وشکە ساڵی و کاریگەریەکانی لەسەر ئاسایشی خۆراک

وشکە ساڵی دیاردەیەکی سروشتی و ئاڵۆزە، لەزۆر بەشی گۆی زەوی روودەدات، کاریگەری خراپ و نەرێنی دەکاتە سەر ژینگەی ئەو ناوچەیە کە تیایدا ئەم دیاردەیە رویداوە. بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر سێکتەری کشتوکاڵ، ئەمەش دەبێتە هۆکاری خراپی دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان و ژیان و گوزەرانیان دەکەوێتە مەترسیەوە.

وشکە ساڵی پەیوەندی  هاوتای هەیە  بە وزەو ئاو و ژینگەی ئەو هەرێمە کە تیایدا ئەم دیاردە سروشتیە رویداوەو دەدات و جۆر و ڕێژەی جیاوازە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر.

وشکە ساڵی پێناسەی زۆرە ئیمە لێرەدا دەتوانین پێناسەیەکی سادەی وشکەساڵی بکەین و بڵێین: "وشکە ساڵی دیاردەیەکی سروشتیە کە بەهۆی کەمی دابارین (بەفر و باران) لە ناوچەیەک روودەدات، بە جۆریک؛ ئەو رێژەیە کەمترە لە رێژەی سروشتی و پێویست بە گەشەی کشتوکاڵی ناوچەکە و ژینگەکەی کە دەبێتە کەمبوونی یان نەمانی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاو، لەناوچونی ئاژەڵداری و تێکچونی دۆخی ئابوری و خراپ بونی باری کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان بەتایبەت گوندنشینان، بەرزبونەوەی پلەی گەرمی و زیادبونی بە هەڵەم بون لە ناوچەکە".

تەنها رێژەی کەمی باران هۆکاری وشکە ساڵی نیە، بەڵکو نا هاوسەنگی لە وەرزی باران بارینیش دەبێتە هۆی وشکە ساڵی.

هەرێمی کوردستان و لەگەڵیدا عێڕاقیش بەو پێیەى کەش و هەوایەکی مامناوەندی بۆ گەرمی هەیە و لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوای گۆی زەوی چەندین جار توشی وشکەساڵی بوون، ئەگەری هەیە ئەم دیاردە سروشتیە بەردەوامی هەبێت، بۆ نمونە؛ بەپێی لێدوان و لێکۆڵینەوەی بەشێک لە شارەزایان لەماوەی (20) ساڵی ڕابردوو تائیستا (10) جار وشکە ساڵی لە گەرمیان رویداوە بەشێکی هەستی پێ نەکراوە، بەڵام بە وشکەساڵی زانستی ناسراوە، دەیان ساڵی دەوێت تا کاریگەریەکانی چارەسەر بکرێت بەشێکیشی هەستی پێکراوە، بۆ ئەمساڵ دیسان وشکە ساڵی تەواو لە ناوچەی گەرمیان روویداوە، لە ناوچەکانی تری هەرێم وشکە ساڵی رێژەیی رویداوە، ئەمەش کارەساتی ژینگەی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کاریگەریە خراپەکانی لێرە بەدوا باشتر دەردەکەوێت.

لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە جۆرەکانی وشکەساڵی بدەم کە چەند جۆرێکن و هەریەکەیان کاریگەری خۆی هەیە لەوانە:

یەکەم: وشکەساڵی ژینگەیی، بە هۆی کەم دابارین (بەفر و باران) و سەرما روودەدات.

دووەم: وشکەساڵی کشتوکاڵی، لە ئەنجامی کەمی رێژەی شێ لە خاکدا روودەدات و دەبێتە هۆی کەمبونەوەی رێژەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار روودەدات، هۆکاری یەکەم پەیوەستە بەخاکەوە و هۆکاری دوەم بەکارنەهێنانی رێگای ئاودێری نوێ و گونجاو بۆ کشتوکاڵ.

سێیەم: جۆری وشکەساڵی هێدرۆلۆجیە، ئەم جۆرە بەهۆی کەمی رێژەیی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی روو دەدات کە کەمبونەوی ئاو هۆکارەکەی کەم دابارینە.

