نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گۆڕینی ڕژێمی تاران لە ڕێگەی بۆردومانی ئاسمانییەوە مەحاڵە و هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ قەیرانی ئێران بوونی نییە، جەختیش دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لەو ململانێیە و ڕێگەش نادات خاکەکەی دژی دراوسێکانی بەکاربهێنرێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (کۆریێرێ دیلا سێرا)ی ئیتاڵی، سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکییەکان هەرگیز باسی گۆڕینی ڕژێمی ئێرانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد نەکردووە، بەڵکو تەنها جەختیان لەسەر ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئەو وڵاتە کردووەتەوە. باس لەوەش دەکات کە جیاوازییەکی گەورەی عەقڵیەت لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، بە جۆرێک ئێرانییەکان "لەسەرخۆ و وردن"، بەڵام ئەمریکییەکان بەدوای "چارەسەری خێرا"دا دەگەڕێن. سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستەکەی نێوان واشنتۆن و تاران بە لەرزۆک دەزانێت، بەڵام پێشوازی لێدەکات و داوای چەسپاندنی دەکات لەپێناو دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەقینە.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران، نێچیرڤان بارزانی ڕوونیکردووەتەوە، سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێکەڵەیەکی بێوێنەیە لە ئایین و ناسیۆنالیزم، شەڕیش وایکردووە زیاتر یەکبگرن و ڕژێمەکە بتوانێت خۆی دەرباز بکات. ئاشکراشی دەکات کە هێشتا لە سەدا ٢٥ بۆ ٣٠ی دانیشتووان پشتگیری لە ڕژێم دەکەن، لە بەرامبەریشدا ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی خاوەنی سەرکردە و ڕێکخستنی سیاسیی پێویست نییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی هەرێم تیشکی خستووەتە سەر قەیرانی گەرووی هورمز و ڕایگەیاندووە، ئەو ناوچەیە تەنها بە هێزی سەربازی کۆنتڕۆڵ ناکرێت، بەڵکو دەبێت بەڕووی هەموواندا کراوە بێت و لە ڕێگەی دانوستانەوە ئاسایشی تێپەڕبوونی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان مسۆگەر بکرێت. لە ڕووی وزەشەوە باسی لەوە کردووە، هەرێمی کوردستان توانای هەیە ئاستی هەناردەکردنی نەوتەکەی لە ٣٠٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٧٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بکاتەوە.
هاوکات، نێچیرڤان بارزانی ئاشکرایکردووە کە لە نێوان ١٨ بۆ ٢٠ی مانگی ئایار سەردانی ڕۆما دەکات و لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و سەرکردایەتیی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە بە مەبەستی باسکردن لە پێکەوەژیان و کولتووری یەکترقبوڵکردن، هەروەها ستایشی هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی ئیتاڵیای کردووە و هیوای خواستووە کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن بۆ وەبەرهێنان.
42 جار خوێندراوەتەوە