مەترسییەکانی سیستەمی مەرکەزیەت

بێگومان سیستەمی مەرکەزیەت دەکرێت بۆ حکومەتێکی دادپەروەر گونجاو بێت، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان سیستەمی مەرکەزیەت مایەی زیانی زۆرە بۆ هاونیشتیمانییان. لە سیستەمی مەرکەزیەتدا گشت داهات و بڕیارەکان دەچنەوە پایتەخت، ئەمەش رۆتینات و نادادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتەکاندا دروست دەکات.

 

بەنمونە داهاتی مانگانەی پارێزگای سلێمانی زیاترە لە خەرجییەکەی لە چاو پارێزگای هەولێر، بەڵام کاتێک تەواوی داهات دەچێتەوە پایتەخت و دواتر دابەش دەکرێت نادادپەروەری دەبینین. دەبینین پڕۆژە و خەرجییەکان لە پارێزگای هەولێر زیاترە لەپارێزگای سلێمانی، لەکاتێکدا داهاتی پارێزگای سلێمانی زیاترە.

لەڕوی سیاسییەوە لە هەرێمی کوردستاندا سیستەمی مەرکەزیەت مایەی قۆرخکاری و کۆنتڕۆڵکردنی داهاتەکان بووە، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زانیاری ورد لەسەر داهات و خەرجییەکان ناڕون بێت. ئەمەش دەریدەخات حیزبەکانی دەسەڵات ناشەفافن لە ئاشکراکردنی داهات و خەرجییەکان. لەڕوی ئیدارییەوە سیستەمی لامەرکەزیەت دەتوانێت رکابەری لەنێوان پارێزگاکاندا دروست بکات لە خزمەتکردنی هاونیشتیمانییاندا، چونکە هەر پارێزگایە و دەیەوێت گونجانێک لەنێوان داهات و خەرجییەکاندا دروست بکات.

سیستەمی مەرکەزیەت لەڕوی ئیدارییەوە گرفتی زۆر بۆ هاونیشتیمانییان دروستدەکات، چونکە هاونیشتیمانییان بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان دەبێت چەندین پڕۆسەی رۆتینی ببڕن، دەبێت بۆ بڕیاردانی کۆتایی بچنەوە پایتەخت و ناوەندی وەزارەتەکان، ئەمەش ئەرکی هاونیشتیمانییان گران دەکات لەڕوی ماددیی و مەعنەوییەوە.

لامەرکەزیی دەسەڵات شۆڕدەکاتەوە بۆ پارێزگا و قەزاکان، ئەمەش سودی زۆری دەبێت بۆ خێراکردنی مامەڵەی هاونیشتیمانییان و کەمکردنەوەی رۆتینات. لە هەرێمی کوردستاندا نەک ئیدارە سەربەخۆکانی وەک ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیان، بەڵکو ناوەندی پارێزگاکانیش خاوەنی داهات و دەسەڵاتی تەواونین لەڕوی ئابوری و ئیدارییەوە. ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین کەمترین بەڕێوبەرایەتی گشتییان تێدایە.

سیستەمی لامەرکەزیەت بۆ قازانجی هاونیشتیمانییانە و سیستەمی مەرکەزیەتیش بۆ خۆسەپاندنی زیاتری حیزبەکانی دەسەڵاتە، چونکە تا ئێستاش داهات و خەرجییەکان جێگەی گومانن.

کۆکردنەوەی تەواوی داهات و بڕیارەکان لە یەک شوێن، سیفەتی سیستەمە تۆتالیتارەکانە، لە سیستەمی تۆتالیتارییدا رێگە بەهیچ شتێک نادرێت بەشبکرێت، بەڵکو هەموو شتەکان دەخرێنە یەک قاڵبەوە، رێگەنەدان بەدابەشکردنی داهات و دەسەڵاتەکان لەڕوی سیاسیی و ئابوریی و ئیدارییەوە لەعەقڵییەتێکی خۆسەپێنەوە سەرچاوە دەگرێت.

755 جار خوێندراوەتەوە