پەنگخواردنەوەی سەدەیەک بوو

 28 ساڵ پێش ئێستا و لە و لە 5ی ئادار لە ڕانیەو 7ی ئادار لە سلێمانی سەرەتای قبوڵ نەکردنی ڕژێمی بەعپـی عەرەبی یان ڕاستتر سەرەتای قبوڵ نەکردنی حوکمـی نەتەوەی عەرەب دەستـی پێکرد و تا ئێستاش درێژەی هەیە.

 

هەڵبەتە ئەو قبوڵ نەکردنە بە "ڕاپەڕین" ناوزەند کرا، کە لە ڕاستیا بەنگخواردنەوەو دەرهاویشتەی زوڵمێکی مێژووی لایەنی کەم سەد ساڵە بوو، کە لە چەند وێستەگەیەکـی جیاوازا کوردی پیا تێپەڕیبوو ئەمە وێڕای مێژووی کۆن کە هەمیشە کورد لەلایەن بێگانەوە حوکم کراوە یان حکومەتی بەسەرا سەپێنراوە.

 

ئەو پەنگخوادنەوەیە دەرهاویشتەیە کاردانەوەی چەندین شۆڕشی پێشتریش بوو، کە بە هۆکاری جیاواز جیاواز هیچیان ئامانجەکانیان نەپێکابوو یان سەرکەوتوو نەبوون، کە هەمیشە خودی کورد هۆکارەکەی ئەگێڕێتەوە بۆ دەستی دەرەکی کە لەڕاستیا ئەوە تەنها هۆکار نەبووە، بەڵکو خودی کوردیش فاکتەرێک بووە بۆ سەرنەکەوتنی.

 

وا باوە کە ڕاپەڕین کۆرپەی شۆڕشە واتە سەرەتا شۆڕشێک هەیە و پاشان بە ڕاپەڕین سەرەتای کۆتای و دوا وێستگەی قۆناغی پێشووترو سەرەتای دەستپێکی قۆناغی نوێ و دەرەنجامەکانی شۆڕش دەستپێدەکات.

 

لە دوای شۆڕش و ڕاپەڕین چاوەڕوانی گۆڕانکاری و شێوازێکی حوکمڕانی جیاوازتر لەوەی پێشوو ئەکرێت و زۆرینەی گەل خۆی بەخاوەنی ئەزانێت و پشتگیری لێئەکات.

 

شۆڕش لە خاڵێکەوە دەستپێئەکات و لە راپەڕینا ئەبێ بە واقیع و بەردەوامی ئەبێت بەجۆرێک هەندێک جار شۆڕش بۆ  چەندین دەیە بەردەوامی ئەبێت و هەنگاو لەدوای هەنگاو ئامانجەکانی شۆڕش بە کردار جێبەجێ ئەکرێ.

 

کاتێ کە ئامانجەکانی شۆڕش بەکردار و لەسەر زەوی هەستی پێنەکرێ و گەل خۆی تیا نەدۆزێتەوە ئیتر ئەوە بەسەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ شۆڕشێکی نوی ئەژمارەکرێت و  بێ بەشکراوان لەدەوری کۆئەبنەوە و  ئیتر لەوە بەدواوە شۆڕشگێڕانی پێشوو ئەبن بە دیکتاتۆرو کەلێن لە نێوانی دەسەڵاتدارو میلەتدا دروست ئەبێ.

 

کەمن ئەو شۆڕشانەی، کە بە درێژای چەندین سەدە کاری لەسەر ئامانجەکانی کردبێ و بەردەوام لە هەوڵی دانەبڕاوا بووبێ تا بەڵێنەکان بکرێ بە کردار نمونەی ئەو شۆڕشانەش شۆڕشی فەرەنسی و ماویەکان و ئەمریکیەکانن.

 

ڕاپەڕینەکانی ساڵی 1991 گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی نەهێناوەتەوە کایەوە، کە تێرکەری خواستی خەڵکبێ و هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە لە ڕاپەڕین گۆڕانکاری گەورە لە دایک نابێ بە پێچەوانەوەی شۆڕشەوە، کە گۆڕانکاری گەورە دروست ئەکات و  ئەمەش ئەو جیاوازییەیە کە تێگەشتنی ئاسان نیە ئەگەر میلەت ئاستی هۆشیاری زۆر بەرز نەبێت.

