هەتا خۆتبی وامەبە

پاش فێربوون و گرنگیدانی ئادەمیزاد بە کشتوکاڵ و لەسەرەتای دروست بوونی کۆمەڵگە و دەرکەوتنی شارستانییەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، خواستی مرۆڤ بۆ دەسەڵات و خۆپەرستی و کۆتو پەتکردنی یەکتر هێدی هێدی سەریهەڵا تا گەشتە کڕین و فرۆشتن بە خودی مرۆڤ و کۆیلەکردنی.

پاشان لە دەوروبەری ساڵی ٦٠٠ی پێش زایینەوە ووردە ووردە بیرمەندەکان و لێکۆڵەرەوەکان لە ناوچەی یۆنان زمانزانەکان سەریانهەڵا وەکو کەنارەکانی ئاسیای بچوک و باشوری ئیتاڵیا.

ئەم بیرمەند و لێکۆڵەرانە دواتر ناوی فەیلەسوفیان لێنرا، ئەمان سەرقاڵی هۆکارە سروشتیەکان بوون واتە ئەو هۆیانەی ئەیانتوانی بنەمای ڕووداوو دیاردەکانی ناو سروشت بخەنە ڕوو و دەستنیشانیشیان بکەن، وە وازیان لەهۆکارە ناسروشتییەکان هێنابوو وەک "خوا و میتولۆژیا"، شێکردنەوەکانیشیان پشتی ئەبەست بە شتە هەستپێکراوەکان واتە ئەو هۆکارانەی مرۆڤ ئەیتوانی لەڕێگای هەستەکانەوە پەیوەندیان لەگەڵ ببەستێ.

ئەمان تەنیا بە فەلسەفەوە خەریک نەبوون بەڵکو ماتماتیک، ئەستێرەناسی وسروشتناسی، بەو جۆرە تا سەدەی ١٨ بەهەر چەشنە زانست و زانیاری و سروشتناسییەک ئەوترا فەلسەفەی سروشت، بۆ نمونە بە جوڵەی یاسای نیۆتۆن ئەوترا فەلسەفەی سروشت.

فەیلەسوفەکانی پێش سۆفیستەکان بە دوو کێشەی سەرەکییەوە سەرقاڵ بوون، ئەوانیش:

یەکەم کێشەی "بن مەتریاڵ" واتە ئەو مادەو مەتریاڵەی کۆی مادەو مەتریاڵەکانیتر لەوەوە سەرچاوەیان وەرگرتووە. دووەمیش کێشەی جووڵە و گۆڕان.

پرسیارەکە ئەوەبوو ئایا مادە"مەتریاڵ"ێکی سەرەکی هەیە کە کۆی مادەکانیتر لەوەو سەرچاوەیان گرتبێ؟

لەوەڵامی ئەم پرسیارەیا "تاڵس" یەکەمین فەیلەسوفی جیهان ئەیوت ئەوە (ئــــاوە) بنەمەتریاڵە و "هێراکلیتیش" ئەیوت نەخێر (ئاگرە)!

واتە لەو سەردەمەیا فەلسەفە و فەیلەسوفەکانیش لەبری ئازادکردنی مرۆڤ لە چەوسانەوە و ئاشناکردنی بە مافەکانی گرنگیان بەهەندێک شتی پیویستئەیا بۆ ژیانی مرۆڤەکان، بەڵام خودی مرۆڤ کە ئەچەوسێنرایەوە کەمتر جێێ بایەخ و کاری فەیلەسوفەکان بوو، هەربۆیە دەسەلاتدار و سیاسی و بازرگانەکان تابێت زیاتر و کۆت و بەند و چەوسانەوە و بە کۆیلەکردنی مرۆڤیان پەرەپێئەیا.

پاشان هەوێنی پێکهاتنی تاکی کۆیلەو دروستبونی کۆمەڵگای کۆیلایەتی لە فەلسەفەی سیاسیدا زۆرترین ڕەهەندو تیۆری جیاواز لەخۆگرت و زۆرترین باسیشی لێوەکراوە، چونکە ئەم پرسە وابەستەی هەموو سەردەمەکانە و لەگەڵ کۆمەڵگای مرۆڤایەتیا هەنگاو ئەنێ.

