پرۆسەی نوێی ئاشتی

دەبێت؟ بە دڵنیاییەوە دەبێت. دۆزی کورد زو یاخود درەنگ، لە رێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە، بە ئاشتی چارەسەر دەبێت.

من ئەمە تەنها لەبەر ئەوە ناڵێم کە ماوەیەکە باس و خواسی پرۆسەی ئاشتی گەرم کراوەتەوە، بەڵکو وەکو بۆچونێکی مەبدەئی دەیڵێم.

بەڕێز پەروین بوڵدان، لە کۆتا کۆبونەوەی فراکسیۆنی هەدەپەدا، ئەوەی بە رونترین شێوە ئاشکراکرد کە ئاکەپە بەدوای پرۆسەی ئاشتی -دا ناگەڕێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە کەوتوەتە پرۆسەیەکی تەواو لاوازبونی خۆی و توانەوە.

با راستییەکان بخەینە ڕو…
رێپێوانی گێملیک لە دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان و دواتریش ئەو دەنگۆیانەی باسی رێپێدانی بینینی ئۆجەلانیان دەکرد پێکەوە گفتوگۆیەکی چڕ و پڕیان دروست کرد.

ئاخۆ نامەیەکی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئۆجەلانەوە دێت؟ هەدەپە و ئاکەپە نزیک دەبنەوە؟ پرۆسەی ئاشتی دەست پێدەکاتەوە؟ کوردەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بێلایەن دەبن؟

ئەم جۆرە پرسیارانە و وەڵامی جیاجیای زۆریش بە دوای یەکدا هاتن.

سەرەڕای ئەوەی رونکردنەوەکانی هەدەپە لە جێی خۆیاندا بون و رون بون، وا دیارە گفتوگۆکان ناوەستن. زەرەری نییە، هەموان دەتوانن گفتوگۆی بکەن، تەنانەت لە گفتوگۆکردنیدا سود هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا گەر هەندێک راستی نەخرێنە ڕو، ئەو گفتوگۆیانەی دەکرێن ئەنجامی راستیان لێ هەڵناهێنجرێت.

ئەم راستیانە چین؟ ئەمانەن...
گۆشەگیری، شێوازێکی ئەشکەنجەی نایاسایی و نائەخلاقییە. پشتگیری کردن لە گۆشەگیری پشتگیریکردنە لە ئەشکەنجە. وەکو هەر کەسێکی دی لە زیندان، بەڕێز ئۆجەلانیش مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ خانەوادە و پارێزەرەکانی هەیە. وتنی " با گۆشەگیری هەڵبگیرێت" نە تاوانە و نە هەڵە. پشتگیریکردن لە پێچەوانەی ئەمە نائەخلاقییە و بەشداریکردنە لە تاوان.

گۆشەگیری لە روی سیاسیشەوە هەڵەیە، گەر ئۆجەلان بتوانێ قسە بکات، ئەگەرەکانی ئاشتی فراوان دەکات نەک شەڕ. ئایا ئێمە شایەدی بانگەوازەکانی و هەوڵەکانی لە بچوکترین دەرفەتدا نەبوین؟.

وەستانەوە لە دژی پرۆسەی ئاشتی بە تەواوی لایەنگیریی جەنگە، قسەکردن دەربارەی پرۆسەی ئاشتی وەکو تۆڵەکردنەوەیەکی نەفرەتی پشتگیریکردنە لە مردن نەک لە ژیان. لەگەڵ ئەمەشدا رەخنەکردنی شێوازی پرۆسەی ئاشتی، رێگاکەی و رۆتیناتەکانی و خستنەڕوی پێشنیازەکان مافی هەمو کەسێکە.

پیشاندانی ئۆجەلان بەو شێوەیەی کە پشتیوانی لە ئاکەپە دەکات بەتەواوی هەڵەیە، ناهەقییە. بەڕێز ئۆجەلان هیچ کەم و کوڕییەک نانوێنێ لە قۆستنەوەی بچوکترین دەرفەتیش بۆ ئاشتی. بە هەمان شێوە، ئەو کەسێکی ئەوەندە بەئەزمونە کە هیواکان بۆ ئاشتی نەکاتە قوربانی هەڵبژاردنێک.