 

شۆڕشی تەواو نەکراو وەک قوماشێکی بڕاو نەدوراوە واتە بەکارنایەت ئەمە کێشەی هەرێمی کوردستانیشە کاتێک ئەو دەرهاویشتەو پەنگخواردنەوەیەی، کە چەندین سەدەبوو لە ناخیا قەتیس مابوو وە لە بەهاری ساڵی 1991دابپەڕین دەریبڕی بە ئاسانی تەسلیمی چەکدارەکانی شاخی کرد، کە بە شۆڕشگێرەکانی شاخ ناسـراوبوون، کە لەڕاستیا  بەشێكی کەم و نوخبەیان نەبێ ئەوانیتر دوورو نزیک شۆڕشگێڕ نەبوون.

 

یەکێک لە خاڵە لاوازوکانی ڕاپەڕینی بەهاری 1991 نەبوونی سترایژییەت و پاشەڕۆژ بوو بەجۆرێک هیچ حیـزبێکی سیاسی کوردی پلانی بۆ دوای ڕاپەڕین نەبوو یان بەرنامەی بەڕێوەبردنی شاری لە شاخ جیانەکردبۆوە بێجگە لە نەوشیروان مستەفا،  کە وەک ئەندازیاری ڕاپەڕین پلانی ستراتیژی قۆناغی دوای ڕاپەڕینیشی هەبوو، بەڵام ڕێگری لێکراو بەتەنها ئەویش پێی جێنەجێ نەکرا.

 

یەکێکیتر لە خاڵە لاوازەکانی ڕاپەڕین نەبوونی فکر بوو، بەڵکو ڕاپەڕین لە پێناو تۆڵەیا لەدایک بوو "تۆڵە لە سەدام" کە لە ڕاستیا ئەبێ لە شۆڕشا فکر لەدایکبێ وەک نمونەی شۆڕشی فەرەنسی و ئەمەریکی بەجۆرێک شۆڕش بیرمەند بەرهەم ئەهێنێ و ئامانجەکانی پێئەسپێرێ بە جیاوازی لەمەڕ خۆمان لە هێزی چەکداری دروست کردوو شۆڕشی پێسپارد و لەوەودوا بوو بەکاڵا بۆ حیزبایەتی.

 

ئەگەر قۆناغی دوای ڕاپەڕین بکرێ بە دوو بەشەوە ئەوا بەشە بە کەڵک و بەسوودەکەی فێربوونی ئەزموونی دیموکراسی و چوونە سەر سندوقی هەڵبـژاردن و دروست کردنی حکومەت بوو بە هەموو کەم و کوڕیەکانیشیەوە، بەڵام بەشە بێ کەڵک و خراپەکەی ئەوەبوو شەڕی ناوخۆ کراو  خەڵکی پێ چاوترسێن کرا بەجۆرێک خەڵکەکە لەبەر هەڵنەگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ بیری ئازادی لەبیرچۆتەوه‌.

 

ڕاپەڕین نەبووە گێڕانەوەی یەکسانی و هاوبەشی حوکمێکی خۆماڵی لە نێوان حیزب و خەڵکا و مرۆڤ نەبووە بە چەق بۆ خزمەت کردن و بە ئامانج نەگیرا بۆ پێشکەش کردنی ژیانێکی شایستە. ڕاپەڕین بووە هۆکاری ناوچەگەرای و لێکدابڕان و ڕق لێک بوونەوە و سەپاندنی دوو ناوچەی جوگرافیای ڕەنگکراو بە چەک سەپاو.

 

بەرژەوەندی هاوبەشی حیزبی، بازرگانی، خێزانی و کەسی خاڵی جەوهەری ڕاگرتنی ئەزموونی حوکمڕانی خۆماڵی کوردی دوای ڕاپەڕینە نەک ستراتژیەک بۆ پاشەڕۆژ لەسەر بنەمای ئازادی، خاک، نەتەوە، سەربەخۆی....هتد کە ئەمەشیان خاڵێکی لاوازە.

