وا بڕیارە لە (25/9/2025)لە دا کۆبوونەوەی لوتکەی دوو زلهێزی جیهانی و ئەندامی ناتۆ “دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا و “ڕەجەب تهیب ئەردۆگان” سەرۆک کۆماری تورکیا چاویان بە یەک بکەوێت لە کۆشکی سپی، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە پرسی گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسە ئەمنییەکانە. یەکێک لە پرسە گرنگ و ھەستیارەکان کە تەوەرێکی سەرەکییە لە دیدارەکەدا؛ بابەتی ڕۆژئاوای کوردستان و چارەنووسی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە، زیادبوونی نیگەرانییەکانی تورکیا لە سوریا، سەبارەت بە ئایندەی کورد لە ناوچەکە و پرسە سیاسی و ئەمنییەکان، ھەروەھا سیاسەتی ئێستای دەوڵەتی ئیسرائیل لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست وەکو گەورەترین ھاوپەیمانی ئەمریکا سەرئێشەیەکی گەورەی دروست کردووە بۆ تورکیا. بەوەی ھەوڵیداوە بۆ لاوازکردنی زیاتری سوریای نوێ و دابەشبوونی ئەو وڵاتە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ (2016-2020) سەبارەت بە پرسی کورد لە سوریا، ھەرچەندە کوردی بە ھاوپەیمانێکی نزیک و ئازاو شەڕکەری خۆیاند ناساند لە شەڕی تیرۆرستان و داعش، بەڵام سیاسەتی پراگماتیکییانە و پۆپۆلیستیانەی پەیڕەو کرد، بەوەی تاڕادەیەکی زۆر ڕێگای دا بە تورکیا فشار و هێرشی زۆر بکات بۆ سەر ناوچە کوردییەکان و گڵۆپی سەوزی داگیرساند بۆ تورکیا کە فشارو ھێز بەکاربھێنێ دژی کوردەکان.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لێدوانێکی پێشووتری “دۆناڵد ترەمپ” كاتێك وتی “کوردەکان فریشتە نین” ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو سیاسەتە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا قەدەر و چارەنووسی کورد لە گەمە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و ململانێ و بەرژەوەندی زلهێزەکان بە کوێ دەگات لە ئایندەدا؟ ئایا ھەمان سیاسەتی ھایپۆکراسی و دووفاقیی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی دووبارە دەبێتەوە؟ لەو پارچەیەی کوردستان بە تایبەت ڕۆژئاوا، ئایا هەڵوێستی ئەمەریکا چی دەبێت؟ بە تایبەت داواکاری ئەردۆگان لە ترەمپ ئەوەیە ڕازی بکات بەوەی پاڵپشتی زیاتری هەسەدە نەکات و دەستبەرداری کوردەکان بێت. ئەمە لە کاتێکدایە؛ ئاماژە ناوخۆییەکانی حکومەتی سوریا و لێدوان و سیاسەتی سەرۆکی کاتی سوریا “ئهحمهد شەرع” زیاتر جەخت لەسەر ناوەندییەتی بوونی دەسەڵات دەکاتەوە و دژی هەموو مافێکی سیاسی کوردە، ڕەتکردنەوەی ئەگەری دروست بوونی سیستەمی سیاسی نوێی سوریا لە فیدرالیزم و کۆنفیدراڵی، مکوڕ بوونی ناوبراو لەسەر یەکگرتوویی و یەکپارچەیی سوریا، درێژە دان بە سیاسەتی دژە کورد بۆ جودا خوازی یان خۆبەڕێوهبەری، لە نوێترین لێدوانی سەرۆکی سوریا، لە بەرواری (12/9/2025) هەڕەشەیەکی تووندی کرد؛ کە هەموو هەوڵێکی کوردەکان بۆ دابەشکردنی سوریا زیان بە ئێراق و تورکیا دەگەیەنێت و ڕووبەڕوی هەموو هەوڵێک دەوەستینەوە لەو بارەیەوە.
واتە بە ئاشکرا ناوبراو لەگەڵ ڕێکكەوتن و مافی کورد دا نیە، کەواتە ئایندەی کورد لە سوریا و لە تورکیادا لە مەترسیدایە، واتە ھەماھەنگی و ڕێکكەوتن لە نێوانیان ھەیە کە ھەردووکیانی دژی مافە سیاسییەکان و ھەبوونی کوردن بەو شێوەیەیی ئێستا لە ناوچەکەدا ههیه. لەگەڵ ئەوشدا ھاوکێشە سیاسییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە دوای “دیداری ترەمپ و ئهحمهد شەرع” لە (14/5/2025) گۆڕانکارییەکی جەوهەری بەخۆوە بینی، بەوەی سیاسەتی ئەمەریکا مامەڵە لەگەڵ واقیعدا بکات و “دهستهی تهحریر و شام” لە ڕێکخراوێکی تیرۆرستییەوە بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی شەرعی لە سوریا، کەواتە ئایندە ناڕوونە و گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسییەکان خێرا و کاریگەرن، بە پێچەوانەی بەرژەوەنددیەکانی نەتەوەی کوردن. دەبێت کورد ھەنگاوەکانی داھاتوو خۆی بۆ هەر ئەگەرێک یان سیناریۆیەکی سەربازی خراپ ئامادە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگای سیاسی دیبلۆماسی و دیالۆگ بە ڕووی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی بکاتەوە و ژیرانە مامەڵە بکات بە ھاوسەنگی. دەبێت لەوە دڵنیا بین سیاسەتی حکومەتی نوێی سوریا هۆشگیری زۆری لەسەر دەوڵەتی تورکیایە بەوەی کە بەتەواوی ھاوھەڵوێست و ھاوپەیمانییەتی بەتایبەتی لە پرسی کوردا، کە تورکیا وەک کارتێکی فشاری کاریگەر بەکاری بھێنێ دژی کورد لە سوریا، ئاشکرایە ئەمە فاکتەرێکی بەهێزە کە ناتوانێت فەرامۆشی بکات، ئەمە سەرەڕای ڕەتکردنەوەی دانوستان لە مانگەکانی ڕابردوویدا کە بڕیاربوو کۆبوونەوەی لوتکە لە پاریس لە نێوان “ئهحمهد شەرع و مەزڵوم عەبدی” ئەنجام بدرێت.
دەرئەنجام؛ گۆڕانکارییەکان، پێشهاتەکان و ھاوکێشە سیاسییە خێراو ئاڵۆزەکان لە سوریا ئومێد بەخش نین و تارمایی و سێبەری نەزم و پارادایمێکی نوێ لە سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەستی پێدەکرێت، کە کاریگەری کۆلۆنیالیزم، بەرژەوەندی زلھێزەکان زوڵمی جیۆپۆلەتیک کوردی کردۆتە قوربانی و وەکو گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیھاندا کە ئایندەی بە نا ڕوونی و لێڵی دەبینرێت لە داھاتووی سوریا.
100 جار خوێندراوەتەوە