گەرچی لە ماوەی زیاتر
لە 100 ڕۆژی دوای دەستبەکاربونی دۆناڵد ترەمپ، سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە
تەواوی گۆڕاوە و کۆشکی سپی گۆڕەپانی کۆبونەوە و ڕوداوی بێ وێنە بوە، ترەمپ لای کەم
هەمو رۆژیك زیاتر لە لێدوانێکی هەبوە وەک سەرۆکی ئەمەریکا وبەردەوام رۆژەڤی میدیا جیهانییەکانە،
بەڵام چەند بەڵێنێکی گەورەش هەن کە نیتوانیوە بیانباتە سەر.
ڕاپۆرت:KNNC
لە کاتی بانگەشەی
هەڵبژاردن و لە دوای بون بە سەرۆکیش وەک 47هەمین سەرۆکی ویلایەتەیەگرتوەکانی
ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی زۆری دا، بەڵێنی دا باج کەم بکاتەوە و نرخەکان دابەزێنێت
و پیشەسازی ئەمەریکا بەهێز بکات و بە قسەی خۆی ئەمەریکا بگەڕێنێتەوە بۆسەردەمی
زێڕین، جگە لەمانەش چەند بەڵێنێکی گەورەی تریشی دا بەمەش تەواوی چاوی میدیا
جیهانییەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.
لە ئێستادا کە زیاتر لە
100 رۆژ تێپەربوە بەسەر دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی ئەمەریکا، بەڵام ئەو بەڵێنانەی
کە گەورەبون و بانگەشەی بۆ دەکردن سەرۆکەکەی ئەمەریکا تا ئێستا نەیواتنیوە جێبەجێ
بکات.
لە گرنگترینیان
بریتیبون لە وەساتندی شەری ئۆکرانیا و روسیا، گەراندنەوەی بارمتەکان لە
غەززە و گەڕاندنەوەی کۆچبەران لە ئەمەریکاوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و راگرتنی پێدانی
ڕەگەزنامەش، ئەمانە سێ بەڵێنی گەورەی ترەمپ بون کە تەنها پەیوسەت نەبون بە
ئەمەریکاوە، بەڵکو گرێدراوبن بە جیهانیشەوە.
یەکەم؛ بەڵێنی ڕاگرتنی
شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا
پێش بون
بە سەرۆک یەکێک بو لە چەکەکانی دەستی دۆناڵد ترەمپ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و
لەکاتی دەستبەکاربونیشی بەڵێنی دا لە کەمترین ماوەدا شەڕی نێوان ئۆکرانیا و
روسیا کۆتایی پێبهێنێت.
دوای زیاتر لە 100 رۆژ
وەک سەرۆک نەک نەیواتنیوە ئەو بەڵێنە ببات سەر، بەڵکو لە چەند رۆژی رابردودا
ئەمەریکا بێ ئومێد خۆی لە وەساتندی شەڕەکە ڕایگەیاند و لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی
ئەمەریکا، مارک ڕۆبیۆ ڕایگەیاند؛ ترەمپ دەستبەرداری هەوڵەکانی دەبێت بۆ
گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا،
ئەگەر هیچ ئاماژەیەکی ڕون نەبێت بۆ رێککەوتن.
ئەمە
جگە لەوەی چەند جارێک بە راستەوخۆ ترەمپ داوای لە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی
روسیا و زینلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کردوە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن، بەڵام وا دیارە
داواکەی ترمپ تەنها وەک هەواڵ لە میدیاکاندا ماوەتەوە و هی هەنگاوێک بۆ
جێبەجێکردنی نەنراوە.
ئەم
بەڵێنەی تریشی هەروەک خۆی بە جێبەجێنەکراوی ماوەتەوە، ئەمەش گومانی زیاتر دەخاتە
سەر قسە و تواناکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە ناو وڵاتەکی خۆی و لە دەرەوەش.
دوەم؛
بەڵێنی ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە
ترەمپ
پێش دەستبەکاربونی وەک سەرۆک بە هەڕەشيەک، پەیامێکی ئاراستەی حەماس کرد و
رایگەیاند؛ ئەگەر تا کاتی دەستبەکاربونم حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات، رۆژهەڵاتی
ناوەراست دەکەم بە دۆزەخ لێیان.
دوای
100 رۆژ و چەند کۆبونەوەیەکی نهێنی بە شێوازی راستەوخۆ لە نێوان ئەمەریکا
وحەماس دور لە چاوی میدیاکان، بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵآم تا ئێشتا
نەگەشتونەتە هیچ ئەنجامێک.
ترەمپیش
سەرەڕای هەڕەشەی بەردەوامەکانی و پشتگیریکردنی ئیسرائیل و بەردەوام جەختکردنەوە لە
ئازادکردنی بارمتەکان ئەمەریکا، بەڵام حەماس نەک بارمتەکانی ئازاد نەکردوە، بەڵکو
بەو پێشنیازانەش ڕازی نەبوە کە دەیخەنە بەردەستی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
هەر
ئەمەش وای کردوە هەم ناتەنیاهۆ و هەم ترەمیش روبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆر ببنەوە کە تا
ئێستا نەیان توانیوە سەرکوتوبن لە گەڕاندنەوەی بارمتەکان و ڕاگرتنی شەڕی غەززە.
