تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، بەهۆی تەقینەوەکەی
بەندەر عەباس-ـەوە 25 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 1000 کەسیش برینداربون،
کۆمپانیایەکی بەریتانیش ئاشکرایدەکات، هۆکاری تەقینەوەکە خراپ مامەڵەکردن بوە
لەگەڵ بارێکی موشەکی بالیستی.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ یەکشەممە،
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، لە تەقینەوەکەی دوێنێی بەندەر عەباس-ـدا نزیکەی 1000 کەس برینداربون و 25 کەسیش گیانیانلەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە،
ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام هێشتا ئاسەواری ئاگرەکە ماوە و دوکەڵێکی رەش بەسەر
ئاسمانی ناوچەکەوە هەیە.
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران فەرمانیکرد
بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی روداوەکە.
بەندەرەکە نزیکەی 23 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای بەندەر
عەباسەوە دورە، لەسەر گەروی هورمز، کە یەک لەسەر پێنجی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێیدا
تێدەپەڕێت، گەورەترین و پێشکەوتوترین بەندەری کۆنتێنەری ئێرانە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە
ئابوری دەریایی وڵاتەکەدا هەیە.
میدیاکانی ئێران لە زاری دەسەڵاتی گومرگی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاویانکردوەتەوە،
"پێدەچێت تەقینەوەکە بەهۆی هەڵگرتنی کەرەستەی مەترسیدار و ماددە کیمیاییەکان
لە ناوچەی بەندەرەکە ڕویدابێت".
هاوکات، کۆمپانیای "ئامبری" بەریتانی
بۆ ئاسایشی دەریایی ئەمڕۆ ئاشكرایكرد، ئەو تەقینەوەیەی کە لە بەندەری رەجایی لە شارى بەندەر عەباس لە باشوری ئێران رویدا، بەهۆی
خراپ مامەڵەکردن بوە لەگەڵ بارێکی سوتەمەنی موشەکی بالیستی.
602 جار خوێندراوەتەوە