ئاشکرایە هەموو جۆرە هەڵبژاردنێک کە ئەنجام دەدرێت چ بۆ ئەنجومەنە نوێنەرایەتیەکانی یاسادانان وەک پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێت یان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان پێویستی بەیاسایەکە ڕێوشوێنەکانی هەڵبژرادن و مەرج و فلتەرەکانی دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ بەشداری و خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنەکە دیاریبکات .
لەهەرێمی کوردستانیش بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان “ پەرلەمانی کوردستان “ ژمارە “ 1 “ ساڵی “ 1992 “ هەڵبژاردنەکە بەڕێوە دەچێت و ئەوەی جێگای باس و سەرنجی ئێمەیە ئەو بەشەیەتی کە باس لە مەرجەکانی خۆ پاڵاوتنی کاندید بۆ پەرلەمانی کوردستان دەکات کە تیایدا هیچ مەرجێک بوونی نیە کە باس لە باشی ئاکار “ سلوک “ و ڕەوشت “ اخلاق “ و بونی بڕوانامەی زانستی کەسی کاندید بکات .
بەڵکو مەرجەکان تەنها چەند مەرجێکی گشتین کە تیایدا ئەو کەسە دانیشتوی هەرێمی کوردستانی عێراقی بێت و اهلیەی یاسایی هەبێت خوێندن و نوسین بزانێت و بەو جۆرە تاوانانە حوکم نەدرابێت کەکار بکەنە سەر ڕەوشت و ئادابی گشتی و لەو تاوانانە بەشدار نەبوبێت کەلەلایەن ڕژێمی پێشوو ئەنجام دراون .
بەڵام بەپێچەوانەوە لە یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان دا بەپێی ماددە “ 7 “ بڕگەکانی دووەم و سێیەم پێویستە کەسی کاندید خاوەنی ئاکار و ڕەوشتێکی باش بێت و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان هاوشێوەکانی بێت .
کەئەمەش خۆی لەخۆی دا ڕۆڵی گرنگ دەبینێت بۆ فلتەر و پاڵاوتنی ئەو کاندیدانەی کە ناشایستەن بۆ چونە پەرلەمان لەڕووی ناوبانگ و ڕوشت و ئاکاری کۆمەڵایەتی لە لایەک و هیچ بڕوانامە و پسپۆڕیەکیان نیە لەلایەکی دیکەوە ، بە تایبەتی لە سەردەمی ئێستادا کە زۆرینەی ئەو کەسانەی ئەو کەسانەی خۆیان کاندید دەکەن کەسانێکی دەرکەوتوی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانن کە لەسەر بنەمای نەشیاو و دوور لە ئاکار و ڕەوشتی کۆمەڵایەتی دەرکەوتون و لەو ڕێگایەوە دەیانەوێت بچنە باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان کە هیچ کات ڕۆڵ و پێگەی ئەو کەسانە بۆ دامەزراوەیەکی وا نەک گرنگی نیە بەڵکو دەبێتە لکەو بەچاوێکی دیکە لێڕوانینی .
پارێزەر
شاڵاو ابوبکر علی
10/8/2024
119 جار خوێندراوەتەوە