مرۆڤسازی"Humanization":چەمکێکە لە کردەی بە "مرۆڤبوونەوە" هاتووە، کردەیەکە لە پێناو بە"مرۆڤبوونی" مرۆڤەکان، لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە "مرۆڤبوون" بەرزترین بەهایە بۆ مرۆڤ و، بەرگریکردنە لە ئازادییەکانی و گەشەکردنیەتی لە هەموو لایەکەوە. پاوڵۆ فرێریش بە هەمان واتا بەکاری هێناوە.
کاتێک مرۆڤەکان مرۆڤبوونیان لێ زەوت دەکرێت، واتا هەموو بەهاکانی مرۆڤبوونیان لێ زەوت کراوە، کەواتە بە"مرۆڤبوون"ی مرۆڤەکان گێڕانەوەی ڕۆڵ و خەسڵەتە سروشتیەکەی مرۆڤ خۆیەتی.
مرۆڤ بۆچی بێخەوش نییە، چونکە ئەوە ڕاستە هەموومان مرۆڤین، وەلێ هەموومان مرۆڤبوونمان تیادا نییە، یان مرۆڤبوونمان لاوازە. ئەو نامرۆڤبوونە لە دۆخێکەوە سەرچاوەی گرتووە، کە مرۆڤەکان داگیرکراون، بوونیان نییە، بەهایان نییە، مەگەر ئەوەندە بەهایان هەبێت لای ستەمکاران، کە وەک ئاژەڵ تەماشادەکرێن و سکیان تێر دەکرێت بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ژیاندا وەک ئامێرێکی بێ گیان بەکاریان بهێنن.
ئایا شیمانەی ئەوە دەکرێت "مرۆڤبوون" بگەڕێنرێتەوە بۆ مرۆڤەکان؟ خودی مرۆڤسازی"Humanization" بەو واتایە دێت، کە مرۆڤەکان مرۆڤبوونیان لێ زەوتکراوە. کەواتە "مرۆڤبوون" و "نامرۆڤبوون" دوو ئاکار و خەسڵەتی مرۆڤە، هەردووکیان شیمانەی بوونیان لە مرۆڤدا دەکرێت. چۆن "نامرۆڤبوون" هەیە، کەواتە "مرۆڤبوونیش" هەیە.
ئەوەی "نامرۆڤبوون" دروست دەکات، چینێکی چەوسێنەرە، ئەم چینە چەوسێنەرە دۆخێکیان دروست کردووە، کە زۆرجار مرۆڤەکان وا هەست دەکەن، کە "نامرۆڤبوونیان" سروشتییە، ئەم هەستە لەو کولتوورە چەوسێنەرەوە سەرچاوەی گرتووە، کە کولتوورێکی دروستکراوە، نەک کولتوورێکی سروشتیی مرۆڤ.
"مرۆڤبوون" بە سڕینەوەی دۆخە چەوسێنەرەکە دێتە ئاراوە، واتە لە ڕزگاری و ئازادی مرۆڤەکانەوە دێتە ئاراوە. ئەوانەشی، کە بە خاترانە و چەک و پینە و بەزەیی و پیاوچاکی و میهرەبانیی دەیانەوێت مرۆڤەکان قایل بکەن، وای نیشان دەدەن کە ئەم چەک و پینەکردنە، ئەم دڵفراوانی و میهرەبانیە ئازادی و ڕزگاریە، ئەمەش بۆ ئەوەیە، کە مرۆڤەکانی پێ فریوبدەن. زۆر جاریش بە کودەتا و گۆڕانکاری لە چەوسێنەرێکەوە بۆ چەوسێنەرێکی تر مرۆڤەکانی پێ فریودەدەن.
لە ڕاستیدا مرۆڤ ڕزگاری و ئازادی بەخۆیەوە نابینێت تا دەسەڵات نەکەوێتە دەستی خۆی، دەسەڵاتێک، کە لە توانایدا بێت، بە یەکجاری دۆخی ستەمگەریی بسڕێتەوە، تا دۆخە ستەمگەرییەکە نەسڕێتەوە، مرۆڤ، چ مرۆڤی چەوسێنەر، چ مرۆڤی چەوساوە ڕزگاری و ئازادی بەخۆیەوە نابینێت.
