یەکگرتنەوەی گۆڕانخوازان، پێویستی ئەم قۆناغەیە!!

ئەم نووسینەم، وتاری سیاسی نییە، بەڵکوو نامەیەکی سادە و ساکارە لە منێکی گۆڕانخواز لە "بادینان"ەوە، لە دڵەوە نووسیمە و ئاراستەی دەکەم بۆ گشت گۆڕانخوازانی هەرێمی کوردستان و هاندەران، داوایان لێ دەکەم بگەڕێننەوە بۆ عەقڵ، بۆ بەرپرسیارێتیی مێژوو، بۆ ڕۆحی گۆڕان!! هەر لەبەر ئەوەش ناوی هیچ کەس ناهێنم و کەسیش تەخوین ناکەم، ئۆباڵی دابەشبوون و هۆکاری شکستی گۆڕان و دوورکەوتنەوە لە ڕێڕەوی خۆی بنەڕەتی وەک ڕەوانشاد بۆی کێشاوە و بەرنامە و بنەماکانی ستراتیژی بۆ دایناوە، ناخەمە پاڵ هیچ کەسێک یان گرووپێک. مەدح و سەناش بە شان و باڵی کەسیش ناڵێم.

هاوڕێیان، هەموومان دەزانین ناکۆکی و ململانێیەکانی هەردوو ئاراستەی گۆڕان، زۆر قوڵن!!. هۆکارەکانیش بەشێکیان سیاسین و بەشی دیکەیان بەستراون بە ئەدا و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی ناوخۆیی، و بەشی هەرە سەرەکیش ماددی و شەخسین. کەواتە هیچ کام لەو هۆکارانە "فیکری" نین، و هەموومان لەسەر ڕێباز و بەرنامەی ڕەوانشاد کۆکین و کەسیان لایان نەداوە و هێشتا بنەما ئەساسی و ستراتیژییەکانی گۆڕان پارێزراون. ئەمەش خۆی لە خۆیدا کزەهیوایەک بە هەموومان دەبەخشێت کە ئەم بزووتنەوەیە دووبارە بگەڕێنینەوە بۆ ڕێڕەوی ڕاستی خۆی. ئەو ڕێڕەوەیەی کە گۆڕان سەنگی خۆی هەبوو، دەنگ و ڕەنگی خۆی هەبوو، و کاریگەرییەکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی دیار و بەخش هەبوو، هەم لە هەرێمی کوردستان و هەمیش لە عێراق.


ئێمە وەک گۆڕانخواز دەبێت خوێندنێکی واقیعیانە بۆ ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکان بکەین لە هەرێم و عێراق و ناوچەکە، ئینجا ئەم پرسیارانە لە خۆمان بکەین: تا کەی ئەم دابەشبوونە؟! و لەپای چی و لەپێناو چی؟! چارەنووسی بزووتنەوەی گۆڕان چی دەبێت و چی بەسەرمان دێت، گەر ناوماڵی خۆی ڕێکنەخەین و یەکتر نەگرینەوە؟!

دیارە بۆ چارەسەری کێشەکان و ئاشتکردنەوە، هەوڵی زۆر دراوە و پێشنیاری جیاجیا و باش پێشکەش کراون، بەڵام مەخابن هەموویان بێ‌ ئەنجام بوون. دەزانم قورسە بەڵام کۆتاییی دونیا نییە، با بێ هیوا نەبین و با نەچینە ناو وردەکارییەکان و کەس خەتابار نەکەین کە کێ هەقە و کێ ناحەق، کێ سپییە و کێ ڕەش، کاتی ئەوە نییە.


ئێستا دەرفەتێکی تر ڕەخساوە بۆ گۆڕان ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە کۆنفرانس لە شاری کەرکووک ببەسترێت، وەرن با پێکەوە لە هۆڵی کۆنفرانس بە شێوەیەکی هێمنانە و ئارام و دیموکراسی ڕاو بۆچوونی خۆمان ئاڵوگۆڕ بکەین و لەوێ دەرنەکەوین تا یەکڕیزیی خۆمان ساز نەکەین و بە یەک ئیرادە و دەست لەناودەست یەک بگرینەوە.


هاوڕێیان، هەموومان ئاگادارین کە هەرێمی کوردستان لە ژێر قەیرانێکی قووڵی حوکمڕانیی حیزبی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی خراپ دەژی. هەروەها باش دەزانین کە حکومەتی عێراق لەولایە، چ مامەڵەیەکی نادادپەروەرانە و سەخت دەکات لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان.


هاوڕێیان، پێشهاتە و ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە بەرەو گۆڕانکارییەکی مەزن دەڕۆن؛ گۆڕانکارییەک کە ئەگەر گەلی کورد ناوماڵی خۆی ڕێکنەخات و یەکڕیز نەبێت، ئەوا چارەنووسمان لە مەترسییەکی گەورەدایە. دوژمنەکانی کورد لە کورد بە‌هێزترن!!، سەیری گەلی کورد بکەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە سەرقاڵی تێکۆشانن بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە ژێر ڕژێمی ئێران. لە ڕۆژئاواشدا براکانمان شەڕی مان و نەمان دەکەن دژی هێزە تیرۆریستییەکانی جۆلانی و داعش و چەتەکانی تورکیا. لە باکووریشدا کورد بە هەمان شێوە بارودۆخیان باش نییە و لە جەنگدان دژی تورکیای داگیرکەر.


هاوڕێیان، هەموومان بینیمان ئەو دوو منداڵە بچووکەی سلێمانی و هەولێر، کە ئاڵای کوردستانیان لەسەر شانی خۆیان هەڵگرتبوو و بە حەماسەوە هاتبوونە سەر شەقام بۆ ئەوەی هەست و سۆزی خۆیان دەرببڕن بۆ پشتیوانیی گەلی ڕۆژئاوا. یان ئەو ژنان و گەنجان و پیرانەی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجەی شەهیدان، لەگەڵ کوردانی ئەورووپا و جیهان، بینیمان هەموویان چوون بە یەک دەنگ بانگیان دەکرد: (یەکە، یەکە، یەکە؛ گەلی کورد یەکە)!!


هاوڕێیان، گۆڕەپانەکە چۆڵە، خەڵک چاویان لە ئێمەیە؛ چاویان لە پڕۆژەی ڕەوانشاد و بزووتنەوەی گۆڕانە..

97 جار خوێندراوەتەوە