سیمای کۆیلە:
سیمای کۆیلە بوون بە کۆمەڵگایەکی چەق بەستووی دوور لە گەشە و جوڵە، بەرزی ئاستی رۆشنبیری، دەرنەچوون و دەرنەکەوتنی نەوەی زیندوو،  هەنگاو نەنان بۆ بەرەو پێشچوون، کارانەبوونی چین و توێژی ناو کۆمەڵگە دیارترین ئاکارن.

کۆیلە هەرگیز لە ناخی خۆیدا هەست بە ئاسوودەیی و کامەرانییەکی تەواو ناکا، هەر خەریکی خەم و خۆخواردنەوەیە و ڕووکەش خۆی ئاسوودە پیشان ئەیا لە ژیان، بەردەوام کارێک ئەکات کە ڕاڕابێ و نەتوانێ لە بارێکی دەرونیی جێگیرابێ، چونکە رۆژانە رۆڵی کارەکتەرێک ئەگێرێ کە هی خۆی نییە یاخود ئارەزوی نییە ئەو رۆڵە بگێڕێ، لە هەمان کاتیشا وا هەست ئەکا کارێکی باش و سەرکەوتوانەی ئەنجاماوە.

کاتێك فەرهەنگە سیاسیەکان، کۆمەڵایەتیەکان، خێزان، ئایین، ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی و بەها کلتوریەکان کار لە سەر بێ بەهاکردنی بەهاکانی مرۆڤ ئەکەن و ڕەتی ئەکەنەوە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بۆ کۆیلەکردنی ئەیەن وناهێڵێن خود خۆی بێت، لێرەوە سیستەمی کۆیلایەتی ئەچەسپێ و تەواوی کۆمەڵگاش لە چوارچێوەی ئەو سیستمە داخراوەیا ژیان گوزەرئەکەن، بەلایەکیترا ئەتوانین بڵێین ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێ کت و مت خۆیەتی و تاک بێ بەهاکراوە لەبەرامبەر مووچە.

مرۆڤی کۆیلە کێیە؟ بۆچی ئەیەوێت کۆیلەبێت؟ ئامانجی پشت ئەم کۆیلەبوونەی لەچیایە؟

 مرۆڤی کۆیلە ئە وکەسەیە یاخیبوون نازانێ یا جورئەتی ئەو یاخیبوونەی نیە و هەرگیزنایەوێ بڵێت نا! بۆ هەموو شتێك مل کەچەو بەردەوام ئەڵێت بەڵێ. لە ڕاستیا کۆیلە ئەو کەسە نیە کە ململانێکە لە بەرامبەر ئەوانی ترا ئەدۆڕێنێت، بەڵکو ئەو کەسەیە لە بنەڕەتا نایەوێ بچێتە نێو ململانێوە یاخود کە ئەشچێتە ناو ململانێکەوە بەتەنها لەهەوڵی پاراستن و زیندوو هێشتنەوەی خۆیەتی، هەروەک وەک ئەو خۆپارێزی و بەرژەوەندی پارێزییەی ئێستا باوە.

کاتێك تەواوی تاکەکانی کۆمەڵ ملکەچی ستەمی ئیمپریالیزم وداگیرکاریئەبن ئەوکات کۆمەڵگایەکی کۆیلە وێنائەبێت، واتا کۆیلەبوونی تاك هەوێنە بۆ کۆیلەبوونی بەکۆمەڵ، وە بەپێچەوانەشەوە کاتێك هەموو تاکەکانی کۆمەڵ یەكئەگرن و ئەیانەوێت سیستمێك بڕوخێنن وئازاد ببن سەرەنجام ئازادبوونی کۆمەڵگایەکی لێ ئەکەوێتەوە.