پاوڵۆ فرێری لێرەدا دەڵێت:"کولتووری چەوسێنەر، ئەو کولتوورە فریودەرەیە، کە زۆرجار وای لە مرۆڤەکان کردووە، داوای "بوونێک" بکەن وەک "بوونی" چەوسێنەرەکان، لە ڕاستیدا بوونی چەوسێنەرەکان بوونێکی ساختەیە".
بۆ نموونە، زۆرجار گەلی کورد وا ڕاهێنراوە، کە داوای حوکمی خۆی دەکات وەک حوکمی نەتەوە سەردەستەکان، ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیە. دەسەڵاتی نەتەوە سەردەستە چەوسێنەرەکان دەسەڵاتێکی نا ئەخلاقی سیاسی و کۆمەڵایەتیە، کولتوورێکی نامرۆڤییە.
ئەوەی من تێیگەیشتووم، "ناهوشیاری" نەتەوەی چەوساوە و چینی چەوساوە و ستەملێکراوان، زۆر زیاتر ترسناکترە لە بوونی چەوسێنەران، هەتا بە تەواوەتی نەتەوەی چەوساوە، چینی چەوساوە، ستەملێکراوان، وەک ژنان، منداڵان، گەورەساڵان، نەخۆش و پەککەوتووان، تێ نەگەن لەوەی، کە پێویستە خەبات و تێکۆشانیان پێش ئەوەی بۆ لابردنی چەوسینەران بێت و دژی چەوسێنەران بن، دەبێت بزان و بیریان بێت، کە تەنها سڕینەوەی دۆخی چەوساندنەوە دەیانگەیەنێت بە ئازادی و ڕزگاری. ئەو ئازادی و ڕزگارییەی کە خودی خۆیان و چەوسێنەر و ستەمکارانیش پێکەوە ڕزگار دەکات. بە واتایەکی تر "مرۆڤوون" "پێکەوە ژیان" "پێکەوەبوون""تۆلێرانس" "شکۆمەندی" بۆ هەر تاکێک و بۆ هەر نەتەوە و گروپ و دەستەیەک وەک یەک دەگەڕێتەوە.
تاک و نەتەوە و چینی هۆشیار، ئەوانەن، کە خۆیان لە واقیعە بەرجەستەبووە چەوسێنەرەکە ئازاد کردووە. واقیعی چەوسێنەری بەرجەستەبوو زۆرجار توانیوێتی و دەتوانێت بیرکردنەوەیەک دروست بکات، کە بە میهرەبانیی چەوسێنەران خۆشنوود بێت و گیا بێنێتە چۆکان، ئیتر وا دەزانێت، کە "بوون" و "شکۆمەندی" ئەوەیە، کە لە ئاغای دەسەڵاتدارەوە دێتە خوارەوە بۆی. ئەوەی بیر دەچێت، کە هەموو مرۆڤێک لە خۆیدا شکۆمەند و ئازادە، ئەوەی "بوون" و "شکۆمەندی" و "ئازادی" و "سەربەخۆیی" لێ داگیرکردووە، ئەوە دەسەڵاتدارە میهرەبانەکانن.
ئەمەی باسمان کرد، لەم نووسینە سادە و ساکارەدا، ئەوەیە، کە سڕینەوەی دۆخی چەوساندنەوە و ستەمگەری بە خەبات و تێکۆشانێک دێتە ئاراوە، کە سیستم و پرۆسەیەکی پەروەردەیی دیموکراسیانە و مرۆڤسازیی و نەتەوەسازیی و زهنسازیی ئامانج و دوا مەنزڵی بێت. کەواتە خەبات و تێکۆشانی پەروەردەییانە خەبات و تێکۆشانی سیاسیانەشە. سیستم و پرۆسەی پەروەردە لە سیستم و پڕۆسەی سیاسیی جیاناکرێتەوە.
69 جار خوێندراوەتەوە