محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، دوژمنانی وڵاتەکەی هەوڵێکی زۆریان دا تاوەکو ئێران بکەنە نموونەیەکی هاوشێوەی ڤەنزوێلا، بەڵام لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجەیان تووشی شکستی گەورە بوون
ئاماژەی بەوەش کرد، نەیارانیان هەوڵیان دابوو لە ڕێگەی کاراکردن و هاندانی جوداخوازەکان لە ڕۆژئاوای ئێران ناسەقامگیری دروست بکەن، بەڵام بەهۆی هەوڵەکانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە ئەو پلانەشیان پووچەڵکرایەوە
قالیباف لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر مێژووی هەوڵەکان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی وڵاتەکەی و وتی: "لە سەرەتای جەنگدا، دوژمن پلانی دانابوو لە ماوەی تەنها 3 ڕۆژدا کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت، ئەویش لە ڕێگەی تیرۆرکردنی ڕێبەری شۆڕش و سەرکردە سەربازییەکان، بەڵام لەوێشدا سەرکەوتوو نەبوون
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریشی دا کە ئێستا دوژمن پەنای بۆ فشارە ئابوورییەکان و نانەوەی دووبەرەکیی ناوخۆیی بردووە، بە مەبەستی لاوازکردنی وڵات لە ناوەوە یان ڕووخاندنی
وتیشی: "دۆناڵد ترەمپ بە ڕوونی باس لە گەمارۆی دەریایی دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فشارە ئابوورییەکان و لێکترازانی ناوخۆییەوە، ئێران ناچاری خۆبەدەستەوەدان بکات
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، قالیباف جەختی لەوە کردەوە کە تەنها چارەسەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پیلانە نوێیەی دوژمنان، پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆیی وڵاتەکەیەتی.
24 جار خوێندراوەتەوە