لە دنیای دیموکراسیدا، یەکێک لە پایە گرنگەکانی بەرەوپێشچون و
گەشەسەندنی وڵات ھاتنە پێشەوەو بەشداریکردنی ئافرەتانە لە کایە سیاسی و
کۆمەڵایەتییەکاندا، بە تایبەت دەرکەوتنی ئافرەتان وەک فیگەرێکی کاراو بڕیاربەدەست
لە ناوەندە باڵاکاندا.
لە ھەرێمی کوردستاندا
بەھۆی رەنگدانەوەی زیاتری مەرکەزیەت و دابەشنەبوونی بە کردەوەی دەسەڵاتەکانی پایتەخت لەگەڵ
دامەزراوەو ئەنجومەنە خۆجێیەکاندا، بەشدارییەکی کاراو بەردەوامی ئافرەتان بە
تەواوی بەرچاوناکەوێت، كه لەلایەکەوە ھەم بارودۆخە ئیدارییە مەرکەزیەتەکە ھاوکار
نابێت بۆ ھاتنە پێشەوەی ئافرەتان و لە لایەکی تریشەوە بارودۆخی کۆمەڵایەتی دەبێتە
ھۆی ئەوەی کە گەیشتنی ئافرەتان بە پەرلەمان و دامەزراوە نیشتمانیەکان گران بێت، بە
جۆرێک ئەگەر ئافرەتان بەهۆی سیستمی کۆتا یاخود توانای خۆیانەوە بگەنە
ئەنجومەنەکانیش بەڵام هێشتا رێگرییەکان هێندە زۆرن کە نەتوانن وەک پێویست
نوێنەرایەتی راستەقینە بکەن.
لە بەرامبەردا
ڕێکخراو و دامەزراوە دیموکراسی و خۆجێیەکان دەرفەتی ھاتنە پێشەوەی ئافرەتان زیاتر
دەکەن ھەم لە رووی ئاسانکاری ئیداری و بەشداری کارایان، ھەم لە رووی بوون و
ڕەچاوکردنی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی ئافرەتان لە ناو خێزاندا کە بە لایەنی زۆرەوە
دەتوانن کارا و گۆڕانکار بن و بەردەوام بن زیاتر لەو کەسانەی کە خاوەن نفوزێکی
سیاسین.
لە دنیای ئەمڕۆدا
دامەزراوە دیموکراسی و خۆجێییەکان ئاسانکار و ھەمە دەرفەت دەبن بۆ ھاتنە پێشەوەی
ھاوڵاتیان لە نێویشیاندا ئافرەتان، چونکە ئەو گۆڕانکاری و کاریگەرییەی ئافرەتان
دەتوانن لە ڕێگەی ڕێکخراو و ئەنجومەنە خۆجێیەکانەوە دروستی بکەن زۆر زیاترەو
رەنگدانەوەی زیاترە لەو ئافرەتانەی کە لە نێو پەرلەمان و حزب و دامەزراوە
نیشتمانیەکان کاردەکەن، چونکە لە دامەزراوە خۆجێیەکاندا ئافرەتان باشتر دەتوانن
کارەکانیان ڕایی بکەن و نوێنەرایەتی ناوچەکانیان بکەن بەهۆی نزیکیان لە شوێنی
نیشتەجێبوون و ئاگاداربوون لە کێشە و کەموکورتییەکانی ناوچەکە.
لێرەدا لایەنی کردەیی بۆ ئەم پرسە
دەکرێت خۆی ببینێتەوە لەوەی کە ئافرەتان بتوانن لە ڕێگەی دامەزراوە ئیدارییە
خۆجێیەکانی خۆیانەوە بەشداربن و بێنە پێشەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە گوندو ناحیە و
قەزاو پارێزگاکان، کە بێگومان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ھاوڵاتیانەوە یان لە لایەن
ئەنجومەنە ھەڵبژێردراوە خۆجێیەکانەوە دەسەڵات وەربگرن و لە بەردەم ئەواندا
بەرپرسیار بن.
لێرەوە دەگەینە
ئەو ئەنجامەی کە لە رێگەی چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئٔیداری و داراییەوە دەتوانرێت ئەنجومەنە خۆجێی و دامەزراوەو رێکخراوە
دیموکراسییەکان بکرێنە دەرفەت و میکانیزمێکی گونجاو بۆ ھاتنە پێشەوەو گەشەپێدانی
ئافرەتانی خاوەن روئیا و بەشداری پێکردنی کارایان لە ناوەندە باڵاکانی پارت و حزب
وحکومەت و دامەزراوە نیشتمانییەکان، کە ئەمەش هاندانێک دەبێت بۆ ئەوەی ئافرەتان بە
مافی خۆیان بگەنە ناوەندەکانی بڕیاردان و لە قۆناغێکی نزیکدا پێویستمان بە سیستمی
کۆتای ئافرەتان نەمێنێت یاخود رێژەکەی کەمبکرێتەوە و ئٔافرەتانمان بتوانن ھاوشانی
پیاوان خاوەن بڕیاربن لە ناوەندە باڵاکانی حیزب و حکومەتدا.
967 جار خوێندراوەتەوە