دەسەڵات بۆ ھەر ھەڵبژاردنێ بە بەرنامە و شێوازێكی نوێ و جیاواز ھانا بۆ تەزویر دەبا، دەكرێ بپرسین پەنا بردن بۆ تەزویر مانای دۆڕان و پاشەكشە نیە؟ ئێمە كە دەسەڵاتێكمان پێ گەندەڵ و فاشل و خۆسەپێن بێ دەبێ بە ھێز و توانامان روبەڕویان ببینەوە نەك نائومێد بین، چونكە ئەوان كار لەسەر نائومێدی ئێمە دەكەن. چونکە نێوان دو خولی هەڵبژاردن پێوەری زیادکردن یان کەمکردنی دەنگی لایەنە سیاسیەکانە، کە گومانی تیا نیە چوار ساڵی رابردو خراپترین جۆری حوكمڕانی و نەبونی خزمەتگوزاری بو نەك تەنھا لەسەر ئاستی عێراق بەڵكو لە تەواوی وڵاتانی ناوچەكەو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
عێراقێك نیوەی خاكەكەی بەدەست خۆیەوە نەبو، بەڵام موچەی فەرمانبەرەكانی نەك تەنھا رۆژێك دوانەكەوت بەڵكو كەمیش نەكرایەوە، پرۆژەكان نەوەستان، بازاڕ پەكی نەكەوت، بەڵام لێرە چوار ساڵ زیاترە بازاڕ و گوزەرانی خەڵك شەكەت و مامۆستا و فەرمانبەرانیش روبعە موچەیەكیان دو مانگ جارێ وەرئەگرت!
باشە دەكرێ ئەنجامی خراپی حوكمڕانی ئەم دەسەڵاتە، بێئومێدی لێبكەوێتەوە!، یان بە پێچەوانەوە ئەو ھێزە بكرێتە ئومێد و چوارساڵ جارێ بە دەنگدان یان بكرێتە پاداشتێ بۆ ئەو ھێزانەی شیاوی پاداشت بون! یاخود سزایەك بۆ ئەو دەسەڵاتەی شاسیتەی سزان.
دەسەڵاتێك بە پارەو ھێزی گەلەوە رۆژانە پلان بۆ مانەوەی خۆی و كوشتنی ئومێدی خەڵك بە ھەڵبژاردن و دەنگدان دائەنێت بۆ پۆشینی شكستی ئیداری و ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی چوار ساڵی رابردویان، وەك چۆن لە رابردو ھێزو دەسەڵاتی بۆ مانەوەی بەكاردەھێنا، ئێستا لە پاڵ ئەوەدا دەیەوێ تۆی ھاوڵاتی پاڵپشت و دەنگدەری بە ئیرادەو خۆبەخشی بزوتنەوەی گۆڕان بێ ئومێد بكا لە بەشداری پرۆسەیەكی وەھا گرنگ و كاریگەر، چونكە دڵنیایە ئێوەی ناڕازی لەم حوكمڕانی و خزمەتگوزاریەی ئەوان ھەرگیز دەنگیان پێ نایەنەوە، بەڵام خاوكردنەوەی ئەو دەنگانە و بەشداری نەكردنیان لەم پرۆسەیە دیاریەكە گرانتر و بە بەھاتر لە دەنگی ھەوادار و كادری خۆیان. لەبەرئەوە زیادبونی بایكۆت بەرزكردنەوەی رێژەی دەنگ و كورسی پەرلەمانی و دەسەڵاتی ئەوانە.
بایكۆت چی بە ئێمە ئەبەخشێ؟
نمونەیەکی زیندو لە ھەڵبژاردنی رابردوی لوبنان، کە خەڵکی سونەو رۆشنبیرەكانیان بایكۆتی پرۆسەكەیان كردو ئەوەی لێكەوتەوە كە رێژەی شیعەكان زیاتر بەرز بێتەوە و دەسەڵاتیان زیاتر ببێ، پەشیمانیش دادیان ناداو دەبێ چاوەڕێی چوار ساڵی داھاتو بكەن بۆ راستكردنەوەی.
ئەوەی خاڵی بنەڕەتیەو دەبێ لەسەری بوەستین ئەوەیە شارێكی گەورەی وەک سلێمانی نزیكەی نیوەی دەنگدەری ھەرێمی كوردستان دەنگدەری تێدایە، بایكۆتی دەنگدان لەم شارە لە بەرژەوەندی پارتیەو کاری لەسەر دەکا، ئەوان وەك ھێزی یاڵادەستی ھەولێر و دھۆك بە ھەر ھۆكارێ بێت ناھێڵن بایكۆت بە ڕێژەیەك بێ كە بە زیان بۆیان بشكێتەوە، ھەڵبژاردنی ڕابردوو ئەوەمان بینی كە ڕێژەی دەنگدان لەو شارانە زیاتر بو لە چاو شارێکی زیندوی وەک سلێمانی، بەھۆی ئەوەش كە ھەرێم بە یەك بازنەی ھەڵبژاردن دانراوە، بەو پێیە تا لە سلێمانی دەنگدەر كەم بێ پارتی دوجار قازانج ئەكا، جارێك لە سلێمانی دەنگی كەمەو كاریگەری لەسەر ئەو نابێ، جارێكی تر ھەمو كەمبونەوەی بەشداریەك لێرە كەمبونەوەی دەنگە ناڕازیەكانەو ھەڵكشانی دەنگەكانی ھەولێر و دھۆكە، لەبەرئەوە ئەنجامی ھەمو بایكۆتێك لێرە رونە كە قازانجی پارتی لایەکی تریشی بۆ یەكێتیش دەشكێتەوە. بۆیە ئەگەر پلان و دەنگۆی ئەم دەسەڵاتە کاریگەری هەبوە لەسەرت و بڕیاری بایكۆتت داوە، لەبەر ھەر ھۆكارێ بێت!، دواجار بە خزمەتی ئەوان تەواو ئەبێ، كە دڵنیام تۆ ئەوەت ناوێ.
كۆتا قسەم پرسیارێكە، ئەگەر باس لە رابردوش نەكەین و تەنھا نێوان دو خولی ھەڵبژاردن وەربگرین، تۆی ھاوڵاتی چوار ساڵە حوكمڕانی پارتی و یەكێتی و هاوبەشەکانیانت لە دەسەڵات پێ باش بوە؟ خۆشگوزەران بویت؟ كارەباو ئاو خزمەتگوزاری تەواوت ھەبوەو هەیە؟ ئەگەر وەڵامەكەت بەڵێیە، پیرۆزت بێ و لە راستیا غەدرە دەنگیان نەدەیتێ!
2373 جار خوێندراوەتەوە