ئاکسیۆس: ئەمریکا چاوەڕێیە لەم دوو رۆژەدا موجتەبا خامنەیی بێدەنگی بشکێنێت

KNN : Kurdish News Network
03:06 - 22/04/2026
جیهان
+
-

بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە ناکۆکی سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران لەسەر پرسی دانوستان رێگرە لە دیاریکردنی هەڵوێستێکی روون و ئاشکراشی دەکەن، ئاگربەستە کاتیەکەی ترەمپ دەرفەتێکە بۆ ئەوەی تاران خۆی یەکلابکاتەوە و ئەوەش دەخەنەڕوو، کە چاوەڕێ دەکرێت لەم دوو رۆژەدا رابەری باڵای ئێران بێدەنگی بشکێنێت.

 

پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە، دابەشبوونێکی تەواو لە ناوخۆی ئێراندا لە نێوان دانوستانکاران و سوپادا هەیە و هیچ لایەنێکیان ناتوانن دەستیان بە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بگات.

 

بەپێی زانیارییەکانی پێگەکە، سکرتێری گشتیی ئێستای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، محەممەد باقر زولقەدر، بەراورد بە عەلی لاریجانی کە پێگە و سەنگی سیاسیی هەبوو، کاریگەر نییە و توانای هەماهەنگیکردنی لە نێوان سوپای پاسداران و سەرکردایەتیی سیاسیی وڵاتەکەدا نییە.

 

سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتۆن، سەرچاوەکان بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە کە ترەمپ پێی وایە لە ڕووی سەربازییەوە هەموو ئەوەی لە توانایدا بووە بەدەستی هێناوە و تا سەرجەم بژاردەکانی دیکە بەکارنەهێنێت، دەست بە شەڕ ناکاتەوە. هاوکات، ئەمریکا و پاکستان چاوەڕێن لە ئەمڕۆ یان دوو ڕۆژی داهاتوودا، ڕێبەری باڵای ئێران بێدەنگی بشکێنێت و هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت.

 

سێ بەرپرسی ئەمریکی بە پێگەی ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، ئاگربەستەکە بێسنوور و کراوە نییە و سێ بۆ پێنج رۆژ دەرفەت دەدرێتە ئێرانییەکان تا ناوماڵی خۆیان یەکبخەن، بە پێچەوانەوە ئاگربەست کۆتایی دێت.

183 جار خوێندراوەتەوە