دەرزییەکە بە خۆماندا دەکەین

هاوبەشیی تاوانی ئاکەپە- مەهەپە بە ئەنجامدانی ناهەقی و نائەخلاقیی لە عەقڵ بەدەر بۆ قۆرخکردنی دەوڵەت و تەسلیمبونی کۆمەڵگا، بەتەواوی ئەو سیستەمەی وێرانکرد کە بە شەلەشەل دەچوەڕێوە. لە هەمو دۆخێکدا دوچاری توانەوەی ترسناک دەبێت.

هەر وەکو رێگریان لێهاتوە. مەقەستەکانیان لە رێگا فڕێداوە و شریتەکانیان بەستوە. نە دەهێڵن کەس تێپەڕێ و نە خۆشیان بەرەوپێش دەچن.

لەم دۆخەدا، لەباتی ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن بکەوێتە دوای دەسەڵات، پێویستە رێگای نوێ بدۆزێتەوە و بەرەوپێش بچێت. ئەمەش تەنها لە رێگای " گۆڕانکاری"یەوە مومکین دەبێت.

گۆڕانکاری لە سیاسەتدا دڵێکی دەوێ، بوێریی دەوێ. هەتا دەتوانن خاوەنی زانست و ئەزمون بن، گەر بوێریتان نەبێ ناتوانن دەست بە گۆڕانکاری بکەن. سیاسەتکردن بە دڵێکی راهاتوەوە و بە مانەوەتان لە شوێنی خۆتان، نە حزبەکەتان و نە پەیوەندیی ناو کۆمەڵگاتان پێ دەگۆڕدرێت.

ئاکەپە حزبێکە زیاتر کار لەسەر تێڕوانینە باوەکان دەکات نەک حەقیقەت. ئاکەپە ئەم شێوازە لە سیاسەت بەتایبەتی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا بێپەروا بەکاردێنێت.

تەنانەت ئۆپۆزیسیۆن سیاسەتێک لەسەر بنەمای حەقیقەت بە پرۆژەی بەهێز و کۆنکریتی بینا بکات، گەر ئەو تێڕوانینە باوانە نەشکێنێت کە ئاکەپە دروستی کردون، ناتوانێت بگات بە بنکەیەکی جەماوەریی پان و بەرین.

لەم روەوە ئۆپۆزیسیۆن خاڵێکی لاوازی هەیە، ئەوەش ئاکەپە لە یەک ناوەندەوە ئەم تێڕوانینە باوانە دروست دەکات، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن لە چەندین ناوەندی جیاوە دەیەوێت وەڵامی ئەو تێڕوانینە باوانە بداتەوە.

بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێویستە کار لەسەر ستراتیژی هاوبەش بکرێت.
دڵنیابن گەر بە زمانی هاوبەش، میدیای هاوبەش، هوتافی هاوبەش، چالاکیی هاوبەش، پرۆژە هاوبەشاکانی چارەسەر و لە کۆتاییشدا کاندیدی هاوبەش بچنە مەیدان، ئەوا لە هەڵبژاردنەکاندا ٨٠٪ بە ٢٠٪ سەرکەوتن بەدەست دێت.

لە بارودۆخی ئەمڕۆدا، هیچ کارێکی پێکەوەیی دامەزراو لەنێوان "مێزی شەشی" و هەدەپە نابینرێت. هۆکاری سەرەکیی ئەمە بریتییە لەو تێڕوانینە باوانەی ئاکەپە دروستی کردون و وەڵام نەدانەوەی ئۆپۆزیسیۆنە بە هێرشێکی بوێرانە بۆ گۆڕانکاری.

هەڵبەتە لێرەدا تاکە بەرپرسیار "مێزی شەشی" نییە. هەدەپەش کەم و كوڕی و بەرپرسیارەتیی هەیە. گەر ئێمە سەرەتا دەرزییەک بە خۆماندا نەکەین، پێداکردنی سوژن بە هەر کەسێکی دێتە بەردەممان هیچ سودێکی نییە.

بەڵێ، هەدەپە ئەو حزبەیە کە زۆرترین هێرشی لەسەرە، ئەو حزبەیە کە دوچاری زۆرترین بەکەم بینین و ستەم بوەتەوە.

زیندانەکان پڕن لە هەدەپەییەکان، سەدان شارەوانیی هەدەپە دەستیان بەسەردا گیراوە و قەییومیان لە جێگایان داناون. هەمو رۆژێکیش دەیان ئەندامی حزبەکە لە ئۆپەراسیۆنە نایاساییەکانیاندا دەستگیر دەکرێن.

