دیموکراسیەت، بەهاکانی مرۆڤ


هیچ کاتێ وەك ئێستا کەلتووری دیموکراتی و نرخە دیموکراتییەکان لەبەر شاڵاودا نەبوون ، بە جاوگێڕانێکی خێرا بە بارودۆخەکاندا ئەمەمان پتر بۆ ئاشکرادەبێت جیهانیەکانی و ئەنتەرنێت و بانکە جیهانی و بزووتنەوەکانی وەك ڕیسیزم و فەنددەمەنتالیزم و ناسیۆنالیزمە تووندڕەوەکان ، چەمکی دیموکراتی بۆ ڕەوایەتییەخشین بە بوونی خۆیان بەکاردەهێنن ،تا زەنگی مەترسی بوون بە قوربانی کەلتووری دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ لێبدەن و لەو ئەنجامە بدوێن ، کە هێزەکانی بازاڕ بەسەر کۆمەڵگای بەشەریدا دەیانسەپێنن، ڕەخنە لەم بارودۆخە و پرسیارکردن لە پرۆسەی بەجیهانیکردن ، کە لەژێر کۆنترۆڵی میکانیزمەکانی بازاڕدا ئەنجامدەدڕێت ئەرکێکە بەپێویست کەوتۆتە سەرشانی هیومانیستەکان ، چونکە بەجیهانیبوون و نزیکبوونەوەی فەرهەنگەکان لە یەکدی لەکاتێکدا، کە خەونی هیومانیستەکانە لە هەمان کاتیشدا زەمینەیەکە بۆ ڕەخنە لەلایەن هەمان ئەو کەسانەوە. ئەمەش ئەو بۆشاییە دروستدەکات ، کە تیایدا عەقڵیەتی سەرمایە بتوانێت بەئاسانی خەونی هیومانیستەکان بدزێت و ب فراوانکردنی بازاڕەکان و قازانج سوودیان لێوەربگرێت ، ئەرکی هیومانیستەکان هەر بەتەنها سەندنەوەی خەونەکان نییە ، بەڵکو پەردەهەڵدانەوەیشە لەسەر جۆنێتی خراپ بەکارهێنانەکەیان ، یەلکێکد لەو بوارانەی کە ئەم پرۆسەیەی تێدا بە باشترین شێوە ڕوودەدات بەرگریکردن و فراوانکردنی چەمکی دیموکراتی و بەهاداری نرخە مرۆڤایەتییەکانە ، واتە ڕێك ئەو مەودایەی ، کە لەلایەن میکانیزمەکانی بازاڕەوە پێشێڵ دەکرێت.

پێشێلکردنی نرخە دیموکراتییەکان ناتوانێ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ نەبێت، مافەکانی مرۆڤ لەسەر بەهاداری و نرخی ئەو زەمینەیەوە بەندن ، کە نابێت پێشێلبکرێت : نرخی مرۆڤ تەنها لەبەر مرۆڤ بوونەکەی ، بەمانایەکی تر دەتوانین باس لە پووچبوونەوەی نرخ و بەهادارکانی خێزان و دەوڵەت بکەین ، بەڵام ناتوانین بەهەمان شێوە باس لە بێخێربوونی بەهاداری مرۆڤ بکەین ، بەڵام بۆ پێشێلنەکردنی بەهاداری مرۆڤ ئامادەیی " هەستێکی ڕەوادار" پێویستە و پێویستیشە پرنسیپی داوەریکردنێکی ڕەوا و ڕاستەقینەش لە ئارادا بێت ، کە ئەمەش بەمانای قەبووڵکردنی جپرێ لە بەرپرسیای هەڵگرتنە لەئاست ئەویتردا وەك مەۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن بەها، داوەریکردن واتە توانای دەسنیشانکردنی ڕاستی لە بارودۆخە کۆنکرێتی و تایبەتیەکاندا ئەرستۆ یەکەم کەسە ئاگاداریکردوینەتەوە لەوەی ، کە هیچ یاسایەك ناتوانێ پێمانبڵێ دەبێت لە بارودۆخە کۆنکرێتیەکاندا چۆن هەڵسوکەوت بکەین ، داوەریکردنی ڕەوا بەلای ئەرستۆوە، پەیوەندی هەیە بەوەی ، کە مرۆڤ لەناوەوەی خۆیدا خاوەنی توانا و خەسڵەتی چاکەکردن بێت ، بە مانایەکی دیکە خاوەنی پەروەردەیەکی باش بێت کەواتە توانای داوەریکردن لای ئەرستۆ توانایەکی ئەخلاقییە و بریتییە لە " دیدەی ناخ" یان بریتییە لەو " نیگا ڕۆحیەی هەر فەردێ ، کە دەتوانێت ئەنجامی باش بێنێت و ئەنجا ئامرازی شیاو بدۆزێتەوە تا بگات بەو ئەنجامە و لەم ڕێگەیەشەوە دانایی بەدەستبهێنێ" واتە هەنگاو بەرەو خۆشبەختی بنێت ، چونکە خۆشبەختی دوا ئامانجە لە هەڵسوکەوتی هەر مرۆڤێکدا.

