بەریتانیا وەڵامی ترەمپ دەداتەوە نابینە بەشێک لە جەنگی دژ بە ئێران

KNN : Kurdish News Network
01:08 - 01/04/2026
جیهان
+
-

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و ڕای دەگەیەنێت، وڵاتەکەی پەلکێشی هیچ جەنگێک ناکرێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختیش لەسەر گرنگیی هاوپەیمانیی ناتۆ دەکاتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

کیر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: "هاوپەیمانیی ناتۆ بۆ چەندین دەیەیە ئێمەی بە پارێزراوی هێشتووەتەوە، بۆیە پێویستە پەیوەندیی نزیکترمان لەگەڵ ئەوروپا هەبێت"

 

ئەم لێدوانەی ستارمر وەک وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ دەبینرێت بۆ هەڕەشەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

 


سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، ستارمر ڕوونی کردەوە: "جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگی ئێمە نییە و ڕێگە نادەین پەلکێشی ئەو ململانێیە بکرێین"، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە فشارەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان

 

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی کشانەوەی واشنتۆنی لە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد، ئەوەش دوای ئەوەی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان ئامادەنەبوون بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەدا بکەن کە ئەمریکا دژ بە ئێران سەرکردایەتییان دەکات

 

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف" ناتۆی بە "پڵنگی کارتۆنی" وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە کە بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی ئەمریکا لە قۆناغی پێداچوونەوە تێپەڕیوە.


159 جار خوێندراوەتەوە