بەڵام هیگڵ بەشێوازێکیتر بۆی ئەڕوانێ و لەکتێبی فینۆمۆلۆژیای ڕۆحدا ئەڵێت "کۆیلە ئەو کەسەیە کە وەك ئاژەڵ بەتەنها بۆمانەوە هەوڵ ئەیات ونایەوێت دان بەبوونی خۆیابنێ لەڕووی بەرامبەرەکەیا. کەواتە بۆ سەلماندی خۆمان و خۆ جیاکردنەوە لە ئاژەڵ، نابێ تەنها بۆ مانەوە بژین بەڵکو ئەبێ ئازاد و ئازا بژین.

لە نێو ژیانی سیاسیشا کۆمەڵێك کۆیلەهەن ئەبنە کەرەستەی بنیادنانی دەسەڵاتێکی ناکاراو خۆسەپێن، بەرژەوەندیەکانیان ئەکەوێتە مەترسیەوە، لە پێگەکەی خۆیاندا وەدەرئەنرێن ئەگەر کۆیلەبوون گیرا"قبوڵ"نەکەن، ئەم جۆرە لە کۆیلایەتیش خراپترین جۆری کۆیلەییە چونکە لەم ڕێگەوە کۆمەڵگایەکی بەسیستم ڕێکخراوی کۆیلە دروستئەبێت وە لەئەنجاما کارکردن بۆ ڕوخانی ئەو سیستمە کارێکی مەحاڵ ئەبێت، مەخابن کەمن ئەو سیاسیانەی ئەمڕۆ کە وانەبن.

چۆن گەشەی کرد؟

سەرمایە و ئمپرالیزم دەورێکی باڵاو بەرچاویان گێراوە لە گەشەکردن و پەروەردەکردنی هاوڵاتیانی کۆیلە بەجۆریك هاوڵاتی شانازی بە کۆیلەبوونی خۆیەوە بکات، بەمەبەستی دروستبوونی کۆمەڵگای مردوو و بەئامانجی مانەوەی فەرمانڕەواکان.

کۆیلەبوون لە ئەنجامی تاکە تێكشکاوەکانی نێو کۆمەڵگاکەوە گەشەی کردووە، تاکیك کە تێكشکابێت لەڕووی کەسیەتیەوە و بێبەری بووبێت لە مرۆڤبوونی خۆی و هیچ ئومێدی یاخیبوونی تیابەدی ناکرێت، کاتیك کۆمەڵگا کۆیلەبوون تیائەبێت بە شانازی کە مرۆڤ تیایا شوناسی مرۆڤبوونی خۆی لە بیرئەکات هیچ بەهایەکی مرۆڤبوونی نامێنێت و ئەبێت بە بەهاو پوولی دەست لە ئەستۆکان. ئێستا کۆمەڵگە بەجۆرێک تێکشاوە کابرا کۆیلەیەو لە تێڤییەکانەوە پەلاماری کەسانێک ئەیا کە ئەیانەوێ ئازادی بکەن و ڕەوایی بە لەنێو قەفەزنانی خۆی و بەدێوکردنی ئاغاکەشی ئەیا!

ئەکرێت مرۆڤەکان بەهۆی دین، دراو، درۆ، دەسەڵات، هەڕەشە، بڵاوبوونەوەی بیری کۆنەپەرستی.....هتد کۆیلەببن.

چینی ده‌سه‌ڵات هه‌رچی هه‌یه‌ له‌باسی شارستانی و كه‌لتورو یاساو دین و ڕه‌وشت و مرۆڤایه‌تی و ئابوری و سیاسه‌ت و ئیراده‌ و ئیداره‌یا به‌گوێره‌ی ته‌رازوی عه‌قیده‌ی خۆیان نه‌بێت نایكێشن، پێچەوانەکەشی بەدژ ئەبینن و تەنها سەرڕاوەشان و دەستبەسنگەوەگرتن گیرا"قبوڵ"ئەکەن و لە بەردەوامی ئەم کارەشا کۆیلە لەدایک ئەبێ.