سێیەم؛ بەڵێنی
گەڕاندنەوەی کۆچبەران و پێنەدانی ڕەگەزنامە بە منداڵەکانیان
گەرچی ترەمپ خۆی لە دایک
و باوکی کۆچبەر لەدایک بوە، بەڵام گەراندنەوەی کۆچبەران یەکێک بو لەو پرسانەی
ترەمپ پێش بون بەسەرۆک و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بانگەشەی بۆدەکرد، لەگەڵ
هەڵبژاردنەوەشی وەک سەرۆکی ئەمەریکا، یەکەم لێدوانی ئەوە بو دەبێت کۆچبەرەکان
بگەڕێنینەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
ترەمپ تەنها چەند
کاتژمێێک لە دوای دەستبەکاربونی فەرمانەکەی واژۆ کرد دژی کۆچبەران
و داوایکردبو ڕەگەزنامەی ئەمەریکی بەو منداڵانە نەدرێت لە ئەمەریکا لە
دایک و باوکی کۆچبەر لەدایک دەبن، هەر زو کاردانەوەی جیهانی و ناوخۆی بەدوادا
هات، دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمەریکا فەرمانەکەی ترەمپی هەڵپەسارد.
ترەمپ بەردەوامە لە
دژایەتی کۆچبەران و بەردەوام باس لەوە دەکات وڵاتەکەیان بەدەست کۆچبەرانەوە
دەناڵێنێت و بوە بە شوێنێک بۆ داڵدەدانی کەسە خراپەکان.
تەنانەت لەبارەی
کۆچبەرەکانەوە سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند بو کە دەبێت ئەمەریکییەکان زیاتر لە
کۆچبەران، بکوژان و بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر کە لە ئەمەریکادان نیگەران بن،
نەک سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین.
ئەو گەرچی بەردەوام
جەختی لەوە کردوەتەوە دەبێت کۆچبەرەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و بۆ ئەو
مەبەستەش چەند ڕێوشوێنێکی یاسای و سەربازی گرتوتە بەر و لە سەر سنورەکانی
نێوان ئەمەریکا و مەکسیک ژمارەی هێزەکانی زیاد کردوە، بەڵام تا ئێستا بە تەواوەتی
سەرکەوتو نەبوە لەو هەوڵەی و لە ئێستاشدا گەرچی بەراورد بە پێشتر کەمی کردوە بەڵام
کۆچبەران بەردەوامن لە چونە ناو ئەمەریکا.
ترەمپ وردە وردە
لایەنگرانیشی لەدەستدەدات
تەنها ئەم سێ بەڵێنە نین
کە ترەمپ نەیتوانیوە جێبەجێ بکات، بەڵێنی دیکەش زۆرن، سەرۆکی ئەمەریکا کە بە
لێدوانی سەیر و بەڵێنی جۆراوجۆر بەناوبانگە و زیاتر لاینەی ماددی و
بەرژەوەندی ئابوری لەبەرچاودەگرێت لە بڕیارەکانیدا، لە خولی دوەمی
سەرۆکایەتییەکەشیدا چەندین بەڵێنی سەیری دا، کە ئێستا بون بە مۆتەکەی دەسەڵاتەکەی و دوای زیاتر لە 100 ڕۆژ نەیتوانیوە جێبەجێ بکات، ئەمەش پێچەوانەی لێدوانەکانی خۆیەتی لەبارەی
حکومەتەکەی و دۆخی ئێستای ئەمەریکا، کە ئەو پێی وایە لە دۆخی زێریندان.
جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی و ڕەفتارە سەیرەکانی، ئاسی لایەنگری ترمپیان دابەزاندوە، لە نوێترین ڕاپرسیشدا، کە ئاژانسی رۆیتەرز کردویەتی دۆخی ترەمپ باش نییە و لە بەرچاوی
لایەنگرەکانی کەوتوە، راپرسیی ئاژانسەکە دەریخستوە، جەماوەری ترەمپ،
بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی.
راپرسییەکە
لە شەش رۆژدا ئەنجامدراوە و دەرکەوتوە کە نزیکەی لە (42%)ی بەشداربوان
رەزامەندییان لەسەر ئەدای ترەمپ وەک سەرۆک کۆمار دەربڕیوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە
سێ هەفتە لەمەوبەر لە راپرسییەکی رۆیتەرز و ئیپسۆسدا رێژەكە (43%)بوە و پێشوتریش
لەکاتی دەستبەکاربونیدا دوای چەند رۆژێک رێژەکە لە (47%)بوە.
لە کۆتایدا پرسیارەکە
ئەوەیە ئاخۆ ترەمپ کە بە پیاوی بەڵێن و بڕیارە سەیرەکان ناسراوە، دەتوانێت کورد
وەتەنی خاوەنی قسەی خۆی بێت؟ یاخود ئەویش تەنها پروپاگەندەی هەڵبژاردن بون و لەگەڵ
روبەڕوبونەوەی واقیعدا وردە وردە لە بەڵێنەکانی پاشگەز دەبێتەوە و ئەو وێنەیەی بۆی
کراوە لە جیهاندا بەرەو کاڵبونەوە دەچێت.
ئامادەکردن؛ بڵند عەبدولکەریم
469 جار خوێندراوەتەوە