دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "زە تایمز ئۆف ئیسرائیل" ڕایگەیاند، بڕیاری کۆتاییهێنان بەو شەڕەی ئێستا دژ بە ئێران بەڕێوەدەچێت، بڕیارێکی "هاوبەش" دەبێت لە نێوان ئەو و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام لە پەیوەندیدان و هەموو لایەنەکان ڕەچاو دەکرێن، بەڵام جەختی کردەوە کە لە کۆتاییدا ئەو بڕیاردەری سەرەکی دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا بەرگری لە هەڵگیرسانی شەڕەکە کرد و وتی: "ئێران خەریک بوو ئیسرائیل و هەموو دەوروبەری وێران بکات، بەڵام ئێستا ئێمە وڵاتێکمان تێکشکاندووە کە دەیویست ئیسرائیل لەناو ببات." ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر ئەو و نەتانیاهۆ لەسەر کار نەبوایە، ئێستا ئیسرائیل بوونی نەدەبوو.
سەبارەت بە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ئێران لەلایەن ئەنجومەنی شارەزایانەوە، ترەمپ ڕایگەیاند کە دڵخۆش نییە بەو هەڵبژاردنە و هۆشداری دا کە ڕێبەری نوێی ئێران "تەمەنی کورت دەبێت" ئەگەر پەسەندی واشنتنی لەسەر نەبێت. کاتێکیش پرسیاری لێکرا ئایا ئیسرائیل دەتوانێت بەبێ ئەمریکا بەردەوام بێت لە هێرشەکانی، وتی: "پێناچێت پێویست بەوە بکات."
لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا، ترەمپ بە توندی هێرشی کردە سەر ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل و بە "مایەی شەرمەزاری" وەسفی کرد، بەهۆی ئەوەی لێبوردنی بۆ نەتانیاهۆ دەرنەکردووە لە کەیسەکانی گەندەڵی و بەرتیل و خیانەت لە متمانە. ترەمپ وتی: "دەمانەوێت نەتانیاهۆ تەرکیزی تەنها لەسەر شەڕ بێت، نەک لێبوردنێکی بێمانا."
لەبارەی داهاتووی گرووپە چەکدارەکانی وەک حەماس، ترەمپ پێشبینی کرد کە تێکشکانی ئێران ببێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لەو گرووپانە چەک دابنێن، چونکە ئێران ئێستا لە دۆخێکی لاوازدایە و دۆخەکەی بەرەو خراپتریش دەچێت. لە کۆتاییشدا جەختی لە باشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەتانیاهۆ کردەوە و وتی پێکەوە کارێکی گەورەیان کردووە.
268 جار خوێندراوەتەوە