میسی عارفی تۆپی پێ و وانەیەک بۆ مرۆڤایەتی.

میسی عارفی تۆپی پێ و وانەیەک بۆ مرۆڤایەتی.

ڕێبین تاڵیب
قوتابی دکتۆرا لە زانستە سیاسیەکان


وتەیەک هەیە دەڵێت" تۆ شانازی مەکە بە نیشتیمانەوە، تۆ ئەو کەسەبە با نیشتیمان شانازیت پێوە بکات.

مێژووی مرۆڤایەتی قەرزاری مرۆڤە باڵا و جوامێر و دڵسۆزەکانە کە بوون و ژیانی خۆیان لە پێناو بەدەستهێنانی دەستکەوت بۆ نیشتیمانەکەیان دەبینن(لیۆنێل میسی)ئەرجەنتینی وەک نموونەیەک.

بە وردبوونەوە لە کاروانی وەرزشی "میسی" بۆ من وەک هاندەرێکی سەرسەختی ئەو یاریزانە، بە درێژایی کاروانی وەرزشی جیاواز لەوە دەیبینم، جگە لەوەی چالاکی وەرزشی سەرباری پەیامە گرنگ و گەورەی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتوری و نەتەوەیی، وەرزش ئەو هونەرە باڵایەیە کە کار دەکاتە سەر هەست و بیر و باوەڕ و هەڵچوونەکانمان و خۆشیەکانمان،ئەمە شتێکی سەرسوڕهینەرە کە بەبێ ئاگایی خۆت لە ساتێکدا و کتوپڕ قوڵدەبیتەوە لە خۆشەویستی و هاوشوناسبوون لەگەڵ کەسێک، یانەیەک یان وڵاتێک.

"میسی" وەک گەوهەرێک بۆ هەموان، بە پشت بەستن بە ئەزموونی ژیان و ڕابردووی لە کەووتن و هەستانەوە، تێدەگەین لەوەی ژیان پاداشتی کردار دەداتەوە نەک قسە، لە خۆبردووی و سادەیی سەرچاوەی هێزی مرۆڤەکانە. تێگەیشتن لە کەسایەتی خۆت کە هی خۆتە و کۆپی و لاسایی کەرەوەی کەس نیە، پاراستنی ڕەسەنایەتی و ئەو ڕەهەندە ڕوحیە لە ئینتیما بۆ وڵات و بۆ تیمەکە وا دەکات سەروەری هەموون بێت.
ئەرجەنتین وەک تیمێکی بەهێزی جیهان بەردەوام لەسەر شانۆیی تۆپی پێ، جوانترین و باڵاترین نمایشی کردووە، لە ڕابردوو ئێستادا وەک لوتکەی تیپەکانی جامی جیهانی دەبینرێت، دەمەوێت بڵێم لە ئێستادا هۆکارەکەی ئەوەیە سەرکردەیەکی باڵای وەک میسی ڕابەرایەتی وڵات و ئاڵا و تیمەکە دەکات، بە مۆڕاڵێکی بەرزی ئەخلاقی و پیشەیی و هەوڵدانی بەردەوام، هەروەکو فەیلەسوفی گەورەی فەرەنسی دیکارت دەڵێت" ئەوەی پێگەیشتووە و تێگەیشتووە کەمتر لە خۆبای دەبێت. ئەمە پڕاوپڕ ڕاستە بۆ میسی، ئەوەی دەزانێت کەمتر خۆیی دەردەخات، ئەوەی بەهێزەوە دەجەنگێت کەمتر نمایش دەکات، میسی وەکو یاریزانێک پەیامی گەورە و باڵای هەیە بۆ ژیان و مرۆڤایەتی، تەنانەت ڕکابەرەکانیشی خۆشیان دەوێت و ڕێزی لێدەگرن و هەڵدەستنە سەرپێ و چەپڵەی بۆ لێدەدەن، شانازی پێوە دەکەن و وێنەی لەگەڵ دەچرکێنن، یەکەم کەس پیرۆزبایی لێدەکەن. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەمە بە چی دروست دەکرێت؟ وەک شمەسی تەبرێزی دەڵێت" لەگەڵ ڕکابەرە لاواز و بێدەسەڵاتەکان ئەخلاقت چۆنە؟ ئەوە بوون  و مانای تۆیە. ئەمەش دەرئەنجامی سادەیی، خۆشەویستی، باوەڕبەخۆبوون و کۆڵنەدانە سەرەڕای ئالنگاریەکان، میسی عارفی تۆپی پێ لەگەڵ خودی خۆی و ناخی خۆیدا توند، بەڵام لەگەڵ ڕکابەرەکانی هێمن و لەسەرخۆ.

