پێوەرەکە هەڵەیە

 
لە فرەی و ئازادی سیاسیا دانوستان و ڕێکەوتن ئازادیەکی ھەموو لایەنێکە کە لەگەڵ ھەرلایەنێکی ناوخۆییا ڕێبکەوێت بەمەرجێک لەسەر بەرژەوەندی خەڵک نەبێت و کەمترین بەریەکەوتنی لەگەڵ ھێڵە ستراتیژی ئابوری و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریەکانی میلەتا نەبێت.

ستراتیجی حیزبی لە ستراتیجی نیشتمانی و درێژخایەن گرنگترە بەلای حیزبەکانەوە لەکاتی دانوستانەکانا، کە لە ڕاستیا پێچەوانەکەی تەندروست و ڕێچکە ڕاستەکەیە، چونکە کاری حیزب ڕێکخستن و چاکتر کردن و خزمەت کردن بە خەڵکە ھەربۆیە کارێکی نامۆیە کە دانوستان لەبەرژەوەندی حیزب ئەکرێ و ھەر لەبەرژەوەندی حیزبیشا کۆتای پێئەھێنرێ!

کێشەی پێکھاتنی حکومەت و دانوستان بۆ دامەزراوەکان ھەمیشە تەنھا دوو حیزب ڕێکەوتن ئەکەن، دواتر حیزبێک لەو  حیزبابە لەگەڵ حیزبێکی ترا دانوستان ئەکات و بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی یەکەم، کە خۆی کاری بەجێ و تەندروست ئەوەیە کە دوو حیزبی یەکەم کاتێک ڕێئەکەون ئەبێ و زۆر گرنگە بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ حیزبی سێیەم ئەوان وەک یەک تیم و بە یەک ستراتیژ دانوستان لەگەڵ حیزبی سێیەم بکەن، کاتێک لەگەڵ حیزبی سێیەمیش ڕێکەوتن ئەکەن دیسانەوە زۆر گرنگە کە ھەرسێ حیزب بەیەک ستیراتیژ دانوستان لەگەڵ حیزبی چوارەما بکەن، بەو شێوەش تا کۆتایی بەردەوامبن.  باشی ئەم ھەنگاوە لەوەیایە کە تەمومژ و مقۆمقۆی سیاسی کەمتر ئەبێتەوەو متمانە لە نێوان حیزبەکانا دروست ئەبێت و ئارامی بۆ شەقام دەستەبەر ئەبێت و لەھەمان کاتیشا ڕێ لە ڕاگەیاندنی نابەرپرس و بەرپرسی بارزگان و سودمەند لە ئاژاوە ئەگیرێ کە سوود لەو ماوەی دانوستان و گوزەری سیاسیە ببینن و ڕێگربن لە نانەوەی ئاژاوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

لە ڕاستیا کلتوری سیاسی و دانوستانەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوین بە گشتی و لە ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی بەجۆرێکە کە ھەمیشە دوو لایەن دانوستان ئەکەن و لایەنی ھەمیشە ئامادەو زیندوو خاوەن قەزێکە لەبیر ئەکەن کە میلەتە، واتە ھەمیشە میلەت دانوستانکاری سەرەکی و یەکەمە و حیزبەکان لە پلەی دووەمدا دێن بەڵام لە ھەرێمی کوردستان پلەی میلەت ئەژمار ناکرێ و ھەمیشە دانوستان لەبەرژەوەندی دوو حیزب و لەناو حیزبیشا لە بەرژەوەندی دوو باڵ و لەناو باڵەکانیشا لە بەرژەوەندی دوو بنەماڵەو ھەندێ جار لەبەرژەوەندی تەنھا کەسێکیشا ئەکرێ.

گرنگە گرنگی بدرێ بەوەی کە کاتێک حیزبێک یان دوو حیزبی سیاسی و زیاتر لە دانوستانەکانا ئەیبەنەوە مەبەست لێی ئەوەبێ کە میلەت براوەی یەکەمە ئەگەرچی خودی حیزبەکە دۆڕاوی سەرمێزیشبێ چونکە کاری حیزب ئەوەیە کە ھەمیشە میلەت براوەبێ.

لە دانوستانەکانی  ھەرێمی کوردستانا کێشە عیملاقەکە لەبیرئەکرێ کە ئەویش کێشەی ژیانە، چونکە لەبازنەی مرۆڤ بوون و مرۆڤایەتیا ژیان چەقە و ئەبێ شایستەی مرۆڤ بێ و نابێ ھیچ شتێک لە ژیان گرنگتربێ بۆ دانوستان.

