جوڵە
سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەردەوامن و ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستە
وەزارییەکان گەیشتووەتە 80٪، هاوکات پێشبینی دەکرێت ڕۆژی پێنجشەممە یان
یەکشەممەی داهاتوو، پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کارنامەی حکومەت و کابینەی وەزاری
کۆببێتەوە.
رەجاء فازڵ
حەربی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:
"کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە وادەی چاوەڕوانکراوە بۆ یەکلاکردنەوەی کابینەی
وەزاری و ناکۆکییەکانیش تەنها لەسەر وەزارەتە سیادییەکان ماون".
ئاماژەی
بەوەشکرد، سەرەتا دەنگ لەسەر کارنامەی حکومەت دەدرێت و پاشان لە هەمان دانیشتندا
دەنگ بە وەزیرەکان دەدرێت. ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشیکرد، 25 پەرلەمانتاری پارێزگای بەسرە واژۆیان
کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی پشکی وەزاریی پارێزگاکەیان لە هەردوو وەزارەتی نەوت یان
گواستنەوەدا بێت.
لەلایەکی
دیکەوە، زەینەب جیاشی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، کۆبوونەوەی
ڕۆژی پێنجشەممە بەرەو یەکلابوونەوە دەچێت و ناوی کاندیدەکان بەڕێژەیەکی زۆر
تەواوکراون، هاوکات تەواوی فراکسیۆنەکان لیستەکانیان بێ کێشە پێشکەش کردووە و
ڕێککەوتنێکی فراوانیش هەیە بۆ تێپەڕاندنی کارنامە و کابینەی حکومەت.
لە بەرامبەردا،
فاروق محەممەد سەعید، ئەندامی پەرلەمان پێشبینی دەکات کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژی
یەکشەممەی داهاتوو دابخرێت، چونکە تا ئێستا پەرلەمان هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی
فەرمیی بۆ دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکە پێنەگەیشتووە.
هەر لەو
چوارچێوەیەدا، عەقيل خالیدی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی "تەسەمیم" جەختی
لەوە کردەوە کە بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەر هەندێک پۆست، بووەتە هۆی دواخستنی
دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکە و چاوەڕوانی ڕێککەوتنی کۆتایی لایەنە سیاسییەکان
دەکەن.
118 جار خوێندراوەتەوە