میسی لە ساڵەکانی ڕابردوودا شایستەی بەدەستهێنای جامی جیهانی بوو ، سەرەڕای چەندین جار شکست بەڵام ئەو بێ هیوا نەبوو، هەستایەوە و دواتر گەورەتر و بەهێزتر بوو، میسی تێگەیشت زۆرن ئەوانەی ڕکابەریان هەیە لە ژیان و ئەمە شتێکی سروشتیە، بەڵام تێگەیشتن لە ڕوحی ڕکابەرایەتی و ململانێی بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ لە مرۆڤی باڵا دەوەشێتەوە نەک کەسی هەرزە و تازە پیاکەوتوو، زۆر لە باڵندەکان دەتوانن بفڕن بەڵام هەڵۆ نین ناگەنە لوتکە، زۆرن ئەوانەی سەرکەوتنێک یان دەستکەوتێک لە خۆبایی و ملهوڕیان دەکات، هەرزوو دەخلیسکێن و لە خۆبای بوون لەناویان دەبات و لە بچوکترین تاقیکردنەوەدا شکست دەخۆن، مرۆڤی کامڵ دەبێت لەوە تێبگات ژیان پلەبەندی و ئەزموون و دادپەروەرییە، هەرکەسەو توانا و هێزێکی هەیە، بەڵام ئەوەی لە کۆتایی دەمێنێتەوە جوانی و ڕوحیەتی یەکتر قبوڵکردن و ڕوحیەتی کاری پێکەوەیی و دەست گیرۆیی ئەوانی ترە، ئەمە مرۆڤی باڵایە کە دەیکات پێچەوانەی خۆبەگەورەزانی و لوتبەرزی و شانازیکردن بە دەستکەوتێکی کاتی دەرئەنجامەکەی وەک ئەو پوشەی بەردەم ڕەشەبای لێدێت سوک و ئاسان پەرش و بڵاودەبێتەوە.

میسی وانەیەکی جوانی پیشەییە بۆ جیهان و ژیانی مرۆڤ، بەڵام ئەوەی تۆزێک بە ئاگابێت و تێبگات سەرکەوتن لە هەموو کارێک بە پیشەیی و بوونی ئەخلاقی بەرز و ڕاستگۆی بەدەست دێت نەک بە شتی بچوک.
میسی عارفی تپی پێ پڕە لە جوانی و خۆشەویستی و ژیری بە پێچەوانەی گەمژەکان بە چەپڵەلێدان و پیاهەڵدان خۆی ون ناکات، تەنیا بیر لە خۆی و بەرژەوەندیەکانی ناکەتەوە بەڵکو سەرکەوتنی خۆی لەگەڵ هاوکار و تیمەکەیدا دەبینێت،بەرژەوەندی گشتی و خزمەتی ئەوانی تر پێش خۆت ئەمە تۆ دەکاتە سەرکردەو پاڵەوان هەمووان شانازیت پێکەوە بکەن ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بێ ئاگا لەوەی ئێمە مەحکومین بە گەردوون و بە هێزێکی خوایی کە نیەتە باشەکان و ڕۆحە پاکەکان و جوامێرەکان سەردەخات نیەتە پاکەکان دەیباتەوە لە ئەهریمەن و ڕۆحە شەیتانیەکان دەیدۆڕێنن. ‎
لە کۆتایدا چێژ و خۆشی لە رۆحی بەرزی وەرزشی ببینە ،ڕکابەرەکانت قبوڵ بکە ڕێزیان لێبگرە و واز لە ئیرەیی و حەسودی بهێنە چونکە زیاتر دەروخێیت ،قبوڵیان بکە کە لە تۆ باشترو سەرکەوتوو ترن سوود لە ئەزموون و دەسکەوتەکانیان وەربگرە دواتر خەریکی خۆتبە و بەرە و پێشەوە هەنگاو بنێ، میسی بکەرە نمونەیەکی باڵا بۆ خۆت لە ژیان ،کە ئەو جۆرە لە کەسایەتی و مرۆڤایەتی لە بیری ناکات بە کارەکانی نەک بە شتی تر، ‎ژیان چیە و واتای چیە؟  کەواتە لە ئەزموونی میسیەوە دوو هەنگاوی جدی، پێکەنینێک، خەمێکی قوڵ،کەوتن و هەستانەوە ،یارمەتی و خۆشەویستی ئەوانی تر ،قبوڵ کردنی ڕکابەرەکانتە، ڕیز گرتن لەتوانای کەسانی تر کە لە تۆ باشترن لە بوارێک لە بوارەکانی ژیان ،هەنگاوە بۆ داهاتوو بە ئەخلاقێکی بەرزی پیشەییانەوە،لە کۆتایدا وەکو دەڵێن دەوران دەوڵەتت لە دەست دەسەنێت، بەڵام ناوی چاک تا سەر دەمێنێت،نەمری بۆ  میسی و مۆڕاڵە بەرزەکانی کە بەردەوامە لە سوپاسگوزاری و گەشبینی ئەوە فەلسەفەی ژیانی پیاوە نەمر و باڵاکانە کە لە پيناوی بەهای بەرزو فەزیلەت دەجەنگێن بۆ مرۆڤایەتی  بۆ خاک و نیشتیمانیان. 

میسی دەڵێت" ‎ هەرچیم ویستووە لە ژیانمدا خودا پێی بەخشیوم، بۆیە ناتوانین لەمە زیاتر داوا لە خوا بکەین، هەمیشە دەڵێم خودا ویستی لەسەر چی بێت هەر ئەوە روودەدات، خودا گەورەیە و من سوپاسگوزاری خودام.

میسی مرۆڤێک بۆ تێرامان و تێگەیشتن لە ژیان و مرۆڤەکان زیاتر لە تۆپی پێ .

126 جار خوێندراوەتەوە