ئۆجەلان هەتا ئەمڕۆ تەنانەت یەک رێنماییشی بە هەدەپە نەداوە، ناشیدات. کەسایەتیییەکی لەو جۆرەی نییە. ئەو پێشنیاز دەکات و بانگەواز دەکات. هەروەکو چۆن ئەم پێشنیاز و بانگەوازانە دەبنە باس و خواسی بەرپرسانی هەمو پارتەکان، بەو شێوەیەش لەناو هەدەپە بە گرنگ وەردەگیرێن و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێ، بەڵام خاوەنی بڕیار و ئیرادەش سەرکردایەتیی هەدەپەیە.

ئۆجەلان بەهێزترین ئەکتەری پاراستنی ئاشتییە لە ناوەوە و دەرەوەی سنورەکانی تورکیا. بە پشتیوانی و بەشداریی ئەو نەبێت ناتوانرێت هەنگاوی باش بنرێت. پەکەکە جگە لە ئۆجەلان کەسی تر بە هەند وەرناگرێ.

ئەدرەس و ناونیشانی بە دیموکراسیبون و چارەسەری کۆتایی لە پەرلەمانی تورکیایە. لێرەشدا هەدەپە و هەمو پارتەکانی تر و کۆمەڵگا بەرپرسیارن.

ئێستا ئاکەپە نە نیەت نە توانای پرۆسەی ئاشتی هەیە. ناعەدالەتی و زوڵم و گەندەڵی تا بینەقاقای هاتوە. ئاکەپە ئیرادەیەکی زۆر لاوازە کە رۆژ بە رۆژ لاوازتر دەبێ و بەرەو توانەوە دەچێ. هەر هەنگاوێکی دەینێت، جگە لە حساباتێکی بچوک و هەرزانی هەڵبژاردنەکان هیچ نیە.

بنکەی جەماوەریی هەدەپە و دەنگدەری کورد هێزێکی بەئەزمون، بەئاگا، سیاسی و رێکخراون. دەزانن چی چییە و، لە رۆژی خۆیدا دەزانن چۆن مامەڵە بکەن. هەر پڕۆسەیەکى هەڵخەڵەتاندن و سەرلێشێواندن لە ئاکەپەوە بێت بەر ئیرادەی گەل دەکەوێت و دەگەڕێتەوە.

لەباتی ئەوەی هێندە بچینە گفتوگۆی ئەوەی ئایا ئاکەپە پرۆسەیەکی تری ئاشتی دەست پێدەکات یان نا، یاخود ئەمە یارییەکە یان نا، ئەوە زۆر راستتر دەبێت ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بە رونی ستراتیژی خۆی بۆ مەسەلەی کورد بخاتە ڕو. گەر ئۆپۆزیسیۆن ئەمە نەکات، ئەوا دەسەڵات بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی پرۆسەی ئاشتی و مەسەلەی کورد بۆ خۆی. مەبەستم ئەوەیە گەر لە دوای هەڵبژاردنەکان کارەکە بچێتە دەستی ئۆپۆزیسیۆن، دەبێ لە ئێستاوە ئۆپۆزیسیۆن پێشنیازەکانی بۆ پرۆسەی ئاشتی بخاتەڕو. بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد بە ئاشتی و یەکگرتویی، گەیشتنی ئۆپۆزیسیۆن بە هەدەپەشەوە بە ستراتیژییەکی چارەسەری هاوبەش، بۆ داهاتوی تورکیا زۆر گرنگ و پێویستە.

دۆخەکە لە چاوی مندا وەهایە.

 

سەلاحەددین دەمیرتاش- زیندانی ئەدیرنە
وەرگێڕانی: رێدار فاتیح

 

 

290 جار خوێندراوەتەوە