بزوتنەوەی گۆڕان بە رەخنەگرتن بەهێز دەبێ

ئەوەی وادەکات گۆڕان بکەوێتە بەر ئەو لێشاوە رەخنەییە توندەی لایەنگران و دۆست و نەیارانی ئەم بزوتنەوەیە، دەرئەنجامی ئەوە نیە کە گۆڕان بەشداری حکومەتی هەرێمی کردوە، یاخود تیمی گۆڕان لە حکومەتدا کارەساتیان خوڵقاندوە، ئەگەرچی بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەتدا بریتیە لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان  بەباش و خراپیەوە، کە ئەمە بۆ گۆڕان نە تاوانە و نە فەساد و نە دزیە، بەڵام لە بنەرەتدا گۆڕان بۆ ئامانجێکی گەورەتر بەشداری حکومەتی کردوە، کە تێدا لە رێگەی حکومەتەوە بەشێک لە بەرنامە چاکسازیەکه‌ی، جێبەجێ بکات، گەر بەشداریکردن لە حکومەتدا عەیبەبێت، دەبێت هەمو حیزبەکانی دی ببنە سەندیکا و کۆمەڵەی خێرخوازی، ئەمە تەبری ئەوە نیە کە بێدەنگی گۆڕان یەکسان بێت بە بەشداریکردن لە حکومەتدا، دۆخەکە چۆنە؟ بۆچی گۆڕان بە ئامانجگیراوە؟

لە دوای ڕاپەرینەوە تا دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان تەنها رۆژێک لە رۆژان یەکێتی و پارتی درکیان بەوە نەکردوە هێزێک هەیە دەتوانێت ببێتە بەدیلی راستەقینەی ئەوان، هێزێک خاوەنی هەمو توخمە سەرەکیەکانی شوێنلێژکردنی ئەوانی تێدا بێت، ئەوەی وایکرد یەکێتی و پارتی ترسی راستەقینەیان لێبنیشێت ئەو (25) کورسیە بو کە لە یەکەم هەڵبژاردندا گۆڕان توانی بەدەستی بهێنێت، ئەم زەنگەنە، مەترسی راستەقینە و گڵۆپە سەوزەکەی بەدیلی ئەوان بو، بزوتنەوەی گۆڕان بە جۆرێک خۆی کرد بە دنیای سیاسی ئێمەدا کە سێ شتی سەرەکی ئەنجامدا: 


1.مانایەکی نوێی بەخشی بە ژیانی سیاسی، کە تێدا خەڵک ئەو بروایەی لا دروستبو کە سیاسەتکردن بریتیە لە ئومێد بۆ گۆڕینی دونیا.
2.جوڵەیەکی ناسروشتی رێکخراوی دژ بە گەندەڵکاران رێکخست، کە هەموان کۆک و تەبابون لەسەر گۆڕانکاری ریشەیی.
3.بە فعلی هێزێک هاتە گۆڕەپانەکە کە هەمو خەسڵەتەکانی شوێنگرەوەی یەکێتی و پارتی تێدابو.

ئەمەی دواییان روبەروبونەوەکەی توندکرد و زلەیەکی بەهێزبو لە یەکێتی و پارتی کە دەبێت فریای خۆیان کەون، ئیدی دەستیانبرد بۆ هەمو کارتەکان، کارتی کرینی کەسایەتیە دیارەکانی گۆڕان، کێشە دروستکردن لە ناو بزوتنەوەکە، تا کار گەیشتە ئەوەی ئەو دەوڵەمەندانەی رۆژگارێکلە بەردەم رەحمەتی گەندەڵی ئەواندا پێگەیشتبون، خوێندکارە دڵسۆز و بەوەفاکەی خۆیان کە وەک فریادڕەس تەماشایان دەکرد لە پرۆسەیەکی فابریکەکراودا برێک لە دروشم و سلایدی کاری بزوتنەوەی گۆڕانیان پیاهەڵواسی و وەک بەکرێگیراوێک کە ساڵانێک بەخێودەکرێت بۆ رۆژگارێکی ئاوا، هێنایانە ساحەکە ئەوە کورە بەوەفاکەی ینک و پدک بو کە شاسوای نەوەی نوێیان لێخوڵقاد.


قسەکە لەسەر کۆی ئەم پرۆسەیە نییە، ئەوەی مەبەستە روناکی بخەمە سەر، گۆڕان بۆ ڕەخنەباران دەکرێت؟، ئایا ئەم ڕەخنانە بۆ شکاندنە یان بۆ بەهێزکردنی گۆڕانە.


