کۆمپانیای ئاسیاسێڵ زانیارییە داراییە وردبینیکراوەکانی بۆ ساڵی دارایی 2024 بڵاو کردەوە

KNN : Kurdish News Network
04:47 - 24/04/2025
کوردستان
+
-

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ئەنجامی زانیاریە داراییە وردبینیکراوەکانی بۆ ساڵی دارایی 2024 بڵاوکردەوە و بەراورد بە ساڵی ڕابردو نزیکەی لەسەدا 13 داهاتەکەیان زیادی کردوە، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی کۆمپانیاکەش دەڵێت: ئاسیاسیڵ بەردەوام دەبێت لە بەرەوپێشچون.

هەواڵ:KNNC

لە ڕاگەیەنراوەکەی ئاسیاسێڵدا هاتوە: کۆمپانیاکەیان بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی لە ڕێگای ئەدای دارایی ناوازەوە کە ڕەنگدانەوەی باڵادەستی کۆمپانیاکەیە لە کەرتی پەیوەندییەکانی عێراق.

باسی لەوەش کردوە: بەراورد بە ساڵی 2023، داهاتیان لە ساڵی 2024ـدا، بە ڕێژەی لەسەدا 12 پۆینت هەشت زیادی کردوە، و گەیشتوەتە نزیکەی ترلیۆنێك و 900 ملیار دینار.

ئاماژە بەوەش کراوە، کۆمپانیای ئاسیاسیڵ، پێش پێدانی سودەکان و باجەکان، گەشەی لەسەدا 18 پۆینت یەكی بەدەست هێناوە، لەکاتێكدا قازانجی تەواو بەدەستهاتو، گەیشتوەتە 394 ملیار دینار کە زیادبونێكی بەرچاوی بەڕێژەی لەسەدا 12 تۆمار کردوە.

ئەوەشی خستوەتە ڕو: لە ساڵی 2024ـدا، بنکەی بەشداربوانیان فراوانتر بوە و گەیشتوەتە 19 ملیۆن و 100 هەزار بەشداربو، لە کاتێكدا لەساڵی 2023ـدا تەنها 17 ملیۆن و 700 هەزار بەشداربو بوە.

لای خۆشییەوە، فاروق مستەفا ڕەسول، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ڕایگەیاند: کۆمپانیاکەیان بەردەوام دەبێت لە بەرەوپێشچون بۆ داهاتو بە ئاڕاستەیەك کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونییەتی بە داهێنان و گەشەسەندنی بەردەوام.

79 جار خوێندراوەتەوە