چوارەم: وشکەساڵی ئابوری، لە ئەنجامی رودانی ئەو سێ  جۆرەی تری وشکەساڵی روودەدات، کاریگەری تایبەت لەسەر گوندنشینان دروست دەکات.

ئەگەر بمانەوێت باسی کاریگەریەکانی وشکەساڵی بکەین ئەوە سەدان لێکۆڵینەوەی زانستی و نوسین و شیکردنەوەى دەوێت، لەبەرئەوە لێرەدا تەنها باسی کاریگەری وشکە ساڵى دەکەین لە سەر (ئاسایشی خۆراک).

وەک لە سەرەتادا باسم کرد وشکە ساڵی کاریگەری راستەوخۆ دەکاتە سەر سێکتەری  کشتوکاڵ و ئاو، ئەو دوو سێکتەرەش راستەوخۆ پەیوەستن بە ئاسایشی خۆراکەوە، خراپ بوونی کەرتی کشتوکاڵ واتا خراپ بوونی ئاسایشی خۆراکی وڵات و خێزان و تاک، کەمی بەرهەمە کشتوکاڵیە زستانە و هاوینەکان وەک (دانەوێڵە و سەوزە و میوە) و ئاژەڵداری و بەرهەمە ئاژەڵیەکان و دۆخی ئاژەڵە کێویەکانیش ئاسایشی خۆراکیان لە مەترسیدا دەبێت، هەروەها کاریگەری دەکاتە سەر ئیکۆلۆجی خاک و ئاو کە ئەمەش راستەوخۆ پەیوەستە بە گەشەی رووەکیەوە.

کەمی خۆراک دەبێتە هۆی کۆچی ناوخۆی و دەرەکی و دروست بوونی شەڕ و زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری خێزانەکان و کۆمەڵگا، ژیانی گوندنشینان وێران دەبێت و بە ئاسانی چارەسەر نابێت.

هەر گۆڕانکاریەکی ژینگەیی راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر ئاسایشی خۆراک، هەر بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێت بە زوترین کات کاریگەریەکانی وشکە ساڵی لەسەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و ناوچەی گەرمیان بەتایبەتی کەم بکرێتەوە بەهەر رێگایەک بێت، چونکە بەهۆی وشکە ساڵیەوە دیاردەی بە بیابان بوون زیاد دەکات بەو پێەی نزیکەی (80%)ى زەوی گەرمیان پشت ئاوە (دێمیە) واتا پشت بە باران دەبەستێت.

ئەگەر لە ئیستادا چارەسەری وشکەساڵی بەشێوەی زانستی و خێرا نەکرێت، ئەوە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و دەیان ساڵمان پێویست دەبێت بۆ ئەوەی کاریگەریەکانی کەم بکەینەوە، لە ئیستادا پێویستە بۆ ناوچەی گەرمیان بەزوترین کات سەرچاوە ئاویەکان زیاد بکرێت لەوانە هەردوو بەنداوی باوەنور و بەردەسور کاریان لەسەر بکرێت و هەروەها بەنداو و پۆنتی بچوک لەناوچەکانی گەرمیان دروست بکرێت بۆ گلدانەوەی ئاو لە وەرزی دابارین، هەروەها هانی جوتیاران بدرێت کە رێگای نوێ بۆ ئاودان بەکار بێنن، هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی سامانی ئاژەڵ لە فەوتان بپارێزرێت، ئالیک و خۆراکی ئاژەڵی بەسەر خاوەن ئاژەڵەکان دابەش بکرێت و ئاو و خۆراک بۆ ئاژەڵە کێویەکان دابین بکرێت، ئەم رێگایە بۆ ناوچەکانی تری کوردستان جێبەجێ بکرێت و بەنداوی بێخمە تەواو بکرێت، خۆ ئەگەر پێشتر بەنداوی بێخمە تەواو بکرایە ئەوە کوردستان کەمتر توشی وشکە ساڵی دەبوو.

پێویستە هەوڵ بدرێت سەوزایی لە دەوروپشتی بەنداوەکان دروست بکرێت، بەو ڕێگایانە دەتوانرێت کاریگەری وشکەساڵی لەسەر کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراکی وڵات و خێزان و تاک کەم بکرێتەوە.

1255 جار خوێندراوەتەوە