سەرۆکی مۆساد: لەناوخۆی ئێرانەوە زانیاری گرنگ و ستراتیژیمان دەستکەوتووە

KNN : Kurdish News Network
03:17 - 28/04/2026
جیهان
+
-

دەیڤید بارنیا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ئێران و لوبنان سنوورەکانیان بەزاندووە و دەستیان بە زانیاریی هەواڵگریی زۆر گرنگ و ستراتیژی گەیشتووە لە ناو هەستیارترین دامەزراوەکانی ئەو دوو وڵاتەدا.

سەرۆکی مۆساد، ئەمڕۆ سێشەممە، لە لێدوانێکدا ئاشکرایکرد کە دەزگاکەیان لە دامەزراوەیەکی تەرکیزخراو بۆ ئۆپەراسیۆنی نهێنیی نێوان جەنگەکان، گۆڕاوە بۆ ڕێکخراوێکی "هێرشبەر و چالاک لە کاتی جەنگدا".

 

 ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم گۆڕانکارییە بەڕوونی لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەرکەوتووە کە دژی ئێران و لوبنان ئەنجامدراون و توانایەکی نوێ و بێپێشینەیان لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەدا نیشانداوە.

 

بارنیا ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕانکارییەکانی ناو مۆساد پشتیان بەستووە بە دروستکردنی یەکەی نوێ، توانا تایبەتەکان، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و داهێنان لە ئاستە جیاوازەکاندا.

 

 هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، پاراستنی توانای ئۆپەراسیۆنی لەسەر بنەمای هێزی مرۆیی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە تایبەتەکان پێویستییەکی حەتمییە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.

529 جار خوێندراوەتەوە