 

ئەوەی دەسکەوتەکانی ڕاپەڕینی ڕاگرتووە حوکمڕانیەکی ڕەشید نیە، بەڵکو کۆژانێکی میلەتە لە ترس لە حوکمی بێگانە کە ڕاست وایە زۆرینەیەک لە یەکێتیەکی گشتیا بە شێوەیەکی پراگماتیکی سوود لەیەکتر وەرگرین و پلانی هاوبەش و ستراتیژی و پاشەڕۆژی کورت و مام ناوەنجی و درێژخایەنمان هەبێ، کوردبوون ببەسرێتەوە بە مافەوە واتە تا ماف زۆربێ کورد بوون جوانتر ئەبێ و پێچەوانەکەشی ڕاستە.

 

نەوەی شاخ لە بەهاری 1991وە حوکمی نەوەی دوای راپەڕین ئەکا و هیچ لێتێگەشتنێکی بۆ خواستەکانی نیە و لە توانایا نیە لە دنیابینی تێبگات و دەستبەرداری لایەنی کەمی دیدگای بەناو شۆڕشگێڕی خۆی نابێ و بوارێک ناڕەخسێنێ، کە نەوەی دوای ڕاپەڕین ئەزموونی حوکمڕانیەکی مەدەنی بەرجەستەکراو ئەزموون بکات. ئەم نەوە نوێیە پۆستاڵ و ئەمنە سورەکەی نەبینیوە بۆیە دیدی بۆ ئازادیش جیاوازە بەجۆرێک مەفهومی ئازدی لای نەوەی دەوای ڕاپەڕین "دروست کردنی ژیانێکی هاوچەرخ و داڕشتنی ژیانە بەوجۆرەی خۆی بۆی ئەڕوانێ" نەک مەفهومە کۆنەکەی لای نەوەی شاخ کە ئازادی بریتیە لە "دەربڕینی بیروڕا بە ئازادی"!

 

ئەگەر ئەو  دەرهاویشتە پەنگخوراوەی ساڵی 1991 وەرگرین ئەوا ئەبینین لێکچوونێکی زۆری لە شۆڕش تیایە، چونکوم شۆڕش هەمیشە سێ قۆناغە،  قۆناغی ئامادەکاری، قۆناغی ڕاپەڕین و قۆناغی دوای شۆڕش، کە ئێمە لە قۆناغ و یەکەم و دووەما سەرکەوتووبووین، بەڵام لە قۆناغی سێیەما شکستمان خورادووە، کە ئەمەش خاڵی لێچووە بە بەراورد بە زۆربەی ئەو شۆڕشانەی لە جیهاندا ڕوویانداوە.

 

ئەگەر باس لە گەورەترین دەستکەوتی ڕاپەڕینەکانی ساڵی 1991 بکرێت ئەوا یەک ڕیزی هەموو خەڵک و هەموو حیزبەکان لە یەک سات و بۆ یەک ئامانج دیاترین خاڵێکە، کە بەدەست هاتبێت ئەگەرچی درێژەشی نەکێشاو حیزبەکان بوون بە هۆکاری لێکترازانەوەی ئەو یەکڕیزیە، ئاخر کەمن ئەو ساتە مێژووانەی کە کورد تیایا یەک و یەکگرتوو بووبێ.

هەرچیەکی ناوبنرێ  و هەرچۆنێک لێکدانەوەی بۆ بکرێ ئەوەی لە ساڵی 1991دا ڕوویا گۆڕانکاریەک گەورەو سەردەمی دەستپێکی قۆناغێکی هیوابەخش بوو، ئەگەرچی نەوەکانی دوای ڕاپەڕین هەندێک جار بۆچوونێکی تریشیان هەبێ، کە ئەوەش بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە لەسەردەمی دەسەڵاتی حوکمی بەعپا نەژیاون و وێرانکردنی 5000 گوندو 18000 ئەنفال و خاپوورکردنی شاخ و دۆڵ و لادێکان و کیمیای باران و خنکاندنی شارێکیان بەچاو نەدیووە، ڕێش و لەبەرک کردنی جلی ڕەش و کۆڕو کۆبوونەوەیان لێ قەدەغە نەکراوە.

 

شۆڕش باشترین کاڵایە بۆ بازرگانی کردن و شۆڕشگێڕەکانیش باشترین بازرگانن لە کۆتاییا، شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە باشترین پێناسەیا حەزێکی خودە بۆ گەشتن بەدەسەڵاتێکی بێ کۆتای باوان بۆ وەچەکانی.

175 جار خوێندراوەتەوە