گومانی تێدا نیە، كە گەلی ئۆكرانیا زەرەمەندی یەكەمە لەو
شەڕەی هەڵایساوە، ئەوان خوێنیان دەڕژێ و ئازارەكان دەچێژن و دەربەدەر دەبن و ماڵیان
وێران دەبێت، ئەوە كرۆكی ئەو شەڕەیە، كە میدیاكان دەیڕازێننەوە و بەشان و باڵی هەڵدەدەن،
ئەو شەڕە نەگریسە لەبەرژەوەندی هەموو كەسێك دا بێت لەبەرژەوەندی گەلی ئۆكرانیا نییە،
ئەو فرمێسكەی رۆژئاواییەكان بۆ گەلی ئۆكرانیای دەڕێژن فرمێسكێكی تیمساحیە، لەسەرەوە
بۆی دەگریەن ولەژێرەوە ئاگرەكەی خۆش دەكەن!.
ئەوان هانی ئەو شەڕە دەدەن، بۆئەوەی بارزگانی وماشێنی پیشەسازی
شەڕی ئەوان باشتر وەرچەرخێت، ئەوان چەك دەدەنە خەڵكی ئۆكرانیا، یارمەتی داراییان دەدەن،
بۆئەوەی لەپەنای بەرگری لە نیشتمانەوە باشتر بكوژرێن وباشتر بكوژن، گەرمكردنی ئاگری
ئەو شەڕە لەلایەن میدیاكانی رۆژئاواوە، تەنیا بۆئەوەیە شەڕەكە زیاتر بكێشێت وبەرژەوەندیە
داراییەكانی ئەوانیش باشتر مسۆگەر بێت وقازانجی زیاتر بەدەست بێنن.
ئەوەی جێگای سەرسامییە سەرباری ئەوەی خەریكە شەڕ هەموو
خاكی ئۆكرانیا دەگرێتەوەو رۆژ بەرۆژ روبەڕەكەی فراوانتر دەبێت و خەریكە تەڕو وشك بەیەكەوە
بسووتێنێت، كەچی هیچ بەرژەوەندیەكی بازرگانانی شەڕ، بازرگانە ئەوروپییەكان نەكەوتۆتە
مەترسییەوە، تاوەكو ئێستا ژێرخانی ئابوری ئۆكرانیا بەهەموو شێوەیەك خاپوور دەكرێت،
تەنیا ئەو بۆڕیانە نەبێت، كە گازی روسی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەگوازێتەوە، بەرژەوەندی
روس و ئەوروپییەكان لە پاراستنی ئەو بۆڕیە گازانە یەكدەگرێتەوە، ئەگەر روسیا شەپۆڵی
گازی خۆی بۆ ئەوروپا رابگرێت، ئەو كاتە پیشەسازی وبازرگانی وتەنانەت ژیانیش لەئەوروپا
زەرەمەند دەبێت، ئەگەر ئەوروپاش چیتر گازی روسیا نەكڕێت، ئەوە گەورەترین سەرچاوەی
دارایی روسیا وشك دەبێت و رەنگ بێت ببێتە هۆكارێك بۆ راگرتنی شەڕ، بۆیە هەردوو
لاباسی هەموو شتێك دەكەن، باسی ناردنی بۆمب و تانك و پارەو هەموو شتێك دەكەن، بەڵام
هەرگیز خۆیان لەقەرەی باسی بۆڕیە گازەكان نادەن، ئەوەیە بێ ئەخلاقی ئەوەی پێی دەڵێن
زلهێزەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دەبوایە سیاسەتمەدارەكانی ئۆكرانیا زوو دركیان بەو
راستییە بكردبوایە، هەرچەندە رەنگ بێت وەك سیاسیەكانی لای خۆمان دركیشیان پێكردبێت
و بەڵام ئەوانیش ئیرادەیان لەدەست خۆیان نەبووبێت، یاخود نەمابێت!.
507 جار خوێندراوەتەوە