بەپەلە

پارانۆیای سیاسیی


پارانویا نەخۆشییەکی عەقڵییە و هەلسوکەوت و سایکۆلۆجییای کەسی توشبوو تێکدەدات، بەدوژمن زانینی بەرامبەر و خۆ پەرستی دوو سیفەتی ترسناکی کەسی توشبوون. ئەوەی پارانۆیای هەبێت  بەردەوام خۆی پێ گەورەیەو خۆی بەڕاست دادەنێت، کەسێکە بەردەوام گومانی لەبەرامبەر هەیە، بەردەوام دۆنکیشۆت ئاسا هێرشدەکات و نێرجسیەتی هەیە، هەمووان لای ئەو هەڵەن و تەنیا خۆی پێڕاستە. بەدوژمن سەیرکردنی بەرامبەرو پاساوە نادروستەکانی  زۆر هەست پێکراون، بەردەوام شەڕ لەگەڵ وەهمە دروستکراوەکاندا دەکات و دەڵێت من خاوەن حەقیقەتم.

ئەم نەخۆشییە سایکۆلۆجییە لەهەندێک کەسدا دەردەکەوێت، بەردەوام کێشە دروستدەکات بۆ دەوروبەری، دۆخێکە لەچوارچێوەی شیزۆفرینیادایە. ئەو کەسانە بەهەموو جیاوازیی و ڕەخنەیەکی بەرامبەر توڕە دەبن و هێرشی ناڕەوا ئەنجام دەدەن.

پارانۆیای سیاسیی زۆر مەترسیدارەو زیانی زۆرە، چونکە کەسێک لەچوارچێوەی حیزب یان سەرۆک یان پۆستێکی حکومیدا هەڵسوکەوتی ترسناک ئاڕاستە دەکات. سیاسییەکانیش وەک تاکەکانی تر شایستەی شێت بوون و توشبونن بە نەخۆشییە سایکۆلۆجییەکان، بەڵام پارانۆیای سیاسییەکان زیانی زۆرترەو بەناوی حیزبێک یان وڵاتێکەوە قسە دەکەن.

کەس هێندەی سیاسییەکان شەڕی وەهمەکان ناکات، کەس هێندەی سیاسییەکان بەڕەخنە توڕەنابێت. لوتبەرزی سیاسییەکان بریتییە لە پاڕانۆیای سیاسیی و نەخۆشییەکی سایکۆلۆجییە، کاتێک بەبێ خوێندنەوەی قوڵ سیاسییەک بڕیارێکی چارەنوسساز دەدات و لوتبەرزی سیاسیی فەرز دەکات  دەگاتە پارانۆیا. کاتێک بەناوی وەهمی مەترسیی دەستی دەرەکی پەلاماری خۆپیشاندەران دەدرێت ئەوە پارانۆیایە. هەندێک کات سیاسیی توشبوو بە پارانۆیا تەنانەت بڕیاری کوشتنی بەرامبەر دەدات، وەک کوشتنی ڕۆژنامەنوسێک، لەبەرئەوەی بەمەترسیی داناوە بو سەر حەقیقەتە ساختەکانی خۆی.

لەهەرێمی کوردستاندا پارانۆیای سیاسییمان زۆرە، توشی نێرجسییەتی حیزبیی و بەدوژمن دانانی کۆمەڵگا بوون. لەدوای ڕاپەڕینەوە حیزبە دەسەڵاتدارەکان شەڕی لوتبەرزی سیاسیی دەکەن و  هەزاران کەسیان کردۆتە قوربانی وەهمەکانیان، وەک وەهمی ئاسایشی نیشیمانی تێکدەچێت و دەستی دەرەکی لەپشتە. ئەمانە پاساو بوون بۆ پڕکردنەوەی نەخۆشییە سایکۆلۆجییەکەیان. یان یەکڕیزیی و ناسیۆنالیزم دوو پاساوی دروزنانە بوون بۆ لێدان لەبەرامبەرو قەڵەوکردنی خۆیان.

تا ئێستاش پارانۆیای سیاسیی لەناو گشت حیزبەکاندا هەیە بەڕێژەی جیاواز، کە لوتبەرزی سیاسییەکان و بەدوژمن نیشاندانی بەرامبەر دەردەخەن. بۆئەوەی پاڕانۆیای سیاسیی حیزبیک یان سەرۆک حیزبێک ببینیت، وتارێکی ڕەخنەیی لەسەر بنوسە، ئەوکات لوتبەرزی ئەو حیزب و سەرکردەیە دەبینیت لەگەڵ پاساوەکانی بەدوژمن کردن. لەکوێ سیاسییەکت بینی بانگەشەی حەقیقەتی ڕەهای دەکردو لوتبەرزی سیاسیی دەنواند، گومانت لە پاڕانۆیای سیاسیی ئەو کەسە نەبێت، هەر سیاسییەکیش بەردەوام لەخەڵک ترسا و خەڵکی بەدوژم دانابوو،  بەزەیت پێدابێتەوە چونکە نەخۆشە. چونکە سیاسیی بەپاڕانۆیا بوو متمانەی بەکەس نیە. بۆئەوەی گۆڕانکارییەکی بچوکیش ڕووبدات دەبێت ئەم سیاسییە بە پاڕانۆیابووانە لە سیاسەت دوور بخرێنەوە، چونکە تووشی تێکچوونی عەقڵیی بوون.

417 جار خوێندراوەتەوە