هێرشێکی زەبەلاحی میدیایی لەسەر هەدەپە هەیە. داوای داخستنی حزبەکەش لە دادگادا هێشتا بەردەوامە.

سەرەڕای هەمو ئەمانەش، هەدەپە موعجیزەیەکی سیاسییە کە بەرخۆدان دەکات و توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێ. لەمەشدا قەرزاری گەل و بنکە جەماوەرییە بوێر و فیداکار و بەجوڵەکەیەتی.

بەڵام، لە کاتی بڕیارە سیاسییەکاندا، ئەو مەغدورییەتەی هەدەپەی تێدایە نابێتە هۆکار و بەهانە بۆ مامەڵەی سۆزداری. گەر دەمانەوێت گۆڕانکاری لە تورکیادا بکەین، پێویستە بوێری پیشان بدەین ئەمە لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین. بەپێچەوانەوە، سەرەڕای ئەوەی ماف بە ئێمەیە ناتوانین بڕواپێکەر بین.

هەروەکو چۆن چاوەڕوانین لە هەمو شوێنێکدا رێز لە هەستیاریمان بگیرێت، پێویستە رێزی پێویست لە هەستیاریی ئەوانی دیکەش بگرین.

هەڵبەتە سنوری هەمو ئەم هەستیارییانەش بنچینەی هاوبەشی دیموکراسییە. هیچ کەسێک نابێت هەستیارییە تایبەتەکانی خۆی وەکو بنچینەی هاوبەش بسەپێنێت.

گەر دەمانەوێت ئۆپۆزیسیۆن بە روی کورددا بکرێتەوە، ئەوا پێویستە ئێمەش وەکو هەدەپە هەنگاو بەرەو کرانەوەی تورکیا بنێین. پێویستە نەهێڵین ناسنامەی مەغدوریەتمان بمانخاتە دۆخی خۆ بە کەم زانین و سایکۆلۆژیای رق و، پێویستە بە بڕوابەخۆبونەوە هەمو تورکیا لە باوەش بگرین.

کۆنگرەی پێنجەمی ئاسایی رۆژی یەکشەمەی رابردوی هەدەپە بە بەشدارییەکی چڕ و پڕ و هەیەجانی، ئەگەر و زەمینێکی گرنگ و لەباری بۆ گۆڕانکاری رەخساندوە.

پێویستە بە شیاوترین زمان و گوتار بۆ هەمو تورکیای رون بکەینەوە کە درک بەوە دەکەین سیاسەت و توندڕەوی لە یەک شوێندا جێیان نابێتەوە و لەناو یەکگرتویی تورکیا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین و بە جدی کار بۆ ئاشتییەکی شەرەفمەندانە دەکەین.

لە سایەی ئەمەدا دەتوانین بەشێوەیەکی ئاسودەتر باس لەو سیاسەتەمان بکەین کە ئابوری، سیاسەتی دەرەوە، پەروەردە، تەندروستی، کشتوکاڵ و دادگەری و کۆمەڵێ کایەی گرنگی تر لە وڵات دەباتە ترۆپک.

گەر توانیمان لەمەدا سەرکەوین، دەتوانین بە ئاسانی روبەڕوی ئەو تێڕوانینە باوانە ببینەوە کە ئاکەپە دروستی کردون. هەروەها ئەمە ئەگەری کاری پێکەوەیی ئۆپۆزیسیۆپنیش بۆ دیموکراسی دروست دەکات.

سەرەڕای هەنگاوە راستەکانمان، ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام بێت لە تەسلیم بون بە تێڕوانینە باوەکان، ئەوکات مافی خۆمان دەبێت کە سوژنیان پێدابکەین. کۆمەڵگا پاڵ بە هەموانەوە دەنێت بۆ گۆڕانکاری و ئێمەش هەنگاوێک لە دیموکراسی نزیکتر دەبینەوە.

لەبەر ئەمە وازهێنانمان لە ترس و راهاتنەکانمان بەسە، نەک وازهێنان لە بنەماکانمان.

وتم خۆ، گۆڕانکاری بوێریی دەوێت. ئێستا ئیدی کاتی پیشاندانی ئەو بوێرییە و دەستکردنە بە گۆڕانکاری لە خۆمانەوە. دڵنیابن کە ئەوانی تر وەکو داشی دۆمینە بەدوای یەکدا دێن.

پێویستە گۆڕانکاری لە ئێستاوە دەست پێ بکات تا لە دوای هەڵبژاردنەکانیش بە بەهێزی بەردەوام بێت.

•مەبەست لێی هەر شەش حزبی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە.

سەلاحەددین دەمیرتاش- زیندانی ئەدیرنە
وەرگێڕانی: رێدار فاتیح

362 جار خوێندراوەتەوە