لەلای کانت هەستی داوەریکرن بریتییە لە ڕەهەندی ستاتیکی ئەزموونەکان ، کە یارمەتیماندەدات بۆئەوەی ئەو بێگانەیی و مەودایە ڕەتکەینەوە ، کە بۆتە خەسڵەتی دیاری پەیوەندی نێوان جیهانی ناوەوەی خۆمان و دنیای دەرەوەماندا ، کانی دەیویست ئەلتەرناتیڤێك بۆ ژیانی کەلتووریمان بدۆزێتەوە، کە تیایدا مرۆڤەکان وابەستەن بە یەکترەوە بەبئێەوەی بزاڤی زانست و شارستانیەتی پێشکەوتنی زانستی لەمەدا بڕیاردەربێت ، لێرەشەوە داوەریکردن بۆ کانت بریتیبوو لە توانای بیرکردنەوە لەو " تایبەتمەندی" ، کە وەك بەشێ لە ناوەڕۆکی " گشت" ێکدا دیارە ، بە زمانێکی تر داوەریکردن لەسەر هەستی هاوبەش مرۆڤەکانەوە دروستدەبێت ، مەبەشتیش لە هەستی هاوبەش بریتییە لە مەبەستی ئاسایی یان ئەو شێوازە ئاساییەی ، کە خەڵک لەڕێگەیەوە داواریدەکەن و پەرچەکردار لەئاست دیاردە و ڕووداوەکاندا دەردەبڕن، ئەوەی ، کە مرۆڤ دەتوانێت پەرچەکرداری لەئاست ڕوودواکاندا هەبێت نیشانەی بوونی " جەستەیی" مرۆڤ لە جیهاندا ، جەستە هەستدەکات و هەستکدنەکەشی دەبێتە هۆی نواندنی پەرچەکردار و هەڵسوێستوەرگرتن لەئاست ئەو شتانەی لە دەوروبەری ڕوودەدەن ئەمەش بەمانای ئەوەیە ، کە ڕووداوەکان لە پێشاندا لەلایەن جەستەوە هەستیانپێدەکرێت و " بەجەستە"" دەکرێن" ئەمجا لەلایەن توانای بیرکردنەوەوە ڕێکدەخرێت و بە عەقڵانیدەکرێن، بەڵام بەم پێیەش جەستە بە پلەی ئەکەم " شوێنێکە بۆ ژیان" نەك بۆ بیرکردنەوە ئێمە یەکەمجار بە جەستەمان لەناو ڕووداوەکاندا " دەژین" ئرمجار پاشتر بیریاملێدەکەینەوە و تەسەووریاندەکەین و ئاستێکی ئۆرگانیزەکراویان پێدەبەخشین بە گەشەکردنی زیاتری زانست و پێشکەوتن و زیادبوونی ڕۆڵی بڕیاردەرانەیزانست لە ژیان مرۆڤدا قەیرانێك لە نێوان ژیانی جەستە لەناو " ئەزموونە ئاساییەکان" دا و ژیانی جەستە لەناو ئەموونەکانی ئەو " کەلتوورە دروستکراوە" دا ، کە بەرهەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ خۆیەتی ، سەرهەڵدەدات.