تا ئێستا لە پێکھێنانی ھیچ کابینەیەکی حکومەتی ھەرێما بەم کابینەیەشەوە "کابینەی نۆ" کە جارێ چاوی ڕوناکی نەبینیووە باس لە ئەولەویاتی ھاوڵاتی نەکراوە واتە کێشەی سەرەکی ھاوڵاتی چەقی دانوستانەکان نەبووە، کە خۆی لە ژینگە و ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و مووچە و خزمەتگوزاری گشتی و خوێندن و زانست و پەروەردە...ھتد ئەبینێتەوە، بەڵکو هەمیشە دانوستان بۆ زۆرترین بەرکەوتی سیاسی و پشک و پۆست و پێگەی حیزبە لە حکومەتا.

نەک لە دانوستانەکانا بگرە لە ستراتیژیەتی درێژخایەنی حکومەتیشا (کە دڵنیام ھیچ ستراتیژیەتێکی درێژ خایەن بوونی نیە) شتێک نیە “Road of map” بەناوی "خارطة الطريق" نەخشە ڕێگا واتە لە ٢٨ ساڵی حکومڕانی ھەرێما تا ئێستاش نەخشە ڕێگایەک نیە کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان لەسەری بڕۆن تا بگەنە ئەو شوێنەی کۆتای نەخشەکە دیاری کردووە بەڵکو بە پێچەوانەوە لە یەک خولی پەرلەمانی و کابینەی هەمان حکومەت چەند ستراتیژیەتێکی جیاواز بەیەک ھەست پێئەکرێ کە دڵنیام لە سەرۆکی حکومەتەوە تا بەڕێوبەری فەرمانگەیەک بێئاگان لێی و ھیچ کەس و لایەنێکی حکومی نەخشە ڕێیەکی لەبەردەستا نیە تا کاتێ لێی لادرا زەنگی ئاگاداربوونەوە لێبدرێت.

یەکێکیتر لە خاڵی لاوازی دانوستان و ڕێکەوتنی حیزبەکان بە تایبەتی ڕێکەوتنی ستراتیژی ئەوەیە کە ھەمیشە میلەت زەرەرمەند ئەبێ لێی بۆ نمونە ڕێکەوتنی ستیراتیژی پارتی و یەکێتی دانپیانانێکی ئاشکرای دوو ئیدارەی و لەوەش خراپیتر دوو زۆنی سیاسی و جوگرافیای جیاواز بوو، کە تا ئێستاش ھەر بەو جۆرە بەردەوامە، وە بۆتە قۆرتی ھەر کارێک کە ئەم دوو زۆنە نەبنەوە بەیەک ھەرێمی یەک ڕەنگ کە حکومەت لە باشوریەوە بۆ باکور و لە ڕۆژھەڵاتیەوە بۆ ڕۆژئاوا بەھەمان ھێز حوکمڕانبێت، بەڵکو بەجۆرێکە کە داواکراوی دادگاکانی ئەم زۆن لە زۆنی ئەولا خۆی حەشار ئەیەن ھەروەک ئەوەی بڵێی سنوری دوو وڵاتی ناکۆکن و لە کاتی جەنگدان.

خاڵێکی تری لاوازی دانوستانی لایەنەکان تا ئێستا لەسەر ژمارەی ئەو دەنگانەیە کە بە دەستیان ھێناوە، واتە ئەنجامی ڕێکەوتنەکانیان لەسەر ٪‏٣٦ خەڵکی دەنگدەرە کە ڕاست ئەوەیە دانوستان لەسەر ژمارە گەورەکە بکرێ کە ٪‏٦٤ خەڵکی دەنگنەدەرە، واتە ئەبێ دانوستان بە ئاڕاستەیەک بووایە کە ئایا ھەڵەی کۆی ئەم حیزبانە لە ساڵانی ڕابردووا  چیبووە کە بۆتە ھۆکاری ئەوەی زۆرینەی خەڵک بایکۆتی پرۆسەی دیموکراسی و دەنگدان بکات،  ئەبوو بگەڕانایە بەدوای ئەو ھۆکارانەیا کە خەڵک لێی ناڕازیە، و دانوستان بە مەبەستی ڕێکەوتن لەسەر ئەو خاڵانە بووایە کە خواستی خەڵکی دەنگ نەدەرە و تووڕەی و ناڕەزاییەکانیان بە ھەند وەرگرتایە، چونکە ئەوانە نوێنەری ڕۆح و گیانی کۆمەڵگە ئەکەن و ڕەوایەتی لای ئەوانە، ھەروەک چۆن مافی ئەو لە ٪‏٣٦ لەبیرنەکرێ کە ڕێزیان لە پرۆسەی دیموکراسی دەنگدان گرتووە.

