جوانییەكان لە دوا چركەكانی ساڵدا

هەندێك رووداو هەیە، سەرباری كارەستباری  وئێش وئازاریان، دنیایەك جوانی دەردەخەن و نیشانی دەدەن، كە رەنگ بێت بۆ ماوەیەكی زۆر كار لەسەر ناشیرینكردنی ئەو جوانیانە كرابێت، یاخود بەهۆی ماندوبون و شەڕی راگەیاندنەوە، كۆمەڵگا وەكو پێویست بایەخی پێنەدابێت، یاخود چاوی نەیبینیبێت، كە دیارە ئەم چاوبەستن و فریودانە، لەكۆمەڵگای كوردی كراوەتە دیاردەو خەڵك تەنیا شتە ناشیرینەكانی دەسەڵات دەبینێت و بەرامبەر ئەمەش هەموو ئەو جوانیانانە فەرامۆش دەكات، كە لەناو خودی خۆیدا رەگی داكوتاوە.

لافاوەكەی هەولێر، سەرباری ئەو لایەنە نەرێنیانەی قسەی زۆری لەسەر كرا، وەكو هەموو بابەتێكی تر، بووە هۆی هێنانە ئارای گەڕەلاوژەیەكی سیاسی لەنێوان هێرش بردن و بەرگریكردن، پێگەیەكی گرنگی لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەوە، جارێكی تر ئەو جوانیانە فەرامۆش كران، كە دوژمنانی كورد، بەخۆماڵی ودەرەكیەوە كار لەسەر تیكشكاندن و ناشیرینكردنی دەكەن، ئەویش بەرزی گیانی بەتەنگەوە هاتن و یارمەتدانی یەكترە لەناو كۆمەڵگای كوردی! كەس ئەو سەرمایەدار وهەژارو مامۆستا و پیاوی ئاینی و كاسب وخوێندەوارو نەخویندەوارەی سلێمانی وهەڵەبجە و دوزخۆرماتوو و گەرمیان و دهۆك و زاخۆی نەبینی و سەرنجی راكێشا، كە بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و گیانی مرۆیی و نەتەوەییەوە، كۆمەكیان بۆ لێقەوماوان و زیانلێكەتووانی لافاوەكەی هەولێر كۆدەكردەوە، هیچ دیمەنێك وەك دیمەنی ئەو ئاژەڵدارانە جوان نەبوو، كەلەچاوی لێقەوماوی خۆیانەوە سەیری شوانەكەی هەولێریان دەكرد وبەدەست و دیاری رانێك لەسەر مەڕ و ئاژەڵی تر، هاتنە تازیەباری ئەو شوانە كۆست كەوتووە! دیمەنی ئەو گەنجە خۆبەخشانەی كۆمەك و یارمەتیان كۆدەكردەوە، سەرنجی كەسی رانەكێشا! نازانم بۆ نووسەرانی كورد، كار لەسەر نیشاندان و بەرز نرخاندنی ئەو دیمەنە جوانانە ناكەن!؟ كە گیانێكی كەم وێنەیەو موچڕك بەجەستەی مرۆڤ دادەهینێت و ئەوە دەسەلمێنێت، كە كورد لەباشوور، سەرباری هەموو شتێك، تاوەكو ئێستا ئەو جوانیانەی پاراستووە، كە شایەنی مانەوە و پێشكەوتن بێت.

لافاوەكەی هەولێر ئەوەی سەلماند، كە تا ئێستا گیانی نەتەوەیی بوون و مرۆڤ بوون لەناو ناخی تاكی كورددا رەگی داكوتاوە و هیچ هێزێك نەیتوانیوە و ناتوانێت هەڵیتەكێنێت، لەپاڵ ئەوەدا ئەوەی جێگای داخە جگە لە خەڵكی شارو گوندەكانی باشووری كوردستان، هیچ شارێكی تری عێراق، سەرباری ئەوەی هەولێر باوەشی بۆ هەموویان كردەوە ولە تاریكترین چركە ساتەكانیاندا، سەرباری ئەوەی ئەوان بەشداریان لە جینۆساید كردن و رەشە كوژكردنی كورد كردبوو، باوەشی بۆ كردنەوە و تاوەكو ئێستا لەهەولێر ژیانێكی پڕ ئارامیان بۆ دابینكراوە، كەچی هێندەی من زانیاریم هەبێت، كەسێكم نەبینی، نە رۆشنبیر ونەرێكخراوەكان و نە ...نە...نە بیر لەوە بكاتەوە، وەك شارەكانی تری كوردستان بیر لە بەهاناوەچوونی هەولێر بكاتەوە!

هیوادارم تاكی كورد، بەرۆشنبیرو خویندەوار و نەخوێندەوارەوە، كار لەسەر بەرزرنرخاندن و بەهێزكردنی گیانی هاریكاری وبەتەنگەوەهاتنی یەكار بكەن وبیپارێزن، لەبەرئەوەی ئەو گیانە كۆڵەگەیەكی سەرەكی مانەوە وبەردەوام بوونەو هەوێنێكی رەسەنە بۆ لەیەكتر نزیككردنەوە ورێكخستنەوەی ناوماڵی كوردی.

845 جار خوێندراوەتەوە