دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ هەر سەرکردەیەکی نوێ کە لە ئێران دەستبەکاربێت، ئەگەر پێشوەختە ڕەزامەندی واشنتنی لەسەر نەبێت "زۆر نامێنێتەوە". جەختیشی کردەوە کە هیچ بژاردەیەک جگە لە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی تاران قبوڵ ناکات و لە ئێستادا وڵاتەکەی ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکات.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ABC News) ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە سەرکردەی داهاتووی ئێران ڕەزامەندی ئەمریکا بەدەستبهێنێت، ئەگەر نا لە پۆستەکەیدا بەردەوام نابێت. وتیشی: "نامەوێت پێنج ساڵی تر یان ١٠ ساڵی تر خەڵکی ناچار بن بگەڕێنەوە بۆ هەمان دۆخ، یان خراپتر لەوە، ڕێگە بدەین ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەبارەت بە ئەگەری مامەڵەکردن لەگەڵ کەسایەتییەکانی ناو دەسەڵاتی ئێستای ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ قبوڵکردنی هەر کەسێک کە بە "سەرکردەیەکی باش" ناوزەندی کرد و وتی: "چەندین کەس هەن کە دەکرێت ئەو مەرجانەیان تێدا بێت." هاوکات هۆکاری جەنگەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئێران پلانی هەبووە دەست بەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت، بەڵام ئەوان ڕێگرییان لێ کردووە و ئێستا ئێران تەنها "پڵنگێکی کاغەزییە".
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی نەشاردەوە کە بژاردەی ناردنی هێزی تایبەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەسەر مێزە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ئیدارەکەی دەڵێن تاران یۆرانیۆمی پێویستی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژدا لەبەردەستە و زۆربەی ئەو یۆرانیۆمانەش لەو شوێنانەن کە لە ئۆپراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو"دا بۆردومان کران.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاریگەریی جەنگەکە لەسەر ناوخۆی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، ترەمپ ئەوەی بە "کێشەیەکی کاتی" ناوبرد و ڕایگەیاند: "ئەم کارەی دەیکەین کارێکی تەواو ماگایە (MAGA) و بۆ ڕزگارکردنی ئەمریکایە، جەنگەکەش لەوەی پێشبینیمان دەکرد خێراتر و کوشندەتر بەڕێوەدەچێت." ئاشکراشی کرد کە هێزەکانیان تەواوی هێزی دەریایی، ئاسمانی و سیستەمی بەرگری و پەیوەندییەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە و ئێستا تاران هیچ بەرگرییەکی نەماوە.
168 جار خوێندراوەتەوە