نووسینگەی
تایبەتی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، کۆمەڵێک ڕێنمایی و بڕیاری نوێی بۆ
سەرکردە و ئەندامانی سەرایا سەلام دەرکرد، کە تێیدا
چەندین مەرجی توند سەبارەت بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل، هەڵگرتنی چەک و شێوازی
دەرکەوتنیان دیاری کراوە.
بەپێی
بەڵگەنامەکە، کە رێکەوتی ئەمڕۆ (12ی ئایاری 2026)ی لەسەرە، سەدر فەرمانی کردووە کە
بەرپرسانی فیرقە و لیواکان لە کاتی ئەرکدا، بۆیان هەیە بە زۆرترین حاڵەت تەنها
چوار ئۆتۆمبێل بەکاربهێنن، ئەویش بە مەرجێک ئۆتۆمبێلەکان تەنها دروستکراوی
کۆمپانیاکانی "کۆریا و چین" بن.
هاوکات
بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی ڕەش و دانانی وێنەی بنەماڵەی سەدر یان ناوی (سەرایا سەلام)
لەسەر ئۆتۆمبێلەکان بەتەواوی قەدەغە کراوە.
لە بەشێکی
دیکەی ڕێنماییەکاندا هاتووە کە، دەبێت سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان تابلۆ و بەڵگەنامەی
فەرمییان هەبێت و بەکارهێنانی جامڕەش قەدەغەیە، جگە لەو ئۆتۆمبێلانەی کە تایبەتن
بە ئەرکە ئەمنییەکان.
هەروەها چوونە
ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی فەرمیی سەرایا سەلام بۆ ناو مەزارگە پیرۆزەکان و فەرمانگە و
دامەزراوەکانی دەوڵەت قەدەغە کراوە.
لە کۆتاییشدا
سەدر جەختی کردووەتەوە؛ پێویستە هەمووان پابەندی یاساکانی هاتوچۆ بن و ڕێز لە خاڵە
پشکنینە ئەمنییەکان بگرن، هەر ئەندامێکیش دەبێت نوسخەیەک لە قورئانی پیرۆز لەناو
ئۆتۆمبێلەکەیدا دابنێت و گرنگی بە دەرکەوتنی دەرەکی (جلوبەرگ، قژ و ڕیش) بدات بە
شێوەیەک کە لەگەڵ ئادابی گشتیدا بگونجێت.
478 جار خوێندراوەتەوە