لە کۆتاییا ئەگەر قسە لەسەر بەرنامەی ستراتیژی حیزبەکان بێت ئەوا لەدوای ھەڵبژاردنەوە بۆمان ڕوون بۆوە کە حیزبەکان ستراتیژی سیاسی درێژخایەنی حیزبایەتیشیان نیە بەدەر لە گۆڕان کە لە دروست بوونیەوە ڕژدە لەسەر جێگێرکردنی سیستمی پەرلەمانی بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەوەی کە تا ئێستا ئەبینرێ ئەوەیە کە گۆڕان توانیویەتی خواستی خۆی لە کابینەی نۆیا جێبکاتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان تاکە لایەن بوو کە لەدوای ھەڵبژاردنەکانەوە مەرجەکانی خۆی ڕاگەیاند بۆ بەشداری کردن لە حکومەت و ھەرواشی کرد کاتێک پارتی مەرجەکانی بزوتنەوەکەی قبوڵ کرد، لەوەش گرنگتر ئەو بزوتنەوەیە ستراتیژی تایبەت بەخۆی ھەبوو کە لە ١٠ ساڵی ڕابردووا کاری بۆ کردوەو توانی لەم کابینەیەیا جێگەی بکاتەوە و ڕا ڕا نەبێ و بەرنامە ستراتیژیەکەی نەبەستەوە بە ژمارەی پشکەکانی لە حکومەتا ئەگەرچی جێبەجێکردنەکەی لەدەست پارتیایە و ئەزمونی پێشووی گۆڕان لەگەڵ پارتیا ئەنجامی باشی نەبووە بەڵام نابێت پشت لە ئومێدو متمانەبکرێ.

ئاخر ھەرچۆنێک بێت و بە ھەر شێوەیەک بێت پارتی ٤٥ کورسی ھێنا ئەوەش بووە ئومێدی تەنانەت نەیارەکانی پارتیش کە چیتر پێویست ناکا پارتی و یەکێتی پێکەوە حکومەت پێکبھێنن بەڵکو ئاوات ئەوەبوو کە ئەو ھەڵەیەی ساڵی ١٩٩٢ کرا ئێستا ڕاست بکرێتەوەو یەکێک لەو دوو حیزبە ببێ بە ئۆپۆزستۆن، بەڵام پارتی ئەوەی نەکرد وا وێنای ئەکرد بە بەشداری نەکردنی یەکێتی لە حکومەتا  دوو ئیدارەیی ڕائەگەیەنرێ کە ئەمە دوورە لە ڕاستی و مومکین نیە بەهۆی ئەو بەرژەوەندییە کەسی و بازرگانیانی کۆمپانیا زەبەلاحانەی هەردوولا لە زۆنی یەکترا بەڕێوەی ئەبەن و هەرچی یەکێتیە هەرگیز  هه‌ڵه‌ی واناکات چونکوم زۆربەی پارە دیار نەماوەکانی سلێمانی لە هەولێر خراونەتە گەڕو کۆمپانیا و هۆتێل و نەخۆشخانەی ئەهلی....هتدی پێ دروستکراوە، بۆ بەرژەوەندی بازرگانی و کەسی لە هەردوولا.

ھەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە قێزەونترین ماوەی دانوستانی دوای ھەڵبژاردن تا گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی بەڕێکرد، بەجۆرێک چەندین جار ھەڕەشەی دوو ئیدارەی و شەڕی ناوخۆو سزادانی سیاسی گۆڕانیان بە غەیرە موباشر کرد، ئەوەش تەنھا بۆ دەستکەوتی کەسی و پلە و وەزارەتی زیاتر بوو. یەکێتی ١٨٥ ڕۆژ ژانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی کرد بە قوربانی وەزارەتێک زیاتر لە پشکی یەکێتی و  ڕاگرتنی هاوسەنگی باڵە زۆرەکانی ئەو حیزبە نا هاوسەنگ و پەرش و بڵاو نزیک لە هەڵوەشانەوەیە.

ماوتەوە بوترێ گرنگە حیزب ڕاهێنان لەسەر هونەری دانوستان بکات بۆ چورا ساڵی داهاتوو بەجۆرێک کە سودمەند و براوە خەڵک بێت نەک حیزب بەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی حیزبی کە بەهیچ جۆرێک لەسەر بەرژەوەندی گشتی خەڵک نەبێت.

سامانی وەستا بەکر
 سوید-ستۆکهۆڵم

107 جار خوێندراوەتەوە