کاتێك دینێك دەرئەکەوێت و هەواڵی بڵاوکردنەوە و گەیاندنی دینەکە ئەیرێت بە هاوڵاتیان، ئەو مرۆڤانەی کە وەكو نوێنەر و پەیامبەری دینەکە دەرئەکەون هەنگاوی یەکەمیان بۆ ملکەچکردنی تاك لە نێو کۆمەڵگا، رێگەی کوشتن و بڕین ئەگرنەبەر بۆ گیراکردن و وەرگرتن و بڵاوبوونەوەی دینکە، بەم هەنگاوەش کۆمەڵگا هەنگاوی یەکەم ئەنێتە نێو کۆیلەبوون، هەمان شتیش بۆ دروست بوونی حیزبی ستالینی و دەسەڵاتی بنەماڵەش ڕاستە.

چیبکرێ؟
جه‌نگێكی گه‌وره‌ی ده‌رونی و فكری و قۆرغكاری دژ به‌كۆمه‌ڵگا کە ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسانه‌ به‌ئیفلاسبوونی به‌های مرۆڤ و دروست بوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كۆیله، وە ‌ئه‌وه‌ی له‌گۆراندایه‌ سیستم و ئایدۆلۆژیاكانن کە ئیراده‌ی نامرێ به‌م سته‌مه‌ به‌ڵام دادپه‌روه‌ری دوائه‌كه‌وێ و قۆناغی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا لاوازەكا.

تۆماس هۆبس بۆچونی وایه‌ ''ته‌نها هێز ئه‌توانێ پێش له‌هێز بگرێت'' واته‌ پێۆیستمان به‌شۆرش یان هێزی فكری شۆرشگێڕانەیە‌ بۆداماڵینی لاشه‌ی سته‌م له‌به‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار، چونكه‌ هۆبس براوی وایه‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر بنچینەی هێز دروست بووه‌. بەڵام سوقرات بڕوای وایه‌ تاكه‌كان ئه‌بێت تێبفكرن و دواكه‌وته‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌نه‌بن له‌كردارو ڕه‌فتارا، بۆیە پێی وابوو خۆناسی بنچینەی دەوروبەر ناسییە. مۆنتیسكۆش باس له‌وابه‌سته‌بوونی په‌یوه‌ندی پته‌وی نێوان كۆیله‌یی كۆمه‌ڵگا به‌ویستی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌پاندنی ئایدیادا ئه‌كا و پێداگری له‌سه‌ر وه‌لانانی ئه‌كا. بەڵام ئه‌فلاتون له‌كۆماره‌كه‌یا بانگه‌شه‌ی یه‌كسانی ئه‌كا له‌نێوان تاكه‌كان. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌رستۆ تالیس پێیوایه‌ ئه‌م یه‌كسانییه‌ له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی واقیعه‌  كۆیلایه‌تی له ‌لۆژیكی فكری ئه‌رستۆیا ماڵێكی به‌به‌هاو سامانێكی فكریه‌. واتە بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی چەندین ڕێگای جیاواز هەن تەنها خواستی تاکەکانی پێویستە بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی و چەوسانەوە.

مرۆڤ شەیدای ئازادییە، چونکە ئازادی کرۆکی بوونی ئادەمیزاد پێک ئەهێنێت. قایلبوونی مرۆڤ بە کۆیلایەتی زادەی نائومێدی و ڕەنگدانەوەی ڕۆحێکی خەواڵووە، بەڵام ئەوەی مرۆڤ لە زیندەوەرەکانی دیکە جیا ئەکاتەوە، یاخیبوونە لە ستەم و ڕازینەبوونە بەوەی شکۆی ژێر پێ بخرێت.

به‌هه‌دەردانی ئیراده‌ی مرۆڤ لەبرسا یان له‌ترسا وائه‌كا زیاتر فوو له‌ئاگری به‌كۆیله‌بوونی كۆمه‌ڵگه‌بکرێ، بێ ئه‌وه‌ی به‌ها بۆخۆی و خه‌ڵك و خاك دابنێت، هەر بۆیە مەحاڵە ئازادنەبی و ئاسودەبی، سەربەخۆنەبی و دەسخەڕۆنەبی، نەژادبی و کاڵ فام نەبی.


193 جار خوێندراوەتەوە