دانوستانەکانی واشنتۆن و تاران لە پاکستان دەستیان پێکرد؛ گەرووی هورمز و پرسی لوبنان خاڵی ناکۆکی سەرەکین

KNN : Kurdish News Network
09:27 - 11/04/2026
جیهان
+
-

شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا و ئێران گەیشتنە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ چارەنووسسازەکان بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی شەش هەفتەیە بەردەوامە، ئەمەش لەکاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێت گەیشتن بە ڕێککەوتن چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک بخایەنێت و هەردوو لاش مەرجی قورسیان هەیە بۆ یەکتر.


شاندەکەی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و بە یاوەری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و جارید کۆشنەری زاوای، بەیانی ئەمڕۆ شەممە گەیشتنە پاکستان. پێشتریش ڕۆژی هەینی، شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتبوونە شوێنی دانوستانەکان. لە پێشوازی ئەم کۆبوونەوانەدا، پاکستان ڕێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتەبەر و هەزاران کارمەندی ئەمنی بڵاوەپێکردووە، هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش پرۆسەکەی بە "چارەنووسساز" وەسف کرد.


پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، محەمەد باقر قالیباف ڕایگەیاند کە واشنتۆن پێشوەختە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەڵگرتنی سزای سەر سامانی بلۆککراوی ئێران و ئاگربەست لە لوبنان، جەختیشی کردەوە تا ئەم بەڵێنانە جێبەجێ نەکرێن گفتوگۆکان دەست پێ ناکەن. لە بەرامبەردا، ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕەتیان کردەوە پرسی لوبنان بەشێک بێت لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران، کە بەهۆیەوە لە مانگی ئازارەوە تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەس لە لوبنان کوژراون.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری داوەتە تاران و ڕایگەیاندووە کە ئێرانییەکان هیچ کارتێکی براوەیان بەدەستەوە نییە جگە لە بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ماوەیەکی کورت، تاکە هۆکاری مانەوەشیانی بۆ ئەم دانوستانانە گەڕاندەوە. هاوکات جەی دی ڤانس پێشبینی ئەنجامی ئەرێنی دەکات، بەڵام هۆشداری دا ئەگەر ئێران بیەوێت یارییان پێ بکات، ئەوا دەبینن شاندی ئەمەریکا نەرم نابێت. بەپێی سەرچاوە ئەمەریکییەکان، ترەمپ ئارەزووی ڕێککەوتن دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ و لە ڕەفتاری ئێرانییەکان تووڕەیە.


سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا کارتێکی بەهێزی داوەتە تاران. ئالان ئێر، ئەندامی پێشووی تیمی ئەمەریکا بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان ڕایگەیاندووە: "ئێران گورزێکی سەربازیی قورسی بەرکەوت، بەڵام لە ئێستادا چەکێکی ئەتۆمی هەیە کە ئەویش گەرووی هورمزە." ئەمەش لە کاتێکدایە، پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستە کاتییەکەی ئەمەریکا کە بووە هۆی وەستانی هێرشەکان، ئێران پلانێکی 10 خاڵی بۆ ڕێککەوتن پێشکەش کردبوو کە تایبەت بوو بە پرسی گەرووی هورمز، پیتاندنی یۆرانیۆم، قەرەبووی جەنگ و وەستانی جەنگ لە هەموو بەرەکاندا بە لوبنانیشەوە، بەڵام ترەمپ سوورە لەسەر کردنەوەی تەواوەتی گەرووەکە کە بووەتە هۆی گەورەترین شڵەژان لە بازاڕی وزەی جیهانیدا.

119 جار خوێندراوەتەوە