وەزیری سامانە
سروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت رایگەیاند، لە ساڵی 2023ـەوە زیاتر لە 12 ملیۆن
بەرمیل نەوتمان رادەستی عێراق کردوە، بەڵام تا ئێستا یەک دینار و یەک دۆلار
نەدراوەتە کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان.
هەواڵ:KNNC
کەمال محەمەد، وەزیری
کارەبا و سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،
هێشتا دانوستانەکانیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی
کوردستان بەردەوامن، بۆئەو مەبەستەش لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.
بەوتەی کەمال محەمەد، کێشەکە
ئێستا لای کۆمپانیا نەوتییەکانە، چونکە داوای گەرەنتی و شایستە داراییەکانیان
دەکەن و داواش دەکەن، گرێبەستەکانیان گۆڕانکاری تێدا نەکرێت.
لەسەر داوای وەزارەتی
نەوتی فیدراڵ، حکومەتی هەرێم لە 25/6/2023ـەوە زیاتر لە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی
حکومەتی فیدراڵ کردوە، بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەڵێت: تا ئێستا
یەک دینار و یەک دۆلار نەدراوەتە ئەو کۆمپانیانە، بۆیە ئێستا کۆمپانیا نەوتییەکان ناچنە
ژێر باری هەناردەکردنەوەی نەوت، ترسیان لەوە هەیە هاوشێوەی دوو ساڵی رابردو هیچ
بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکرێت.
سەبارەت بە بەدۆخی
کارەبا، کەمال محەمەد رایگەیاند، لە کابینەی نۆدا هەزار و 840 مێگاوات کارەبا
زیادکراوە، لەژێر رۆشنایی ئەو بڕە کارەبایەی لەبەردەستدایە، بەرەو جێبەجێکردنی
پرۆژەی روناکی رۆشتون.
دڵنیایشیدا، پرۆژەی
روناکی لە فراوانبوندایە ، ئێستا لە هەولێر 104 هەزار و لە سلێمانی و دهۆکیش 12
هەزار هاوبەشی پرۆژەکە هەن، لە ساڵی 2025ـدا لە تەواوی سەنتەری شارەکان پرۆژەکە جێبەجێدەکەن
و لەساڵی 2026ـیشدا پرۆژەی روناکی دەگەیەننە قەزا و ناحیە و گوندەکان.
سەبارەت بە نرخەکەشی،
وەزیری کارەبا وتی، دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان نرخەکە ئەوەندە زۆر نابێت کە لێی
بترسن.
228 جار خوێندراوەتەوە