گەر بەنیازی بە شێوەیەکی بابەتی بزانی هەواڵ چییە و ڕەگەزەکانی کامانەن و چ شتێک بەهای هەواڵی تێدایە؟ ئەم وتارە مەخوێنەوە و من پێت دەڵێم "هەواڵ شتێکی خراپە". هەتا بشڵێی تۆ کێی لە خۆتەوە لەبارەی هەواڵ حوکم دەدەیت، با پسپۆڕی زانستی ڕاگەیاندنیش بیت؟
منیش وەڵامت دەدەمەوە، ئەمە قسەی گیرفانی خۆم نییە، مارشاڵ ماکلۆهان باوەگەورەی زانستی ڕاگەیاندن دەڵێت: «هەواڵی ڕاستەقینە ئەو هەواڵەیە کە خراپە.»
ئەمە قسەیەکی بە توێکڵە. با منیش بە چەند نموونەیەک عەرزت بکەم بۆچی هەواڵ خراپە؟
مرۆڤ هەر کە دەگەن بە یەکتری لە هەواڵی یەکتر دەپرسن. ئێمە بەو جۆرە خوومان گرتووە دەڵێین: باشین. جا خراپیش بین؛ نایدرکێنین. ئەی ئەگەر میدیایەک بێتە بەردەممان و لە هەواڵمان بپرسێ؟ لە وەڵامدا بڵێین: باشین. لە هیچمان کەم نییە. لەشمان ساغە و ژیانی ڕۆژانەمان بە ئاسوودەیی بەڕێ دەکەین. خۆ ئەمە نابێتە هەواڵی میدیایی، نەک لەبەرئەوەی بەهای هەواڵی نییە، بەڵکوو هۆکارەکەی ئەوەیە خراپ نییە و شتی خراپ ناڵێین و نانوزێینەوە و فرمێسک ناڕێژین.
با بە نموونەیەکی دیکە عەرزت بکەم، بێنە بەرچاوت "دایکێک منداڵەکەی بەخێو دەکات، خۆشی دەوێت و شیری خۆی پێ دەدات و لە ئامێزی دووری ناخاتەوە." خۆ ئەمە شتێکی باشە، بەڵام بۆ میدیا خراپە، چونکە نابێتە هەواڵ.
ئەی ئەگەر دایکێک منداڵەکەی فڕێ بدات؟ ئەمە رەفتارێكی خراپە، بەڵام بۆ میدیا باشە چونکە دەبێتە هەواڵ.
جیهان پڕە لە ڕووداو، جەرگی دایبابێک دەسووتێ، ئۆتۆمبێلێک وەردەگەڕێت و چەند کەسی تێدا دەمرێت، کەسێک خۆی دەکوژێت، کەسێک کەسێکی دیکە دەکوژێت، ژنێک ئەندامی نێرینەی هاوسەرەکەی دەبڕێت، ئەم مانگە مووچە دابەش ناکرێت، قەیرانی ئابووری ڕوو لە وڵات دەکات، ئاو بەرنادرێتەوە، کارەبا دەبڕێت، بەنزین گران دەبێت، نەخۆشخانەکان دەرمانیان تێدا نەماوە، ڕێژەی جیابوونەوە و تەڵاق زۆر دەبێت، مووشەکێک لە فڵان شار کەوتە خوارەوە، بوومەلەرزەیەک ڕوویدا، هەسارەیەک بەرەو زەوی دێت و وێرانی دەکات... هتد
ئەمانە هەمووی هەواڵی خراپن، میدیاش لە دەیان شار، دەیان هەواڵنێر و تیمی میدیای بۆ دەنێرێت تا پێشانی تۆی بدات. کەچی ئەمشەو لە هەزاران شاری دنیا مووشەک ناکەوێتە خوارەوە، بوومەلەرزە لە هیچ شوێنێک نادات، ئۆتۆمبێلی ملیۆنان شەقام بەگوێرەی ڕێنوێنی هاتوچۆ دەڕۆن، ملیۆنان نەخۆشخانە دەرمان و پێداویستییان لێ نابڕێت و خزمەت دەكەن، ملیاران خێزان هاوسەرەکانیان خۆشدەوێت، کارەبا 24 کاتژمێرییە، ئاو بەردەوام هەیە، ئەمانە هەمووی هەواڵی باشن و ئەستەمە لە میدیا بیبیستین.
کەواتە، مارشاڵ ماکلۆهان ڕاست دەبێژێت: هەواڵی ڕاستەقینە ئەوەیە خراپە، چونکە مەرجی یەکەمی بوونی هەر ڕووداوێک بە «هەواڵ»، بنیاتی خراپەکەیەتی. میدیا بەدوای ئاشتی و ئارامی و بەختەوەریی ئاسایی خەڵکەوە نییە؛ چونکە ئارامی بێدەنگە و بێدەنگیش بازاڕی میدیا گەرم ناکات.
میدیا مارشی سەرکەوتن له بێدەنگیدا ناژەنێت، بەڵکوو سەرکەوتنی لە پڕوپاگەندە و کارەساتدایە. هەربۆیە، گەورەترین سەرچاوەی داهات و سەرنجی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، لەسەر خەم و خوێن و جوێن و قەیران و وێرانەکان بنیات نراوە. هەر لەبەرئەوەیە دەبینین لە هەواڵەکاندا، هەزاران کاتژمێر تەرخان دەکرێت بۆ باسی جەنگ، گەندەڵی، قاتوقڕی و تاوان، کەچی تەنیا چەند چرکەیەک دەدرێتە خەندەی منداڵێک یان چیرۆکی سەرکەوتنی کۆمەڵگەیەک لە بوارێکی مرۆییدا؛ ئەویش ئەگەر کاتی بۆ بمێنێتەوە!
ئەم دنیایەی ئێمە، لە ڕێگەی شاشەکانەوە، وەک ژوورێکی پڕ لە دووکەڵ و تاریکی پێشان دەدرێت، نەک لەبەرئەوەی هەموو گەردوون شوێنی قەیرانە، لەبەرئەوەی مێشکی مرۆڤ بە شێوازێکی بایۆلۆجی و دەروونی ئامادە کراوە، بۆ ئەوەی زیاتر سەرنجی لەسەر مەترسی و خراپە بێت. میدیاش ئەم خاڵە لاوازەی مرۆڤ دەقۆزێتەوە و بەردەوام «خراپە» دەكاتە ژەمی سەرەکیی هەواڵەکانی.
لە کۆتاییدا، کاتێک سەیری مێژووی ڕۆژنامەگەریی دەکەین، دەبینین هەمیشە ئەو سەرئێشانەی کۆمەڵگە تووشی دەبێت، سەردێڕی هەواڵەکانە و ئەو ساتە ئارامانەی ژیان تێیدا تێپەڕ دەبێت، فەرامۆش دەکرێن. کەواتە، ئەگەر ڕۆژێک هەواڵێکمان بینی کە هیچ شتێکی خراپی تێدا نەبێت، دەبێت گومان لەو هەواڵە بکەین.
46 جار خوێندراوەتەوە