گەڕانەوە بۆ پێگەی ڕاستەقینەی هاوسەنگی سیاسی

گەڕانەوە بۆ پێگەی ڕاستەقینەی هاوسەنگی سیاسی

نووسینی: پەری ئەحمەد :ئەڵمانیا
لە سیاسەتدا، هێزە زیندووەکان بە قەبارەی کورسییەکانیان ناپێورێن، بەڵکو بەو قورساییە ستراتیژی و دیدگا نیشتمانییە دەپێورێن کە لە ساتەوەختە چارەنووسسازەکاندا پێشکەشی دەکەن. سەردانی ئەم دواییەی شاندی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەغدا و ئەو پێشوازییە گەرمەی لە لایەن سەرکردە باڵاکانی عێراق و نوێنەرانی کوردەوە لێیان کراوە، سەلمێنەری ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە: گۆڕان هێشتا وەک هێزێکی خاوەن متمانە و گوێلێگیراو لە هاوکێشەکاندا دەبینرێت.
پەیامەکەی دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە، وەکو ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێی "خۆڕێکخستنەوە و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوبوو. پاش تێپەڕاندنی قۆناغێکی سەخت و پڕ لە ئاڵێنگاری، گۆڕان نیشانیدا کە زیندوێتی سیاسیی خۆی لەدەست نەداوە. پێگەی گۆڕان لە بەغدا، دەتوانێت ببێتە ئەو پردە هاوسەنگەی کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان لە ناوەندە ئیتحادییەکاندا بپارێزێت، بەو مەرجەی وەک خۆی ئاماژەی پێدا: زیاتر لە جاران بە یەکگرتوویی و پێکەوەیی کار بکەین.

کۆبوونەوەکانی بەغدا، ئاماژەیەکی ڕوون بوون بۆ ئەوەی کە دەنگی ڕەسەنی گۆڕانکاری، هێشتا لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکاندا جێگەی بایەخ و تێڕامانە.
ئەمڕۆ، گۆڕانخوازان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدان. قۆناغی داهاتوو پێویستی بە گوتارێکی یەکگرتوو، بەرپرسیارانە و نزیک لە داخوازییەکانی خەڵک هەیە. خۆڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و گەڕانەوە بۆ ناو جەماوەر، تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی گۆڕان لانی کەم لە ئاست چاوەڕوانی ئەو خەڵکەدا بێت کە ساڵانێکە بڕوایان بە چەمکی گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە.
زیندوێتی لە بەغداوە دەستی پێکردووە، بەڵام سەرکەوتنی  ڕاستەقینە لە ناوخۆی ماڵی گۆڕاندا و لەسەر سندوقەکانی دەنگدان مۆر دەکرێت.

113 جار خوێندراوەتەوە