سیستەمی تاقیکردنەوە وەک مادەی هۆشبەر

ئەوەی لەم دووسێ رۆژەی رابردودا لەهەرێم گوزەرا ئەوەی پێ وتین خوێندن بووە بەجۆرێک لە یاری و سەرقاڵکردنی منداڵ و گەنجی کورد و هۆکارێک بۆکات بەسەربردن، هیچ پەیوەندی بەو راستەڕێیەوە نیە کە منداڵ و گەنج لەتەواوی دنیادا پێیدا تێپەڕێت بۆگەیشتن خەونەکانی.

 لاوازی فلتەرەکان لە بڕینی قۆناغی بنەڕەتی بۆ ئامادەیی و ئامادەیی بۆخوێندنی باڵا، وادەکات بەشێوەی ماراسۆن و بەلێشاو گەنجی کورد بەرەو زانکۆو پەیمانگاکان بڕوات، ئەم گەنجانە هەریەکەی بە بڕوانامەیەکی ئامادەییەوە لەبەردەم سیستەمی زانکۆلاینی زانکۆو پەیمانگاکان دەوەستن و دەبنە نێچیرێکی چەور لەبەردەم سیستەمی قۆڵبڕین و هەڵتەکاندنی گیرفانی کوڕی هەژار و بەدبەخت، بەناوی پارالێڵ و زانکۆی ئەهلی و چی وچی..

 ئامانجی سەرەکی لە گۆڕینی نیزامی تاقیکردنەوەو سوککردنی نمرە بۆ دادۆشینی گیرفانی خەڵک بوو، بوو بەجۆرێک لەمادەی هۆشبەر، هەڵمژینی لەقۆناغی یەکەمدا نەشئەیەکی خۆشیدا بە خوێنکارەکانمان، بەڵام بەجۆرێک لەکۆتایدا سڕی کردن کە شتێک نەمایەوە بەناوی پێگەو خەونی دواڕۆژیان، بۆیە ناچارن زۆرینەیان چەندین ساڵ کاتیان بەفیڕۆ بچێت بەدەم وازهێنان لەقۆناغی ئاڵودەبوون بەنمرەی بەرز.

ئەی چارەسەر؟
باشترین چارەسەر لەئێستادا و تادرەنگ نەبووە و پڕۆسەی خوێندن ئەوەندەی تر بەرەو هەڵدێر نەچووە، لە دوخاڵدا پوختی دەکەمەوە:
یەک/ بەهێزکردنی فلتەری گەیشت بە ئامادەیی، بە جۆرێک لانیکەم کۆنمرەی کەمتر لەحەفتاو پێنج نەتوانێت لەبنەڕەتی بچێتە ئامادەیی، لەهەمان کاتدا کردنەوەی پەیمانگا پیشەییەکانی بوارەجیاجیاکان کەبازاڕ پێویستێتی، بۆئەوەی منداڵەکان لەتەمەنی نەوجەوانیەوە رشتەو پسپۆڕی خۆیان وەربگرن و چیتر دەیان هەزاریان بەدەستوپێ سپی و کۆڵەواری دەستوپەنجەوە لەبەردەم سستەمی قۆڵبڕینی حکومەتدا نەوەستن.

دوو/ داخستنی بەشێکی زۆر لە کۆلێژەکانی زمان و زانستەکۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکان، چونکە نەفێری زمان دەبن و نەسودێکیان بەخۆیان و دەەوروبەر دەگەیەنن لەئەمڕۆدا بەهۆی زۆری رێژەی دەرچوانیان لەئێستادا بەبێکاری، لەبەڕامبەردا خەرجکردنی بودجەو مەسرەفی ئەو کۆلێژانە بۆ پەیمانگا پیشەییەکان.

پێویستە خەڵک چیتر لە تاریکی دواڕۆژی منداڵەکانیان بێ دەنگ نەبن. دەبێ بیرلەوە بکەنەوە لەئێستادا دەزگایەکی پارە کۆکردنەوە بیت یان بۆ ناردنی کوڕەکەت بۆ دەرەوەى وڵات، یاخود بۆ کری خوێندنی کوڕو کچەکەت لێرە، خۆشت تادەمری لەژیاندا دەبێت خۆت هەڵقرچێنی.

204 جار خوێندراوەتەوە