جیاوازیی دیدگاکان لەسەر پرسە سەرەکییەکان ڕێگر بوو لە گەیشتنی ئێران بە ڕێککەوتن لە پاکستان

KNN : Kurdish News Network
09:50 - 12/04/2026
جیهان
+
-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکانی ئەم دواییەی ئیسلام ئاباد لەگەڵ لایەنی بەرانبەر نەگەیشتووەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام جەختی کردەوە کە کاروانی دیپلۆماسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بەردەوام دەبێت

 

ئیسماعیل بقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ئەنجامی گفتوگۆکان ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە لەسەر کۆمەڵێک پرس لێکتێگەیشتن هاتوەتە ئاراوە، بەڵام لەسەر دوو بۆ سێ بابەتی سەرەکی و گرنگ جیاوازیی دیدگاکان زۆر بووە و دواجار دانوستانەکان نەبوونە هۆی واژۆکردنی ڕێککەوتن. باسی لەوەش کرد کە ئەم خولەی گفتوگۆکان درێژترین خول بووە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و نزیکەی 25 کاتژمێری خایاندووە

 

بقائی وتیشی: "دانوستانەکان دوای 40 ڕۆژ لە جەنگێکی سەپێندراو و لە کەشێکی پڕ لە گومان و بەدگومانییەوە بەڕێوەچوون، بۆیە چاوەڕوانکراو نەبوو لە یەک کۆبوونەوەدا بگەنە ئەنجام." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک پرسی نوێ و ئاڵۆز وەک بابەتی گەرووی هورمز هاتونەتە ناو گفتوگۆکانەوە کە هەر یەکەیان ئاڵۆزیی تایبەت بە خۆیان هەیە

 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سوپاسی حکومەت و گەلی پاکستانی کرد بۆ میواندارییەکەیان و جەختی کردەوە کە دەزگای دیپلۆماسی لە هەموو بارودۆخێکدا، چ لە کاتی جەنگ و چ لە کاتی ئاشتی، لە تەک بەرگریکارانی نیشتماندا دەبێت بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران.

39 جار خوێندراوەتەوە