١٦ی شوبات: مانیفێستی زیندووکردنەوەی ڕۆحی گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان تەنها وەچەرخانێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو ئەو چرایە بوو کە لە تەمومژاویترین کاتدا بۆ تێکشکاندنی قۆرخکاری و چەسپاندنی شکۆی مرۆڤ داگیرسا. گۆڕان خەونی هەزاران ئازادیخواز بوو بۆ سەروەریی یاسا و دادپەروەری.
ئەمڕۆ، ئێمە لە وێستگەیەکی مێژووییدا ڕووبەڕووی ویژدانی خۆمان دەبینەوە. هاوڕێیان و هەڵسووڕاوە دڵسۆزەکان، بزووتنەوەکەمان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی جەوهەریدایە. ئەو ڕێبازەی "نەوشیروان مستەفا" و هەموو گۆڕانخوازان بە ماندووبوونی خۆیان دایانڕشت، نابێت بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسک.
گۆڕان کاتێک گۆڕانە کە فیکر و دامەزراوە بڕیار بدەن، نەک ئینتیما و پەیوەندیی خزمایەتی.
پەیامی ئێمە بۆ ١٦ی شوبات، پەیامی گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵ:
شکۆی ئەم بزووتنەوەیە لەوەدایە کە حیزبی "کەس و بنەماڵە" نییە. ڕێگە نادەین فیکری گۆڕانخوازی دوای کۆچی ڕێبەرەکەمان، بەرەو مۆدێلە کۆن و تەقلیدییەکان ببرێت.
تێدەکۆشین بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسی بگەڕێتەوە ناو ئۆرگانەکان. دەمانەوێت گۆڕان وەک هێزێکی نوێخواز بمێنێتەوە، نەک ببێتە پاشکۆی ئەو سیستەمەی کە خۆمان بۆ ڕەخنەکردنی هاتینە مەیدان.
١٦ی شوبات دەبێت ببێتە ڕۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی جەماوەر بەسەر هەوڵەکانی تاکڕەویدا. ئێمە لێرەین تا بسەلمێنین گۆڕان وەک "ڕۆح" و "فیکر" نامرێت.
گۆڕان هی هەمووانە و بە دامەزراوەیی دەمێنێتەوە!
55 جار خوێندراوەتەوە