ئایە مووچەی سەرجەم مانگەکانی ئەمساڵی ( ٢٠٢٦ ) ی موچەخۆرانی هەرێم خەرجدەکرێت ؟
فرسەت عومەر
چەند ڕۆژێک بەرلەئێستا وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ( ٢٠٢٧ ) لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەڕلەمانی عێراق دەکرێت بۆ پەسەندکردن ،
کەواتە حکومەتی عێراق بۆ ساڵی ( ٢٠٢٦ ) یاسای بودجەی نابێت و کاربە یاسای ( کارگێڕی دارایی ) دەکات و بەشێوەی ( ١/١٢ ) مووچە خەرجدەکرێت ، لەبەرئەوەی یاسای بەرکار پشتبە یاسایی بودجە بۆ ساڵی ( ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ ، ٢٠٢٥ )دەبەستێت و لەم یاسایەشدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەگەرچی لەچوارچێوەی بڕگەی خەرجی ڕاستەقینە ( انفاق الفعلية ) دانراوە
بەڵام خۆشبەختانە دادگای باڵای فیدرالی لە مانگی شوباتی ٢٠٢٤ لە پەراوێزی بڕیارێکدا ڕایگەیاند کە وەستاندن و نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێچەوانەی ماددەی ( ٣٠ )ی دەستووری عێراقە
پاڵپشت بەم بڕیارەی سەرەوەی دادگای فیدرالی ئەنجومەنی وەزیرانی عێڕاق ڕۆژی ٢٠٢٥/٧/١٧ لەکۆبونەوەی خۆیدا بڕیاری ( ٥٥٠ ) ی دەرکرد کە ناوەڕۆکەکەی بریتیبولەوەی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر وەرگرتنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێ ڕۆژانە ( ٢٣٠ ) دوسەد و سی هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەبکات و مانگانە لیستی موچەو ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوە و بڕی پەنجا لەسەدی داهاتی نانەوتی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات.
پشکی هەرێم لەیاسای بودجەی ئەم سێ ساڵەدا بە ڕێژەی ٦٧٪١٢ دیاریکراوە ، هەمان ئەم ڕێژەیەش لە خەرجی ڕاستەقینە دیاریکراوە
ئەمەش وایکردوە کە بەتێکڕایی پارەی تەرخانکراو کەمتربێ لە بڕی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی تەواوی مانگەکانی ساڵ
بۆیە ئەگەر بڕوانینە دۆخی دابەشکردنی مووچە لە سێ ساڵی ڕابردوودا لەهەرێمی کوردستان
ئەوا لە ساڵی ٢٠٢٣ سێ مووچە دابەشنەکرا
لە ساڵی ٢٠٢٤ مووچەی مانگی ١٢ دابەشنەکرا
لەساڵی ٢٠٢٥یش مووچەی دوو مانگی کۆتایی ساڵ دابەشنەکرا ئەمەش بەهۆی تەفسیری هەڵە بۆ بڕیارەکان و لێکتێنەگەیشتنی هەردوو حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم و پابەندنەبون بە بڕیارو ڕێککەوتنەکان .
بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم و ناوەند ئەم هەنگاوانە بنێن
یەکەم / هەردوو لا پابەندبن بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدرالی بڕیار و ڕێککەوتنەکانی نێوانیان .
دووەم / پێویستە لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بە هەماهەنگی وەزیرە کوردەکان لە حکومەتی مەرکەزی و بە هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوهەڵوێستی هەوڵ و تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە ڕەشنوسی پڕۆژە بوجەی ساڵی ( ٢٠٢٧ ) مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە دەرەوەی بڕگەی خەرجی ڕاستەقینە ( انفاق الفعلية ) و نەبەسترێتەوە بەهیچ بڕگەو ماددەیەکی لەم شێوەیە ، تاکو مووچەی تەواوی مانگەکانی ساڵ بۆ فەرمانبەران بێ کێشە دابینبکرێ .
166 جار خوێندراوەتەوە