بزوتنەوەی گۆڕان لە قوڵایی كەوتندا دەتوانێت چی بكات؟ لە پێناو هەستانەوە

كەوتنی گۆڕان بریتیە نیە لە سەركەوتنی ئەوانی دی، لە بنەرەتدا بریتیە لە لێپرسینەوە لە سەركردایەتی ئەم بزوتنەوە یاخییە، سروشتی بزوتنەوەكە وادەخوازێت كە بە ئاسانی مل بۆ داواكارییەكانی دەسەڵات نەدات، بە ئاسانی تەسلیمی واقعێكی سەپێندراو نەبێت هەروەك بێ مەرج دەستوپەنجەی لەگەڵ دەسەڵات تێكڵاو نەكات، كەوتنی بزوتنەوەكە كۆمەڵێك هۆكاری جەوهەری لە پشتەوەیە كەلە پێش هەر هۆكارێكدا، كوشتنی رۆحی یاخیانەی بزوتنەوەكە لەلایەن سەركردایەتی ئەم بزوتنەوەیە بە شاهۆكار ئەژماردەكرێت، بەباوەری من زۆر نەزانانە ئەنجامیاندا، دروست كەوتنی بزوتنەوەكە بریتیە لە دەرئەنجامی پیادەكردنی جۆرێك سیاسەت بەبێ تێگەیشتن لە واقع و سروشتی لایەنگرانی بزوتنەوەكە، ڕەنگە زۆر گونجاوبێت بڵێین ئەو هاورێیانە سەركردایەتی بزوتنەوەكەیان دەكرد هیچ شتێكیان لەسەر ئەدەبیات و سیاسەتی بەرەنگاری و ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتی زۆرەملێ و خۆسەپێن و گەندەڵ نەزانیبێت. هەموو نەزانینێك باجی خۆی هەیە.


كەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لە راستیدا بریتی نیە لە كەوتنی هێزی بەڕەنگابوونەوەی دەسەڵات بە دەلیلی ئەوەی ئەو بنكە جەماوەریەی دەنگی ناڕەزایەتیان دژ بە دەسەڵات بەرزكردبۆیەوە نە دەنگیان بە گۆڕاندا نە دەنگیان بە ئەوانی دیدا، بنكە جەماوەریەكەی گۆڕان بە جێگیری ماوەتەوە، بروای ئەلتەرناتیفیان لا دروست نەبووە، بۆنمونە هیچ كام لەو هێزانەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكە نەیانتوانی دەنگەكانی گۆڕان بەرن، بەڵام هەمان بنكەی جەماوەری ئامادەنەبوو دەنگ بە گۆڕان بدەن، چونكە سروشتی گۆڕان سروشتێكی گۆڕاوبوو، سروشتێك بوو بە هیچ كولاجیك لە سروشتی بزوتنەوەكە نەدەچوو.


سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان ملیاندا بۆ دەسەڵات، بەڵام بنكە جەماوەریەكەی گۆڕان نە ملیان بۆ دەسەڵاتدا نە بۆ سیاسەتە چەوتەكانی سەركردایەتی گۆڕان.


ئەمە جەوهەری پرۆسەكە، كەوتنی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بریتی نیە لە كەوتنی بنكە جەماوەریەكەی گۆڕان، چونكە تا رێژەیەكی بەرز بایكۆتی دەنگدان لە دەنگدەران زیاتر بوو، ئەو هالەیەی بە دەوری بزوتنەوەی گۆرانەوەن هەمان هالەیە هێشتا لە خەمی بزوتنەوەكەدان، ڕەنگە بتوانین دەیان فاكتەر و پاڵنەر لە پشت كەوتنی گۆڕانەوە ریزبكەین بەڵام هەموویان دەچنەوە سەر ئەو خاڵەی گۆڕان لە ئیدارەدانی سیاسەتی گشتی ناوخۆیی و سیاسەتی رووبەروبونەوەی فاكتەكان تێنەگەیشت و كالفامانە كەوتە گەمەی دەسەڵاتەوە.

گۆڕان دەتوانێت چیبكات؟ دەتوانێت چۆن پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەنگدەرانیدا بینابكاتەوە، چۆن دەتوانێت هەڵە ستراتیژیەكان راستبكاتەوە؟ چۆن دەتوانێت متمانەی دەنگدەرەكانی بە دەستبهێنێتەوە؟ گوتاری سیاسی گۆڕان چۆن دەتوانێت چەمكی گۆڕان لە قوڵایی گوتارەكەیدا بە نەهجێكی روو تەوزیف بكاتەوە؟ لە راستیدا سێ چەمك هەیە كە دەبێت لە نێو بزوتنەوەی گۆڕاندا ماناداربكرێنەوە، دژە گەندەڵی – بێدەنگ نەبوون – مل نەدان واتە یاخیبوون.


ئەركی بزوتنەوەی گۆڕانە ئەم سێ رووبەرە بكاتە دیدی بزوتنەوەكە و بە ئاشكرا كاری جدیان لەسەربكات، لادان لەسەر ئەم سێ رووبەرە و پەلهاویشتن بۆ پێنانە نێو رووبەری تر بریتیە لە خۆكوشتنی بزوتنەوەكە، قیادەی بزوتنەوەكە دەبێت بەروونی تەفسیر بەم چەمكانەبدەن، دەبێت بیسەلمێنن ئەوان قیادەی بەرەیەك دەكەن دژ بە بێدادی، نەك تەبریهێنانەوە بۆ بێدادی، دەبێت سوربن لەسەر ئازادی نەك ببنە بەشێك لە ستەمكاری، دەبێت بەتەواوی بیروباوەرەوە دژ بەم دەسەڵاتە سەتمكارەبن نەك پارێزەری رووكنێك بن لە رووكنەكانی دەسەڵات، دەبێت ببنە رووناكی بۆ نێو شوێنە تاریكەكانی دەسەڵات نەك خۆیان ببنە شەوەزەنگی رووبەرە هەستیارەكان، دەبێت گۆڕان ئازایانە دەستبخاتە سەربرینەكانی كۆمەڵگا نەك برینەكان داپۆشێ.


بەكوتی هەر كەسێك دەچێتە قیادەی ئەم بزوتنەوەیە دەبێت هەڵگری رۆحێكی یاخیگەرانە و ئازایانەبێت لە پێناو ئازادی و دژ بە گەندەڵی، دەبێت لە ترپەی دڵی تاك بە تاكی ئەم كۆمەڵگایەوە نزیكبێت كە هەر یەكێكیان خاوەنی چیرۆكێكی پر لە حەسرەتن.

1005 جار خوێندراوەتەوە