قەڵەمی ئازادیخوازان و چەکی جەللادەکان


بێگومان بەردەوام قەڵەم و دەسەڵاتی سیاسیی ستەمکار و جەللادەکانی ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، بەردەوام دوژمنایەتی یەکتر دەکەن، چونکە عەقڵی قەڵەم و عەقڵی چەک ناکۆکن بەیەکتر، هێزێک عەقڵێکی چەکداری هەبێت ڕێزی قەڵەم نازانێت، هێزێک کەلـلەیەکی ڕەقی هەبێت کوا هێزی نەرم دەناسێت؟ جەللادەکانی ستەمکار لە دوونیادا هەموویان ڕقیان لە قەڵەم و ئازادیخوازانە، لەکوێ هەبووە ستەمکار باوەشی بۆ قەڵەمە ئازاو ئازادەکان کردبێتەوە؟ جگە لە قەڵەمفرۆش و هاو ئاوازەکانی ستەمکارەکان.

لە کوێ قەڵەمەکان کەوتنە سەما بۆ جەللادەکان لەوێش ئازادی لە گۆڕنراوە، لە کوێش قەڵەمەئازادەکان دژایەتیان کراو لێیاندراو کوژران بزانن هەناسەی قەڵەمە ئازاکان بەردەوامە، چونکە کاری قەڵەمە ئازادەکان ڕەخنە کردنی دەسەڵاتی چەتەگەری و مافیاکڕاتییە. دەسەڵاتە کلیپتۆکراسییەکان بەردەوام قەڵەمەئازادەکانییان بە دووژمنی پلە یەک داناوە، بەردەوام خەریکی شکاندن و بوختانن بۆ قەڵەم بەدەستەکان.

گۆبلز وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر بەردەوام دەیگوت؛ سەرۆک هیتلەر هەر کاتێک گوێم لە وشەی ڕۆشنبیر دەبێت دەست بۆ دەمانچەکەم دەبەم، ئاخر ڕۆشنبیر گەر ئازاو ئازاد نەبێت قەڵەمەکەی،  ئەوکات دەبێتە چەکێکی حەساری دەسەڵات، بەردەوام ڕانتخۆرەکان و ڕاگەیاندنکارەکان و نوسەران و ڕۆشنبیران بە نزیک بوونەوەیان لە بەرداخە ئاوەکەی دەسەڵات وەک شەکر دەتوێنەوەو نامێنن، ببینە هێزی ڕاکێشانی نەوت دەزگا ڕاگەیاندنەکانی چەندقەرەباڵخ کردووە، وەک موگناتیس ڕۆشنبیر و نوسەرانیان کێش کردووە تا ئاو بەئاشەکەی ستەمکاردا بکەن، ببینە ئەوانە پارە چەند ناشیرینی کردوون.

ڤیدڵ کاسترۆش بەردەوام لە جیڕەی قەڵەمی نوسەران دەترسا. قەڵەم و دەسەڵات بەریەکتر دەکەون، بۆیە بەزەحمەت نوسەرە ئازادەکان دەتوانن لە وڵاتی خۆیان بژین، ناچارن لە دەرەوە ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی کەللەوشکەکەی دەسەڵات بکەن.

دەسەڵاتی جووت حیزبی کوردیش زیاترلە چارەکە سەدەیەکە نەیتوانیوە سیستەمێکی سیاسی گونجاو دروست بکات، نەیتوانیوە کەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت، بەردەوام قەڵەمە ئازادەکانی ترساندووە یان تیرۆرکردووە. سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی نمونەی تیرۆرن بەدەستی دەسەڵاتی جووت حیزب، بەڵام قەڵەمەئازادەکان هەر زیاتر دەبن، ئێستاش لێدان و هەڕەشە لە نوسەران درێژکراوەی سیستەمە ستەمکارەکەیە، کاری ڕۆشنبیران بەرهەم هێنانی مەعریفەیە، کاریان ڕەخنەی ناشیرینیەکانی دەسەڵاتە، نەک گەرمکردنی دیوەخان و پیاداهەڵدانی بەرپرسە تەجمیلکراوەکان، قەڵەمی ئازا نابێتە دەروێشی سیاسیەکان، نابێت بێدەنگبێت چونکە بێدەنگی کاری ڕۆشنبیران و نوسەران نیە وەک ئۆجەلان دەڵێت.

کاوێژکردن کاری قەڵەمە فاشیلەکان و عەقڵ دۆگماو نەوتاوییەکانە، ئەوان دۆڕاون ناتوانن بڵێن و بنوسن بۆ خەڵک، بۆیە چەک دەبێتە ناسنامەیان، ئەمە گاڵتەجاڕی عەقڵی ستەمکارانە، ئەم شەڕەی قەڵەم و چەک بەردەوام دەبێت هەمیشە خەتی ئازادی و خەتی ستەمکاری تۆختر دەکاتەوە، هەمیشە ناشیرینیەکانی دەسەڵاتی تەجمیلکراو لەبەردەم خۆری قەڵەمە ئازادەکان توختر دەبێت، هەمیشە قەڵەم ماسکە ناشیرین و گاڵتەجاڕو خەڵەتێنەرەکان کەشف دەکات، بۆیە هەمیشە ستەمکاران دۆژمنی قەڵەمی ئازاو ئازادن، هەمیشە خەم و کۆژان و کۆشادی خەڵک دەبێتە مەرەکەبی قەڵەمە ئازاو ئازادەکان، هەمیشە چەتەگەریی و خیانەت و نەوتخۆری و ستەمکاریی و نادیموکراسی بونەتە فیشەکی چەکەکەی دەسەڵاتی ستەمکار. بەڵام تا ستەمکاریی هەبێت قەڵەمە ئازادەکان هەر دەبن، ئەم سیاسەتی ترساندن و لێدانی دەنگە ئازادەکان لە ئێستادا پێماندەڵێت جووت حیزب تائێستاش زۆر ستەمکارن، قەڵەم فرۆشەکانی حەساری دەسەڵات ڕۆژێک دێت ئاواببن، چونکە بوونەتە ڕۆبۆتی جەللادەکان.

سۆرانی مامە حەمەش بەقەڵەمەکەی ماسکەکانی دەسەڵاتی هەڵدەدایەوە، پاشان سۆران شەهیدکراو چەکبەدەستەکان مێژووی خۆیان ڕەشتر کرد.

643 جار خوێندراوەتەوە