گەشەی تەکنەلۆژی ئەنجامی بیرکردنەوە و پلاندانانی عەقڵانی مرۆڤە و لەسەر ئەو بیرەوە دامەزراوە ، کە تەکنەلۆژی دەبێتە هۆی سازدانی کۆمەڵگایەکی ڕەوا و دابەشکردنی یەکسانی بەروبووم لەنێوان مرۆڤەکاندا ، واتە دەوڵەمەندی کراوەتە مرەجی هاتنەدی یەکسانی و ڕەواداەی و خۆشبەختی لەم سەدەیەشدا ئەم بیرە بەجۆرێك ڕیشەی داکوتاوە و پەلیکێشاوە ، کە مرۆڤ نەك هەر توانای بڕیاردانی بەسەر بزاڤی گەشەی تەکنەلۆژیادا ناماوە، بەڵکو چیدی ناشتوانێت بڕیار بەسەر ژیانی فەردی و کۆمەڵایەتی خۆشدا بدات ، بە مانایەکی تر ئەمە خەسڵەتی هەرە دیاری کۆمەڵگای مۆدێرنە ، لەم کۆمەڵگایەدا داوەرییکردنی بۆ نموونە ئێکسپێرت و ڕاوێژکارە کۆمەڵایەتی و خاوەن بڕیارەکانی دیکە، ناتوانێت داوەریکردنێکی ڕەوا بێت ئەگەر هاتوو لەسەر بیرکردنەوەی ورد و بنەمای پەیوەندی نزیکەوە لەگەڵ مرۆڤەکاندا دانەمەزرانێت ، داوەریکردن ناتوانێت داوەرییرکی ڕەوا بێت ئەگەر تەنها ڕەچاوی بەندەکانی یاسا و ئەوەی بەپێی یاسا " ڕاستە" بکات بۆئەوەی ئەو داوەرییکردنە ببێتە داوەریکردنێکی ڕەوا پێویستە لە هەمان کاتدا لە ڕووی ئەخلاقیشەوە ڕەوابێت ، بەمانایەکی تر کاتێ داوەریکردن ڕەوایە ، کە بەندەکانی یاسا و هەڵسوکەوتی بەرپرس و کارمەندەکان بەپێی مەرجە ئیتیکیەکانی " هەستی داوەریکردن" تەئویلبکرێن واتە تەنها بەس نییە فەرمانبەرێك بۆ نموونە ڕاوێژکارێکی کۆمەڵایەتی مەشروعیەتی بڕیارەکانی بە پشتیوانی و بە ئاماژەکردن بۆ " یاسا" بسەلمێنێ ، بەڵکو ئەو وەك فەرمانبەرێك دەبێت هەوڵبدات ئەو مرۆڤە لاناو بارودۆخی خۆیدا " ببینێ" ، کە ئەم لە ژیان و چارەنووسی ئاگایە و ئەمەش وەك بەرپرسیاریەکی ئینسانی لەسەرشانی خۆی لەبەرامبەر ئەویتردا قەبووڵبکا بە مانەیەکی تر، داوەریکردنی ڕەوا لەسەر ئەو ئەزموونانەی مرۆڤەوە دروستدەبێت ، کە دەکەون " پێش" دروسبوونی بەندەکانی یاساوە، واتا دەبێت ئەزموونی ژیانی جەستەیی مرۆڤ لە دنیادا لەبەرچاوبگیرێت ، کە وەك پێشتر گوتم ئەزموونێکە دەکەوێتە پێش بیرکردنەوەی عەقڵانییەوە لەوەشدا ، کە یاسا ئەنجامی بیرکردنەوەیەی عەقڵییە ، دەبا ئێکسپێرتەکان تەسەووری ئەو بارودۆخە بکەن ، کە تیایدا خۆیان لەبەردەم ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئینسانیدا دەبیننەوە ، کە ناتوانن بەپێی بەندەکانی یاسا داوەری لەبارەوە بکەن ، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووخساری ئەویتردا نەك هەر بۆی هەیە بەندە دروستکراوەکانی یاسای کۆمەڵگایەك بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو یارمەتیدەرێکی باشیشە بۆ بەرفراوانکردنی ئاسۆکانی ئەو یاسایە " ڕەنگە میرلۆژپۆنتی بیگوتیا بۆ شتنەوەی کاراکتەری زەبروزەنگاوی ئەو یاسایە " کاتێك داوەرێك یان بەرپرسێکی کۆمەڵایەتی تەنها لەسەر ئاستی زانیاییە " پسپۆری" یەکانی خۆیەوە ، کە پێویستە بەندەکانی یاسای تێدا بەرچاوبگیرێت ، داوەریبکات ئەم داوەریکردنە ناتوانێت " ڕەوا" بێت بۆ ئەوەی ئەو داوەریکردنە ڕەواکارانە بێت پێویستە بەرپرسە شارەزاکان خۆیان لە بارودۆخی ژیانی ئەو خەڵکەدا ببیننەوە و لێیتێبگرن ، کە داوەریان لەبارەوە دەکەن.

506 جار خوێندراوەتەوە