كەی ئێن ئێن زانیاری نوێ لەسەر كۆبونەوەی هەولێر و بەغداد و داواكارییە پێشمەرجەكەی
هەرێم ئاشكرا دەكات و ئەندامێكی شاندە باڵاكەی هەرێم جەختیكردوەتەوە؛ هەولێر و
بەغداد سورن لەسەر ئەوەی لەكۆبونەوەی ئەمجارەی نێوانیان رێككەوتن ئەنجام بدرێت.
هەواڵ: (KNNC)
پەیامنێری كەی ئێن ئێن رایگەیاند: دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی
رابردو، شاندێكی هونەری عێراق سەردانی
هەولێریان كرد، لەگەڵ هەریەك لە نوێنەری رێكخراوی ئۆپیك و كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم كۆبونەوەیان ئەنجامداوە و ئامادەكاری تەواویان بۆ رێككەوتن لەنێوان هەولێر و بەغداد كردوە.
لەسەر ئامادەكاری شاندەكەی عێراق وتیشی: لەبارەی وردەكارییەكانی
هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بەگشتی و تێچوی ئەو (12) ملیۆن و (500) هەزار بەرمیل
نەوتە کردوە کە ساڵی رابردو هەرێم رادەستی بەغدادی كردوە بەتایبەتی، هەروەها شاندە
هونەرییەكە پێشنیازی خۆی بۆ چارەسەركردنی دەخاتەڕو.
رونیكردەوە، بڕیار وایە ئەمڕۆ شەممە، وەفدێكی باڵا بەسەرۆكایەتی فواد
حسێن، وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئابوری عێراق، لەگەڵ وەزیری نەوت،
بەرپرسی كۆمپانیای سۆمۆ بگەنە هەرێم و تا ناوەڕاستی ئەم هەفتە، لەگەڵ سەرۆكی
حكومەتی هەرێم، وەزیرانی دارایی، سامانە سروشتییەكان و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەن و
ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنحومەنی وەزیرانی هەرێم كۆببنەوە.
كەی ئێن ئێن زانیویەتی؛ لە سەرەتای دەستپێكردنی كۆبونەوەی شاندە باڵاكەی
عێراق لەگەڵ هەرێم، شاندەكەی هەرێم داواكارییەك
ئاڕاستەی عێراق دەكەن، ئەویش بۆ سەلماندنی نیازپاكی هەولێر و ئاسانكاری بۆ
رێككەوتن واژۆی لەسەر خەرجكردنی موچەی مانگی پێنجی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان
بكەن.
پەیامنێری كەی ئێن ئێن ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئەندامێكی شاندە باڵاكەی هەرێم جەختیكردەوە
كە هەولێر و بەغداد سورن لەسەر ئەوەی لەكۆبونەوەی ئەمجارەی نێوانیان رێككەوتن
ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش شاندە باڵاكەی عێراق هەمو دەسەڵاتێكی رێككەوتنیان
پێدراوە.
سلێمانی – بڕیار نامیق
6984 جار خوێندراوەتەوە