واز لە هەڵگەراوە گۆڕاوەکانی گۆڕان بێنە کە دوای نا ئومێدیان لە پۆست و پلەی حکومی و حزبی و پەرلەمانی پەلاماری بزوتنەوەکە دەدەن، لە نەیار و رکابەرە سەرسەختەکانی بزوتنەوەی گۆڕان توندتر و ناشرینتر هێرشدەکەنە سەر گۆڕان. ئەمانە ئەگەر کاریان لە ناو بزوتنەوەکەدا بە جۆرێکی تر بڕۆیشتایە هەڵبەت ئێستا هەر گۆڕانی عەیارە بیستوچواری نێو بزوتنەوەکەدەبون.


بزوتنەوەی گۆڕان لە واجەی هێرشەکاندایە، ئامانجەکە زۆر رونە شکاندنی ئەو ئەلتەرناتیفە بەهێزەیە کە دەتوانێت ینک و پدک تێپەرێنێت. ئەگەر لە ئێستادا ئەم بزوتنەوەیە زامدار و هیلاک و شەکەتکرابێت، بەڵام هێشتا ئەو ماتەوزەیەی تێدایە کە هەڵسێتەوە و ببێتەوە بە ئەلتەرناتیفەبەهێزەکە. کەواتە نە وەزیفەی دەوڵەمەندە هەڵتۆقیوەکە تەواو بوە نە ئەو هێرشەی توندەی دەکرێتەسەر گۆڕان وازو رادەگیرێت.


جۆرێک ڕەخنە هەیە کە بزوتنەوەی گۆڕانی پێی بەهێزدەبێت، هەڵبەت ئەو ڕەخنانەیە کە تەقیمی پێرفۆمانس و دید و کاری بزوتنەوەکە دەکات، لە خاڵە باش و خراپەکان ئاگاداری دەکاتەوە، گۆڕان لە هیچ هەڵوێست و بەرنامە و دنیابینی دامەزرێنەرەکەی و پرنسیپە بنەرەتیەکان لای نەداوە،ئەوەی گۆڕاوە دەبێت بەرونی بخوێندرێتەوە کە ئامانجی سەرەکی نەیارەکانی ئەم بزوتنەوەەیە تێکشکاندنی ئەلتەرناتیفەکەیانە بە جۆرێک هەر پارچەیەکی لە شوێنێک بێت، ئەوان ئامادەن باجی گەورەبدەن لەو پێناوەدا کە تێکشکاندنی گۆڕانە، بۆ نمونە کەسایەتیە دیارەکانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی گەورەیان دەدەنێ بەمەرجی وازهێنانیان لە گۆڕان، حاجیەکانو حەملانەکان حه‌یدەرەکان نمونەی زیندون، دواجار پارە و پۆست بەخشینەوە بەو هەڵسوراوانەی لە ئێستادا بە روی گۆڕاندا قسەی نەشیاو و بوختان دادەتاشن.


بزوتنەوەی گۆڕان بە بەهێزی دەمێنێتەوە گەر نەکەوێتە ئەو گەمەیەی کە دەسەڵات زۆر بە زیرەکانە پلانی بۆ دارشتوە، دەمکوتکردنی گۆڕان کرۆکی پلانەکەیە، پابەند نەبونی گۆڕان بە هەر سەقفێکی زەمەنی بۆ چاکسازی پلانێکی ترە دژ بە گۆڕان، ریزکردنی کادرانی خۆیان لە نێو خۆپیشاندانە خۆرسکەکانی سلێمانی و هوتافکێشان و قسەوتن بە گۆڕان پلانێکی ترە، بە ئامانجگرتنی کورەکانی نەوشیروان مستەفا پلانێکی ترە، زەقکردنەوەی لاوازی تیمی گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمان پلانێکی ترە، غیابی میدیای گۆڕان بەهۆکاری وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیگۆڕان پلانێکی ترە، یەکسانکردنی گۆڕان بەو مەینەتباریەی بە هۆی ینک و پدکەوە بەسەر هاوڵاتیاندا هاتوە پلانێکی ترە، هێرشی ناڕەوای هەندێک رۆشنبیر نا راستەوخۆ دەچێتە خزمەت پلانی شکاندنی گۆڕان.


گۆڕان دەبێت چی بکات؟ ئاسانترین وەڵام دەستگرتنە بەو پرنسیپ و بنەمایانەی نەوشیروان مستەفا دایڕشتوە، هیچ ئەستەم و قورس نیە، نەوشیروانیانە بیربکەوە و گۆڕانکاری بەئەستەم مەزانە، ئەوا بێگومان گۆڕان بەهێزتر دەبێت لە سەردەمی خودی نەوشیروان مستەفاش.

1249 جار خوێندراوەتەوە