت وانەبێت، بەپێچەوانەشەوە عەینەن شت، بەڵام ئێمە لەخوارەوە هەندێک شیکردنەوە
بۆ ئەم بابەتە دەکەین، هیوادارین سەرنجی خۆشتان بدەن.
سەرەتا بابزانین،
گرفتەکان چین
پێشتر چەند سەرنجێک
دەخەینە ڕوو:
یەکەم ـ هەمیشە
دەسەڵات لەئەگەری کاردانەوەی هاوڵاتیان وەک پەرچەکردارێک، لەبەرانبەر هەر داگیرکاریەک،
هەر کارێک کە پەیوەندی راستەوخۆی ژیانی هاوڵاتیان خۆیانەوە هەیە، پێشتر لەڕێگەی چەند
کەناڵێکی تایبەت بەخۆیانەوە، بابەتەکە دەجوڵێنن، تاوەکو بزانن کاردانەکان لەچ ئاستێکدان.
دووەم ـ حکومەت
و دەسەڵات دەمێکە دەیەوێت و بەبەرنامە کاردەکات لەپێناوی ئەوەی هەر یەک لە پەروەردە
و تەندروستی بەرەو ئاقارێک بەرێت و بیدات و بیکات بەکەرتی تایبەت.
سێیەم ـ بەدەر لەم
دوو سەرنجەش، دیارە کەنیشانەکانی داخستنی نەخۆشخانەکەش هێدی هێدی بەرەو ئەوە دەڕۆن،
دەیانەوێت دابخرێت، بەڵام ئایا دادەخرێت یاخود، نا، چۆن؟ سەیربکە نەخۆشخانەیەکی
ئاوا دەگمەن کە بۆتە نوا لانەی هەزاران نەخۆش، هەزارانیان لەم نەخۆشخانەیە هیواکانیان
بۆگەڕایەوە، بەڵام کاتێک سەیری کواڵێتی وبچوکی باڵەخانەی نەخۆشخانەکە دەکەیت، حکومەت
ئامادە نیە بەستاندارد جارێکی تر لەشوێنێکی شیاو و شایستە بە قەبارەیەکی گەورە و کواڵێتی
بەرز نەخۆشخانەیەک دروستبکات، ئەمە دەلالەتە کەمتر بەدەم کەرتی تەندروستیەوە دەڕوات،
وەک ئەوەشی کە لەسەردەمی کۆرۆنادا بینیمان.
چوارەم ـ لەئەستۆ
نەگرتن، یان دابین نەکردنی تەواوی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە، دیسان ئەمەش هەم
بێباکیە وهەم بەتەنگەوە نەچونی حکومەتە بۆ ئەم نەخۆشخانەیە، نایەوێت هیوایەک هەبێت
بۆهەژارەکان.
پێنجەم ـ لەلایەکی
دیکەشەوە، حکومەت بەهیچ جۆرێک خۆی نادات لەقەرەی دامەزراندنی کارمەندی نوێ و پسپۆر
لەهەموو بوارەکان بۆ ئەم نەخۆشخانەیە، نەخۆشخانەکە زیاتر لەسەر پێی خۆی وەستاوە
تاوەکو حکومەت دەستی گرتبێت.
شەشەم ـ هاوکێشەیەکی
سەیر وگرنگ، خوێندنەوەیەک بۆ هاوکێشەکە هەموو ئەو پزیشکانەی لەنەخۆشخانەکەن، شتێک هەیە پێی دەگوترێت لەبری نۆرینگە، بدل العیادة، واتا بۆ ئەوەی نەخۆش باشتر خزمەت بکرێت و پزیشکەش لەڕووی توانا و لەڕووی ئاسودەیی رۆحیشەوە زۆر رۆبچێتە چارەسەری نەخۆش، بۆئەوەی عیادەی نەبێت، بڕێک دەرماڵەی تایبەت دەخرێتە سەرموچەکەی، پزیشک لەدەروەی نەخۆشخانەکە نۆرینگەی نیە، ئیشی ئەو لەشەو و ڕۆژ و لەبانیان وئێواراندا دەبێتە خزمەتی نەخۆش لەنەخۆشخانەکە، بەپێی زانیاریەکان ئێستا حکومەت ئەو بڕە پارەیە دابین ناکات بۆ پزیشکەکان، واتا راستەوخۆ پزیشکەکان وردە وردە دەتوانن لەنەخۆشخانەکە دوور بکەونەوە وبچن عیادەیەکی تایبەت بکەنەوە، ئینجا مەترسی داخستنی نەخۆشخانەکە ئۆتۆماتیکیەن دەردەکەوێت، لەئەگەری دانەخستنیشدا، ئۆتۆماتیکیەن پزیشکەکان لەعیادە تایبەتەکانیان زیاتر بەدەم نەخۆشەوە دەچن تاوەکو لەنەخۆشخانەکە.
حەوتەم ـ بۆچارەسەری
ئەم دۆخە، حکومەت ناتوانێت بەپێی هیچ یاسایەک رێگری بکات لەوەی کەپزیشکەکان بچن لەدەرەوە
عیادەی تایبەت بەخۆیان بکەنەوە، بەڵام حکومەت دەتوانێت بەیاسا رێگری لەوە بکات، ئەگەر
پزیشکەکان بەدەل عیادە وەربگرن و لەهەمان کاتیشدا لەدەرەوە عیادەی تایبەت بکەنەوە،
لەم حاڵەتەشدا دیسان بارگرانی زیاتر لەسەر نەخۆش دروست دەبێت، هەموو هاونیشتمانیان
دەزانن، ئەو کات پێیان دەگوترێت ئەم پشکنینە لەنەخۆشخانە ناکرێت، دەبێت بچیتە دەروە،
وەک ئاماژەمان پێدا، ئەمە دەبێتە سەرەتایەک بۆ داخستنی نەخۆشخانەکە.
ئەوروپا نیو سەدە
سەرقاڵی ئەوە بوو، شۆڕشیان دەکرد لەو پێناوەدا کە دین لەدەوڵەت جیا بکەنەوە، بەڵام
ئێمە دەڵێین عەزیەت مەکێشن، دینیش لەدەوڵەت جیامەکەنەوە، تەنها ئەوە بکەن کەسانی
بازرگان و چاوچنۆک و بەرپرسی نابەرپرس وگیرفان بڕ لەدەوڵەت جیابکەنەوە. لەکۆتاییدا
هەموو پزیشکان و کارمەند وگوزارەکانی ئەم نەخۆشخانەیە جێی ستایش وپێزانین، هەموو ئەوانەشی
کە دەستی هاوکاریان بۆ نەخۆشخانەکە درێژ کردووە.
525 جار خوێندراوەتەوە